"بەهار"ی پەرلەمان پایزی مافە‌

30/06/2018

نیاز عەبدوڵڵا

ناسەقامگیری سیاسی و بەركارنەبوونی یاساكانی هەرێم لەگەڵ بۆشایی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتەكان و بەرەنگارنەبوونەوەی ریشەیی گەندەڵی، كۆ نەبوونی بڕوای راستەقینە بە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و نەبوونی بوێری بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزای لە سێدارەدان، بۆتە هۆی ئەوەی بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارانیان باكیان بە چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی نەبێت لە ناو یاسا تازە پەسندكراوەكان. بە ئامانجی تێپەڕاندنی یاساكانیش چاوپۆشیبكەن لە مافی ژیان و بەرفراوانكردنی ئازادییەكان و داڕشتنی ئەو یاسایانەی زامنی بەرهەمهێنانەوەی تاوان و تۆقاندن ناكەن.

دابڕانی پەرلەمانتار لە ژیانی گشتی
رۆژی 26ی حوزەیران دانیشتنی ژمارە 1ی "خولی بەهارە" بۆ ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو، تیایدا لە كۆی 111 پەرلەمانتار تەنیا 73 كەسیان ئامادەبوون، 27 یان مۆڵەتیان هەبوو و ئەوانی تریش ئامادەنەبوون. هۆڵی پەرلەمان‌ بە بایكۆتكردنی فراكسیۆنی یەكگرتوو چۆڵتر بوو، تا ئەو راددەیەی رێژەی یاسایی بە چوونە دەرەوەی دوو پەرلەمانتار دەگۆڕا. پێشتر پەرلەمانتاران لە راگەیاندنەكانەوە رەخنەیان لە دواكەوتنی گرێدانی "خولی بەهارە"ی‌ پەرلەمانی كوردستان دەگرت‌، بەڵام بەم جۆر و رێژەی ئامادەبوونە دەستیان به یەكەم ‌دانیشتن و گفتوگۆی پەرلەمان كردەوە‌. 

ئەو یاسایانەی لەو رۆژەدا خوێندنەوەیان بۆ كرا و پەسندكران، راستەوخۆ پەیوەندییان بە مامەڵەی نێوان حكومەت و پەرلەمان و، مافی تاك و گشتی هاووڵاتیان و سەلامەتی ژیانیان هەبوو لە بڕیارەكانی داهاتووی دادگاكان و بەدیهێنانی دادپەروەری. 

پەرلەمانتار كاتێك ناتوانێت لە قۆناغی كارابوونی دەسەڵاتەكانی تێگەیشتنی بۆ پێداویستی ژیانی گشتی و چۆنییەتی بەرگریكردن لەمافەكانیان هەبێت، ئەستەمە بتوانێت بە دروستی مافەكانی ژیانی خۆی لە قۆناغی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكانی وێنا بكات وەك هاووڵاتی ئاسایی، بۆیە لەو كاتەدا بەبێ تێگەیشتن و بژاردەی راست دەبێتە داڕێژەری یاساكان، وەك ئەوەی خۆی لە داهاتوودا ئەگەری ئەوەی نەبێت یاساكانی بەسەردا بچەسپێت لە چەشنی سزای لە سێدارەدان لە هەرێمێكدا كە دادگاكان و یاساكان هێشتا گەمەی سییاسییان پێدەكرێت.


"خولی بەهارە"ی پەرلەمان خولی ئیعدامە
یەكەم: یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ:
لە ماددەی 8ی "یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ" سزای "اعدام" وەك ئەوەی لە دەقی یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012ی عێراقی فیدڕاڵ دا هاتبوو چەسپا.

دەستخۆشیم بۆ هەوڵی پەرلەمانتاران هەیە بە ئامانجی بوونی ئەم یاسا پێویستە‌ لە هەرێم‌، بەڵام پێویستی یاساكە نابێت لەسەر بنەمای پێشێلكردنی بنەڕەتیتیرین مافی مرۆڤ بێت كە مافی ژیانە و سزای لە سێدارەدانیش قورسترین سزای نامرۆیی سەپێندراوە. 

سزای لە سێدارەدان لەناو یاساكە لە كاتێكدا چەسپا،‌ لە ساڵانی رابردوو چەندین جار لە لایەن داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژمارەیەك پەرلەمانتار، جەخت لەسەر پێویستی بوونی یاساكە كراوەتەوە و، لە سەرەتای خولی چوارەمەوە وەك پرۆژە یاسا‌ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوه و دەرفەت هەبووە بۆ گۆڕانكاری پێویست تیایدا، بەڵام نەكرا‌.

گرووپەكانی بردنە دەرەوەی پەنابەران بە قاچاغ كە مەرجەكانی گرووپەكانی بارزگانیكردن بە مرۆڤیان بەسەردا دەچەسپێت لەگەڵ وردەكاری دیكەی پەیوەندیدار بە بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی جەستە و كاری زۆرملێ و بازرگانی بە جەستە لە یاساكەدا به روونی شوێنیان نەكراوەتەوە، بەبێ رەچاوكردنی هەلومەرج و تایبەتمەندی هەرێم كۆی یاساكە بە دەق وەك خۆی پەسندكرا.

بۆشایی ئامادەیی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەستەی مافەكانی مرۆڤ بە روونی رەنگیداوەتەوە، بە راددەیەك تا ئاستی بێباكی هیچ فشار و پێشنیارێكی بەرجەستە نەبیندرا بۆ شەرمەزاركردنی دانانی سزای لەم جۆرە. بۆیە لە بری كاركردن بۆ وەستاندنی یەكجاری سزای لە سێدارەدان لە ناو یاساكان و لە بڕیاری دادگاكان و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكان لەسەر سزادراوان، لە دەروازەیەكی ترەوە سزای لە سێدارەدان هاتەوە ناو یاسایەكی دیكەی هەرێمی كوردستان. بەبێ ئەوەی یەك پەرلەمانتار دەنگی نەخێر دژ بە سزای لە سێدارەدان بەرزبكاتەوە، لە كاتێكدا زۆرینەی پەرلەمانتاران بانگەشەی رێزگرتن لە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ دەكەن. 

دووەم: پرۆژە یاسای بەنگاربوونەوەی تیرۆر:
لە "پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ژمارە 3ی ساڵی 2006ی هەرێمی كوردستان" كە لە هەمان دانیشتندا سپێردرا بە لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان و بڕیارە لە داهاتوو گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت. بە دەق لە ماددەی 2ی پرۆژەكە وشەی سزای "لەناوبردن" هاتووە، ئەم وشە لاستیكییە سزاییە دەرفەت دەدات بە شێوازەكانی تری كوشتن و لەناوبردنی مرۆڤ.

هاوكات لە پرۆژە یاسا پێشنیاركراوەكە لە رێگای زیادكردنی دوو بڕگە، دەروازە بۆ سانسۆركردنی خەباتی سیاسی و ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانی كراوەتەوە. 

نموونەی یەكەم:‌ لە بڕگەی 10ی ماددەی 2 دا هاتووە ئەگەر كەسێك "بە پەرتكردنی یەكێتی خاكی هەرێمی كوردستان" تاوانبار بێت سزای "لەناوبردن یان زیندانی هەتاهەتایی" دەیگرێتەوە. دانانی ئەم بڕگەیە بە روونی گوزارشت لە ئەنجامی ناكۆكی سیاسی و سەربازی دەكات، لاستیكی بوونی بڕگەكە وا دەكات لە هەر سەردەمێكدا بۆ مەرامی سەركوتكاری سیاسی و رۆژنامەوانی بەكاربهێندرێت و دۆسیەكانیش بە تیرۆرەوە گرێبدرێن. لە چەشنی قۆناغی ریفراندۆمی "سەربەخۆیی" هەرێمی كوردستان، ئەوكاتەی هەر نووسەرێك یان رۆژنامەوانێك دیدگای جیاوازیی هەبوایه،‌ لە لایەن خاوەنەكانی پرۆژەی ریفراندۆم بە خیانەتی نیشتیمانی تۆمەتباردەكرا.

نموونەی دووەم: لە بڕگەی 4ی ماددەی 4 دا هاتووە "دەستەواژەی بە پاڵنەری كاری تیرۆر و لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەنووسی و مافی رادەربڕین دەربچێت" بۆ بڕگەكە زیاد كراوە و كەسی تاوانبار‌ بە 15 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت. ئەم بڕگەیە دەرفەت دەدات، لەبری دادگاییكردنی رۆژنامەوان بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامەوانی بە‌ هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزا بدرێت. 

وەك چۆن سزای ئیعدام لە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ" چەسپا، مەترسی راستەقینە هەیە سزای "لەناوبردن" و بڕگە سزاییە لاستیكییەكانی تریش لەناو بێباكی و نەبوونی بوێری دەنگی نەخێر لە هەمواری یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بچەسپێت.

پێویستە رۆژنامەوانان و بەرگریكاران لە ئازادی رۆژنامەوانی و مافەكانی مرۆڤ، بە فشاركردنە سەر پەرلەمانی كوردستان رێگا لە دەرچوونی یاساكە بگرن بەو چەشنە هەموارە پەسند بكرێت، لە كاتێكدا لە ساڵی 2006 ەوە رەخنەی جددی لەسەر ناوەڕۆكی یاسای تیرۆر هەیە.

پێویستە كاری بەكۆمەڵ بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی تر كە سزای لە سێدارەدان لە خۆ دەگرن، بەو ئامانجەی یاساكان بەناوی بەدیهێنانی دادپەروەری تاوان و سەركوتكاری بەرهەمنەهێننەوە. 

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی