تەكنەلۆجیای لەعنەتی!

11/07/2018

سەروەر عەبدولرەحمان

ئەمرۆ ئێوارە بژاردنەوەی دەنگەكان لە سلێمانی تەواو بوو، وەك چاودێرێك بەچاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تێبینیمان كرد لە ئەنجامەكاندا هیچ كام لە سندوقەكان ئەنجامی بژاردنەوەی دەستیان لەگەڵ بژاردنەوەی ئەلیكترۆنی لێك نەدەچوو، هەر هەموو سندوقەكان جیاوازییان هەبوو، حزب هەبوو دەنگی زۆری لێ كەمكرابوویەوەو هەشبوو زۆری بۆ زیادكرابوو، هەمووشی خەتای ئەو تەكنەلۆجیا لەعنەتیە بووە كە بۆ ناشیرین كردنی ئەزموونە بێ وێنەكەمان هەر لەخۆیەوە زیادی كردووە، ئەگینا (پێم)وانیە ئەو حیزبە شۆڕشگێڕ و دیموكراسخوازانەی ئێمە گزی و ساختە لەیەكتری بكەن!

هەر بۆ زانیاری زیاتر ئەوەی ئەمرۆ بژاردرایەوە تەنها سامپلێك بوو لە گشت، واتە تنۆكێك لە دەریایەك! كۆی (188) سندوق بوو، هێشتا (12) دانەیان لە بەغدان و جیا نەكراونەتەوە، ئینجا (56) سندوقیش قردێلەی سوریان لێدرا كە رووی مەجلیسیان نەبوو و حاشا ی حزورتان ناكرێت باسیان بكەین! كە ئەمانەش دەكاتە رێژەی (32%)ی سندوقەكان!

ئێستاش لەوەیە دادوەرە بەڕێزەكانی دادگای عیراقی هەرچی كۆمپیوتەر و ئامێری سەخیفی كۆمسیۆن هەیە سزایان بدەن و بیانشكێنن لەهەمبەر ئەو گزییەی كردوویانە!

خۆ ئەگەر هەموو سندوقەكان بژمێردرایانەوە ئەوە سەرلەبەری ئەنجامەكانی دەگۆڕی و ئەوكاتە هەرچی كۆمپیوتەر و لاپتۆپە شەخسیەكانیشمان هەیە بەهۆی تاوانی تەكنەلۆجیاوە دەبوایە سزا بدرێن و زیندانی بكرێن چونكە لەوەیە پورزا و خالۆزای كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی كۆمسیۆن ببنەوە! 

لەعنەت لەو تەكنەلۆجیا نەفرەتیە بدات كە چۆن ئەو حزبە پاك و بێگەرد و تێكۆشەر و دیموكراتخوازانەی خەجاڵەت كرد!

كەس دڵی خۆش نەكات ئەوە واقیعی هەلبژاردنەكەی سەرتاپای عیراقە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان، ئەوەی بشلێت وانیە بەشێكە لەو كۆمپیوتەرانە، جا نازانم سپیكەرە یا ماوسەكەی!

سەروەر عەبدولرەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی