لەبارەی قاسملۆوە گەڕان بەدوای گۆڕ غەریبدا

13/07/2018

سالار مەحمود

 

لە گۆڕستانی ناوەندی پاریس. لەناو هەزاران کێل و پەیکەری ناو قەبرساندا پاش سۆراخێکی زۆر چوینە سەر گۆڕی سەرکردەو دیبلۆماتکاری کوردو کوردستان د قاسملۆ. وێنە ناسراوەکەی کەلەسەر کێلی سەرووی قەبرەکەیەوە نەخشێنراوە هەر لە دوورەوە خورپەی گەیاندە دڵ و سەرنجی را دەکێشا. پیاوێکی کەڵەگەتی خاکی پۆشی پشتوێن توندی جامانە لەسەر، هەردوو دەستی ئاڵاندوە بەسنگیا و بزەیەکی کردوە. لە کێلی خوارووی گۆڕەکەدا بەکوردی نوسراوە( کە من مردم، کورد نامرێ.). دوای تێڕامانێکی زۆر و بێدەنگیەکی قوڵ لە سەر گۆڕەکەی بەدەوروبەردا چاوێکم گێڕاو کەوتمە بیرکردنەوەوە، کورد چ قەدەرێکی هەیە لە مێژوودا؟! دوای نزیکەی سی ساڵ لە تیرۆرکردنی هێشتا نە نەتەوەو نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تیرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرت. نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، غەدری شەهید کردنەکەشی لەناوخۆدا نە بووە مایەی یەکڕیزیی و پارێزگارییکردنی زیاتر لە پەیام و کردە دیبلۆماسیەکانی ئەو ڕێبەرە. پاش چوار رۆژ لە چونە سەر گۆڕەکەی چاوم بەیەکێک لە هاوڕێکانی قاسملۆ کەوت لە برۆکسل، لە چەند وێستگەیەکی گرنگی خەباتی شاخ و زۆرتریش لە دەرەوە پێکەوە بوونە. ئەو پێی وابوو (قاسملۆ رێبەرێکی دیبلۆماتکاری دەگمەنی کورد بووە، چەندین زمانی بیانی زانیوە بڕوا هێنەرێکی کاریگەر بووە لە گفتوگۆ سیاسیەکانیدا. تۆڕێکی گرنگ پەیوەندی لە ئەوروپا دروستکردبوو. کەمتر بایەخی بە ئۆرگان و کاری رێکخستنی حزب دەدا، خاوەن کەسایەتیەکی زۆر سادەو خاکیی بووە ئەوەش هێزی پێ دەبەخشی). بەگشتی بۆ ناسینی کتێبی کوردو کوردستان و گوتارە بەردەستەکانی بەشێکی گرنگ لەتواناو رەوتی ژیانی ئەو دەردەخەن. بە بۆچوونی خۆشم مام جەلال و قاسملۆ لە دوو گرنگترین سەرکردەی دیبلۆماتکاری کوردن کە زۆر شارەزاییان لە کاری دیبلۆماسیدا هەبووەو، جێدەستیان لەم مەیدانی خەباتەدا دیارە. کاری پێکەوەیییان کردوە. لە کاتی تیرۆرکردنی قاسملۆدا، مام جەلال لە ناو خاکی ئێرانەوە ئیدانەی تیرۆرکردنەکەی کردو بەرپرسیارێتی خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران، هەڵوێستی مام جەلال بۆ ئەو دەمە گرنگ و کاریگەریش بوو. ئێستا لەم جۆرە هەڵوێستە نیشتمانیانە دەگمەن بوون! یان هەر نەماون!. قاسملۆ لە ڤیەنا تیرۆر کراو لەپاریس نێژرا، بەدوای ئەودا شەرەفکەندی لەبەرلین تیرۆرکرا. پایتەختەکانی ئەوروپای بەناو مافی مرۆڤ پڕن لەچیرۆکی تاوان، سەر زەمین پڕە لە تاوان دەرهەق بە کوردو، کورد خۆشی پڕە لە غەدر لەخۆکردن! پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کەی قاسملۆ دەگەڕێنرێتەوە زێدی خۆی؟ بە چ چەشنێ؟ حەتمیەتی مێژووە بە دڵنییاییەوە هەر دێتەوە. د قاسملۆ هەر گۆڕ غەریبە گەرچی لەناو دڵی پاریسیش نێژرابێ.

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی