هەڵبژاردن چی لەژیانمان ئەگۆرێت!

16/07/2018

كه‌مال ره‌ئوف

وابریارە لەم چەند رۆژەدا ریزبەندی هێزە بەشداربووەكانی هەڵژاردنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنرێت، بەڵگە نەویستە پرۆسەی هەڵبژاردن لەكوردستان ئەوەندە عەیبارو ناشرین كراوە، كەس ناتونێت شانازی پێوە بكات، بەوانەشەوە كە خۆیان بەبراوەی گەمەكە ئەزانن. 

ئەگەر سیحری دیموكراتییەتی درۆینە لەگۆرینی دەموچاوەكان كورت بكرێتەوە، ئەوا لەكوردستان هەڵبژاردن نەیتوانیوە ئەو ئەركەش جێبجێبكات، بۆیە هەڵپەساردنی خەونەكانی گۆڕانكاری بەهەڵبژاردنی لەم جۆرەی كوردستان جگە لەخۆخەڵەتاندن هیچی تری لێبەرهەم نایەت. 

ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی باشووری عێراق تادێت زیاد دەكات هەق نییە كەسیش دڵی خۆی بەوە خۆشكات بەزەبری هێز دادەمركێنرێتەوە، چونكە ئەوكاتە نارەزایەتییەكان كۆتییان دێت، كە لایەنی كەمی خواستەكانی خەڵك بێتەدی، كوردستان نمونەیەكی زیندوە بۆ ئەوان گەر بییانەوێت سودی لێوەربگرن، بۆ دەسەڵاتی كوردستانیش گرنگە سود لەپشێویەكانی ئەوشارانە وەرگرێت و هەنگاو بەهەنگاو ئەو كارانە بكات كە قابیلی كردنن و "پارەی تێناچێت" یەكەم بۆ نیشندانی نیاز پاكی پێویستە پەلەبكات لەپاكسازی كردنی لیستی هەڵبژاردن، هەنگاوی تریش لەبەدەنگەوە هاتنی خەڵك بێت و چیتر هەڵبژاردن وەك گەمەیەكی گێلكردنی خەڵك بەكار نەهێنێت و لەوە زیاتر نەبنە هۆكاری بێئومێدكردنی خەڵك. 

سوتاندنی ئۆفیس و بارەگای لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن پێش هەرشوێنێكی تر، دەرسێكی گرنگی بۆ دەسەڵاتدارانی كوردستان تێدایە، ئەوە نیشاندەری ئەو راستییەیە، كە خەڵك ئەوان بەبرپرسیاری دۆخەكە دەزانن، هەروەها بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بایكۆت نەكرێت لەلایەن خاڵك و لایەنە نارازییەكانەوە، بۆ ئەوەی پێوست بەكوژانەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكات، بۆ ئەوەی پێویست بەوەنەكات سبەینێ كەس تۆمەتبار بكەن بەسیخور، بۆ ئەوەی ئەوەی بیناكراوە نەسوتێت، بۆ ئەوەی نەچینەوە چوارگۆشەی یەكەمی شەری ناوخۆ، ئەركی دەسەڵاتە تا بڕیار لەدەست خۆیاناماوە بەدەم دۆخەكەوە بچێت تا هەموشتێك لەدەست نەچووە.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی