نەوت و ڕۆشنبیری و هونەر..

20/07/2018

بابەكر دڕەیی

ڕەنگە لاتان سەیربێ گەر بەڕێوەبەری گشتی چەند پارێزگایەک ، باس لە پەیوەندی "نەوت" و ڕۆشنبیری و هونەر بکات..

لە ڕاستیا و بە حوکمی ئەو ئەرکەی خراوەتە سەر شانی ئێمە لە لایەن حزبەکانمانەوە بەوەی کاندیدیان کردین بۆ پۆستی حکومی لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری چواردە شارو قەزای گەورەی سلێمانی و کەرکوک و ڕاپەڕین(پێشتر هەڵەبجەش) زۆر پێویستە دوای ئەزمونێکی چەن ساڵی، گەر لە ڕێی فیسبوکیشەوە بێت ، ڕایەکی خێرا سەبارەت بە پەیوەندی نەگریسی نێوان نەوت و ڕۆشنبیری و هونەر بخەینە ڕوو.

دیارە ئێمە پێشتر و لە چەندین بۆنەی تردا باسمان لە نەوت وکێشە زۆرەکانی بۆ سەر وڵاتانی خۆرهەڵات کردوە ، بەڵام قسەی ئەم پۆستە جیاوازە چونکە لە ئەزمونی مەیدانی چەند ساڵەی خۆمەوە هەڵقوڵاوە.. بە کورتی:

یەک: نەوت لە کوردستان لە لایەن حکومەتەوە دەرئەهێنرێ و ئەفرۆشرێ

دو: فرۆشتنی ئەم نەوتە بە پێی سیاسەتی یەکێتی و پارتی بەڕێوە ئەچێت کە دو حزبی دەسەڵاتدارن و هاوبەشن لە هەمو شتێکا و ڕێنادەن حزبەکانی تر ڕەئی و بڕیاریان هەبێ لەو مەسەلەیەدا،

سێ: سیاسەتی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ۱۹۹۱ بەدواوە بریتی بوە لە کۆکردنەوەی جەماوەر دژبە یەکتری و لەو پێودانگەدا کڕینی وەلائاتی هەمو کەس بە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیشەوە،
چوار: سیاسەتی کڕینی وەلائات یاخود کڕینی بێدەنگی خەڵک بە گشتی و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بە تایبەتی ئەوەی لێکەوتۆتەوە کە هەزاران کەسی ئەم وڵاتە بێئەوەی هیچ کارێکی بەسود پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن موچە وەردەگرن و وەک مشەخۆر پاڵیان لێداوەتەوە،

پێنج: سیاسەتی فرۆشتنی نەوت و کڕینی هونەرمەندان و ڕۆشبیران کۆڵەکەیەکی بناغەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بە داخێکی زۆرەوە بۆتە هۆکاری کەمبونەوەی داهێنان و کاری هونەری بەسود و ڕەسەن،

شەش: هەوڵدانی وەزارەتەکان بە گشتی و وزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر ناگاتە هیچ ئامانجێکی دیاریکراو تا ئەو کاتەی حزبەکانی ینک و پدک دەس لەو لەشکرە هونەرمەندو ڕۆشنبیڕە هەڵنەگرن کە موچەی نەوت وەرئەگرن و هیچ (موتڵەقەن هیچ) خزمەتێ پێشکەش بە کۆمەڵگا و حکومەت ناکەن..

حەوت: نەوت لە زۆر وڵاتی جیهاندا بە هۆی نەشارەزایی حوکمڕانەکانیەوە کارەساتی بەرهەمهێناوە.. کوردستان جێگەیەکی نمونەییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە داهاتی میللی ونەتەوەیی ئەدرێ بە کەسانێ کە جگە لە دەنگدان بە حزبێک یان بێدەنگبون لە عەیبەکانی حزبێک هیچ فەلسەفەیەکیان نیەو، ئەم کاسبیەش بۆتە هۆی درێژبونەوەی تەپلۆسی و بێبەرهەمی هونەرمەندان و مانەوەی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە عەقڵیان بە شێوازی بەرهەمهێنانی هونەرو ڕۆشنبیری ناشکێ و تەنها گرفتی ژیانیان مانەۆەی خۆیانە..

هەشت: لە یادی حەسەن زیرەک ی ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی سەرباری هەبونی سەدان هونەرمەندی موچەخۆر ئێمە ناچاربوین لە دەرەوەی موچەخۆرانی حکومەت هونەرمەندی سەربەخۆ بانگهێشت بکەین بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی و موزیک...هەروەها بۆ ڕۆژی کردنەوەی شانۆی ڕۆمانی دیسان ئێمە پەنامان بردوە بۆ کەسانی دەرەوەی فەرمانگەکانی حکومەت چونکە کارمەند-- هونەرمەند پێویستی بە کەس نیە هونەر پێشکەش بکات و ئەو بە ڕەسمی موچەی بەرماوەی نەوت وەردەگرێ و منەتی بە هیچ کەس نیە بۆ بەڕێخستنی ژیان و گوزەرانی ...

فریاکەون.. نەوت نەک هەر موراڵ و سیاسەتی وێران نەکردوە بەڵکو هونەرو ڕۆشنبیریشی بەرەو هەڵدێر و نەمان ئاژواوە..

کەسێک دەتوانێ مشوری چارەسەری ئەم کارەساتە بخوات کە خۆی لە ژێر هەیمەنەی نەوت و دایناسۆری نەوتا سیاسەت و هەڵسوکەوت نەکات...

فریا نەکەون بە سێسەد ساڵی تریش کەسێکی وەک زیرەک یان ماملێ مان بۆ دروست نابێتەوە..

بابەکر دڕەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی