سیاسەت‌و خۆشخەیاڵی.. فەرید ئەسەسەرد وەهای وت!

30/07/2018

شوان ئەحمەد

پانزە ساڵی تەواو بەر لە ئێستاو لە ژمارە (٣٠٠٨)ی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێی بەرواری (١٠-٣-٢٠٠٣)، فەرید ئەسەسەردی ئەندامی سەركردایەتی (ی.ن.ك)، پێشبینیەكی سیاسی عەنتیكە دەكات و بە پیتی درشت دەنوسێت؛( ئێمە لەو قۆناغە دەرچووین دەسكەوت لە دەست بدەین،ئێمە لە قۆناغێكداین هەمیشە براوەین..بەڵام ئەوەندەی پێمان بكرێت هەوڵدەدەین، قازانجەكانمان زیاتر بێت).

(ئێمە) لەوتارەكەی ناوبراودا مەبەستی كوردە، كوردەكانی باشوری كوردستان..ئەو كوردانەی لەچاو تروكانێكدا ٥١%خاكیان لەدەست داو ، لەبەردەم چەكدارەكانی حەسەن پلایس و قەیس خەزعەلیدا هەڵهاتن.

ئەو كوردانەی لەسایەی سەری ٢٧ ساڵەی حوكمڕانی خۆماڵیانە ، قەرزاری كۆمپانیاكانی دنیان و سواڵی موچە لە بەغدایەكی موفلیس و بێ پارە دەكەن. ئەو كوردانەی لە چاوەڕوانی موچەی دزراو و خاكی داگیركراویان و ڕەنجی بەباچویاندا ، ڕۆژانێكی تاڵ و پڕنەهامەتی و خۆخواردنەوە بەڕێ دەكەن.

هەموو ئەوانەش بەرهەمی دەستی ، كۆمەڵە سیاسەتمەدارێكی فاشیل و نابەرپرسیاری كوردایەتییە. بەڵام سیاسەتمەدارە فاشیل و نابەرپرس و كورتبینەكانی كوردایەتی ، هەر ئەوانەنین كە لە مەكتەبی بەناو سیاسی و سەركورسی وەزارەتەكانی ناو حكومەتن ،بەڵكو ئەوانەشن كە خۆیان وەك تێۆرسین و ئەهلی قەڵەم و بیرمەندی ستراتیژی و داڕێژەری سیاسەتی كوردایەتی دەناسێنن، ئەوانەی قسە لە هەموو شتێك دەكەن وخەرێكی تێۆریزەكردنی ڕوداواكانی دنیان و پاشان دێن و لەژێر تایتڵی پان و پۆری سیسەتدا،جڵەو بۆ خۆشخەیاڵی خۆیان شل دەكەن و بێگوێدانە دەرەنجامەكانی، دەكەونە نوقڵانە لێدان و پێشبینیكردنی داهاتوو.

كڵۆڵی ئەم هەرێمەی ئێمە لەوەدایە كۆمەڵێك كارەكتەری نەخوێندەوار و جامباز و هەلپەرست بەرێوەی دەبەن و سەرەنجامەكەشی ئەوەیە كە ئێستا دەیبینین.

ڕسوابونی سیاسەت وكارەكتەری سیاسی لەكوردستاندا، ئۆباڵەكەی هەر بەئەستۆی ئەوانە نییە كە چاویان كردۆتەوە خەریكی تەقەو سەنگەر لێدان و پەلاماردانی ڕەبییە و كەمین دانان بووون، بەڵكو بەئەستۆی ئەوانەشە كە لافی خوێندەواری لێدەدەن و خۆیان بەقاڵبووی دنیای سیاسەت دەزانن ،كەچی لەپێشبینی كردنی بچوكترین ڕوداودا ،نای پێكن و كۆڵەوارانە لێی دەردەچن.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ، ئەو پێشبینیەی بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵێنەوەی ستراتیژی كوردستان ، بۆ وا لنگەو قوچ بووەوە؟ ئاخر ئەوەپێشبینی سیاسیە، یان خۆش خەیاڵیەكی پەتی ؟

خۆش خەیاڵییەك پێیوایە، قۆناغێك بۆ كوردانی باشور بەڕێوەیە كە تیایدا هەمیشە براوە دەبن و تەنهاشتێكیش بیكەن ئەوەیە هەوڵبدەن ، تا دەكرێت قازانج كەڵەكە بكەن.

كەچی واقعی ئێستا بە زەق و زۆپی پێمان دەڵێت:( هەرێم لە لێواری دۆڕان و غەرق بوون و پوكانەوەدایە). ئیتر كامە قازانج و كامە بردنەوە؟

شوان ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی