بۆچی پێویستە شەڕی نائومێدی بكەین؟

01/08/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

نا ئومێد كردن و نا ئومێدی هۆكاری سەرەكین بۆ درێژە دان بە نادادی و ستەمكاری ، بۆ ئەوەی كۆتایی بە نادادی و ستەمكاری بێت ، یەكەمین كارێك كە پێویستە مرۆڤ هەنگاوی بۆ بناتدروستكردنەوەی ئومێدە ، بڵاوكردنەوەی رەشبینی و دەستە پاچە بوون و تۆوكردنی نائومێدی لە دواجاردا بەو جۆرە دەكەوێتەوە كە مرۆڤ ناتوانێ‌ بونەوەرێكی بگۆڕبێت.

 واتە لە بنەڕەتا نا ئومێدی لە دەست و پێخستنی مرۆڤە، لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا ئەوەندەی كار لە سەر نا ئومێد كردنی مرۆڤی كورد كراوە ، ئەوەندە كار لە سەر ئەوە نەكراوە كە دەكرێت سبەینێ‌ لە ئەمڕۆ باشتر بێت ،دۆخێك دروستكراوە كە هیچ شتێك باش نیە ، هیچ شتێكیش باش نابێ‌ ، یانی تۆ هەرچیەك بكەیت و چۆن هەنگاو بنەیت دۆخە كە وەك خۆی دەمێنێتەوە.

 ئەوەی جێی نیگەرانیە ئەوەیە ئەم تێگەیشتنە بەرادەیەك گشتێنراوە كە تەنانەت مرۆڤە هەرە بە هیواكانیش بە ڕەشبینیەوە لە ئایندە بڕوانن ، لە كاتێكا هەقیقەت ئەوەیە كە نابێت سبەینێ‌ هەمان ئەمڕۆ بێت كە تێیدا دەژین .

ئەوانەی زیاتر لە هەر كەس لە ئەستۆیانە ئومێد لە نێو مرۆڤەكاندا دروست بكەن و هانیان بدەن بۆ گۆڕانكاری و ئایندەی جیاواز تر، بەرلە هەركەس دەستە بژێری سیاسی دەرەوەی دەسەڵاتن ، ئەوان ئەركیانە بۆ سەرخستنی بەرنامە سیاسیەكەی خۆیان ، بۆ گۆڕینی دۆخی كۆمەڵ لە خراپەوە بۆ باش ، یان لە باشەوە بۆ باشتر ، ئومێد لەوانی تردا دروست بكەن.

 بە بڕوای من شەڕی نائومێدی لە هەموو شەڕێكی تر قورسترە ، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە مرۆڤ دەخاتەوە سەر پێی خۆی و دەیكاتەوە بە خاوەنی خۆی ، واتەدەیكاتە مرۆڤی خاوەن تواناو تین و بڕیار .

ژاپۆنیەكان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گەورەترین شەڕی نائومێدیان بە رێخست و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا 1948 بۆ 1968 گۆڕانكاریەكی گەورە بكەن و بگەنە ئاستێكی زۆر بەرز لە هۆشیاری و ببنە نەتەوەیەكی خاوەن ئومێدو هیوا ، بۆیە هەقی خۆیانە ئێستا ئەوان لە باشترین و بەختەوەرترینەكانی دنیا بن ،چاوكردن لە ژاپۆنیەكان بۆ نەتەوەگەل و خەڵكانی دەرەوەی مێژوو ، بۆ ئەوانەی هەمیشە دەسەڵات كارلەسەر كوشتنی هیوا دەكات تێیاندا نەك پێویستە ، دەبێت ببێتە وانەو پەند و كاری لە سەر بكرێت ، 20 ساڵ بەس بوو بۆ ئەوەی ژاپۆنیەكان گریان و هاواری هێرۆشیماو ناكازاكی بكەنە پەیامی سەركەوتن و گێڕانەوەی ئومێد بۆ مرۆڤی ژاپۆنی ، ئاخۆ چەند ساڵی تر ئێمە دەتوانین فرمێسكی ئەنفال و تێكشكان بكەینە بزەی ئومێدو ئازادی، بۆ ئەمە بەرلە هەركەس ئەركی سەركردە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات لە ئەركی ئەوانی تر قورسترە .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی