ئێزدییەکان ھۆڵۆکۆستی سەدەی بیست و یەک

03/08/2018

ئێڤار ئیبراھیم

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی میللەتەکەمان بدەینەوە، دەبینین بە درێژای مێژووی گەلی کورد رووبەڕووی شاڵاوی کوشت و بڕین و لەناوبردن و ئەنفال و جینۆسایدی دوژمنان و داگیرکەران بونەتەوە، ئەویش یان لەبەر ئەوەی کوردبونیان بوە وەک نەتەوە یانیش لەبەر ھۆکاری بیروباوەرەکەیەوە بووە، لە ساڵی ١٨٧٢ ەوە لە لایەن عوسمانیەکانەوە جینۆساید کراون، لە ساڵی ١٩١٥ لە جینۆسایدی تورکەکان بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کوردە ئێزیدیەکانیش رووبەڕووی لەناو چون بونەتەوە، لە ساڵی ١٩٣٥ یشدا جارێکیتر بەدەستی سوپای عێراقەوە رووبەڕووی لەناوبردن بونەتەوە دواتر پڕۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیان بەسەردا جێبەجێکراوە و بەشێکیان لەناوچون، لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ یشەوە بە ھۆکاری کردەوەی تیرۆریستی سەدانیان بونەتە قوربانی.

لە دوای ئەو ساڵانەشەوە وەک دووبارە بونەوەی مێژوو لە ساڵی ٢٠١٤ کوردان رووبەڕووی ھێرشی نامرۆڤایەتی گەورەترین و ترسناکترین گروپی تیرۆریستی بونەوە بەناوی گروپی تیرۆریستی داعش کە بەناوی ئاینی ئیسلامەوە خۆی نیمایش کرد و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەکاردەھێنن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان و لە چەندین لاوە ھێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانیە کورد نشینەکان لەوانە قۆڵی کەرکوک و جەلەولا و شەنگال و مەلا عەبدوڵا و مەخمور و چەندین ناوچەی تر.

لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشی نامرۆڤانەیان کردە سەر ناوچەکانی قەزای شەنگال و دەوروبەر و ئامانج لەو ھێرشە بەمەبەستگرتنی ئێزیدیەکان و ئێزیدیە نشینە رەسەنە کوردەکانیانی کردە قوربانی و ھێرشی مەترسیدارییان کردە سەر خەڵکی سڤیل، لە دەورانی مێژوودا تا ئەم بەروارەی سەرەوە ئێزیدیەکان توشی لەناوچون و کوشتن بونەتەوە لە ساڵی ١٨٣١ توشی قڕکردن بونەتەوە، کە دەتوانرێت بە درێژکراوە و دووبارەبونەوەی مێژووی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی سەر کوردان ئەژماربکرێت کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا، چونکە ھاوشێوە و ھۆکار و لێکچونی زۆر ھەیە لە نێوان ئەو دوو تاوانەدا .
بە پێی سەرچاوە فەڕمی و نا فەڕمیەکان زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ ئێزدی کوژراون بە ژن و پیاو گەنج و پیر و مناڵەوە، ھەروەھا زیاتر لە ٤٠٠٠ ھەزار ژن و کچی ئێزیدی کەتنەدەست داعش و رفێنران بۆ ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان، بەتەنھا لە گوندی کۆچۆ ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ کەسیان کوشتوە و ئەو گوندەیان خەڵتانی خوێن کردوە بە تراژیترین شێوە.

کەس و کاری ئەوانەی کە رفێنراون یان کوژراون ئاوارەی چیای شەنگال و ناوچەکانی تری باشوری کوردستان بونەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس دەبێت، خێزانی وا ھەیە یەک کەسی لێ رزگارنەبوە و لەلایەن داعشەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ناوبراوە، یان یەک کەسی لێ ماوەتەوە یان دایک یان باوک یان کوڕ یان کچ یان ھیچیان لە ژیاندا نەماون، لەکاتی ھەڵاتن و ئاوارەبونیشیان بۆ چیای شەنگال بەھۆی نەبونی خۆراک و زۆری مانەوەیان لەو ناچە دورەدەستەکان بەھۆی نەگەیشتنی پێداویستی خۆراک و بەھاناوە نەچونیان یان درەنگ بەھاناوەچونیان نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کەس لە چینە جیاوازەکان پیر مناڵ ژن لە برسا و تینوێتیدا مردن یان لەسەرمادا گیانیان لەدەستدا.

ئەو بارودۆخە دژوار و نەخوازراوەی دەرحەق بە ئێزیدیەکان دروستکرا بۆ کورد و بۆ ئیزیدیەکانیش تاوانێکی گەورە و کاریگەر بوو بەسەر کورد داھات لەسەدەی بیست و یەک، دەتوانین بڵێین ئەو تاوانەش جینۆسایدە بەرامبەر بە بە میللەتی کورد و بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ، چونکە ھەم لەبەر کوردبونیان بوو ھەمیش لەبەر بیروباوەرەکەیانەوە بوو ھەروەھا زۆر لێچکچووی تر .

رفاندنی ژنانی و کچانی ئێزدی

دوای ئەو پەلامارە دڕندانەی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانی شەنگال بەداخەوە کۆمەڵگاکەمان رووبەڕووی تراژیدیترین کەموێنەی زوڵم و ستەم بۆوە بەرامبەر بە بەشێک لە ئافرەتانی کورد، بە دیاری کراویش ژنان و کچانی ئێزیدی .

لە روانگەی داعشەوە ئێزیدیەکان خەڵکانێکن یان دەبێت دەستبەرداری ئاین و ئاینزاکانیان و کلتوری سەدان ساڵەی خۆیان بوبان یان پیاوەکانیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەناوبران، ژنەکانیشیان وەک کۆیلە و کەل و پەل و کاڵا مامەڵەیان پێوەکرا ، ە بەپێی کلتوری و نەریتی کۆنی عەرەبیانە و یاسایی جەنگەل بەناوی ئاینی ئیسلامەوە لە بازاڕەکانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەب وەک کەنیزە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرا. 

زۆربەی زۆری ئەو کچ و ژنانەی کە فریانەکەوتن خۆیان لە دەست چەکدارانی داعشەوە دەربازبکەن کەوتنە دەست چەکدارەکان و رفێنران پاشان بە کۆیلە کران کە ژمارەیان ٤٠٠٠ ھەزار ژن و کچ بووە و لەو ژمارەیەش ٣٤٣ ژنیان بە رێگای جیاواز ئازاد کراون ، دواتر بەسەر ئەمیر و چەکدارە وەحشیەکانی خۆیان دابەشکراون و بە زۆر کردویانن بە خێزانی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ ئارەزووە کێوییەکانی خۆیان.

چەندین سەدەیە بەبەردەوامی ئەم دیمەنانە لەسەر کورد دووبارە دەبنەوە، کێشەی سەر کورد بەتەنھا دوژمنی بەھێز نیە، بەڵکو کێشە و بەڵاو مەینەتی کێشەی نێو ماڵ و نێوخۆی کوردە کە بە دەیان ساڵە بەو دەردەوە دەناڵێنێت، روداو کارەساتە مێژووەکان لەھەر شتێک زیاتر توانای ھاوسۆزی میلەت و یەکخستنی نێوماڵی میلەتیان ھەیە، بەڵام میللەتی کورد بەپێچەوانەوە ھەرچەندە لەچاو میللەتانی تر رووبەڕووی کارەساتی گەورە بوەتەوە بەڵام بەھۆکارێک لە ھۆکارەکان نەبوەتە ھۆی یەکگرتنی نێوخۆی بەڵکو زۆرجار میللەتی کوردی دابەش کردوە بۆ چەند بەرەیەک  ناکۆکی قوڵ لەسەر کارەساتەکان  دروست بووە.
ئاشکراشە ھەر میللەتێک خاوەنی  ھێزێک و یەک ریز و یەک ئیرادە نەبوو، نێوماڵێکی شێواو و پەرتەوازەی ھەبوو داگیرکەران بە ئاسانی دەتوانن زەفەری پێ بەرن و خاکەکەی خاپور بکەن رۆڵەکانی شەھید بکەن زیندانەکان پڕ بکەن.

تاقە ڕێگای دەرچوونمان سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی میلەتەکەمان   لە  بەرامبەر داگیرکەراندا، یەکخستن و رێکخستن و کۆکردنەوەی نێوماڵی کورد و شان بە شانی یەک ڕاوەستانە لە ھەرچوارپارچەی کوردستان بەرامبەر بە ھەر ئالنگاریەک کە لە ئێستا و لە داھاتوودا روبەڕوو دەبێتەوە.

 

ئێڤار ئیبراھیم
٣/٨٢٠١٨

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی