بەرژەوەندخوازیی، تیرۆریستان دابەشدەكات

16/08/2018

جیهاد محەمەد

گومانی تیا نییە، گەورەترین هێزی تیرۆرستیی و داگیركاریی ئەمەریكا و سیستمی سەرمایەداریە، لەم سەردەمەدا بە دەگمەن وڵاتانێك هەبن توانیبێتیان خۆیان لە هەژموونی سەرمایەداری بپارێزن، یان توانیبێتیان دژایەتی هەژموونی سەرمایەداری بكەن، ئەگەر خۆپاراستن و دژایەتیكردنێكیش هەبێت لە ئارادا بەرامبەر بە ئەمەریكا ئەوە لەو حاڵەتانەدا دروست دەبێت، كە لایەنی دژ و خۆپارێز هەست بە ترسی تەواو هەڵلوشین دەكەن لە لایەن سەرمایەداریەوە، لە ترسی تووشبوون بە قەیرانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بەرامبەر بە ئەمەریكا دەوەستنەوە. بۆیە لە دواجاریشدا هەموو یەكدەگرن و بەردەوام لە شەڕ و ئاشتیدا دەبن، ئەم ئامڕازە (شەڕ و ئاشتی) لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا سیاسەتێكە بەردەوامی دەدات بەم (نەزمە نوێە) كە لە ڕاستیدا نەزمی نوێ نییە بەڵكو بەزمی نوێیە. 

سیاسەتی ترامپ بە ئاشكرا جیاوازە لە سیاسەتی ئۆباما، ئەم پیاوە سەرشێتە هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار هەڕەشەو گوڕەشەكانی خۆی لە دەوڵەتانی ئیسلام و دەوڵەتی ئێران نەشاردۆتەوە، ئەم هەڕەشە و تۆقاندنانەش لە پێناوی كۆكردنەوەی سەرمایەیەكی نەختینەیی زەبلاحدا بووە. ترامت بە هەڕەشەكانی دەیەوێت هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحەكەی ئەمەریكا كە خۆی دەبینێتەوە لە بازرگانییە گەوەركان و ناردنی كەلوپەل بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریكا لە بچوكترین ئامێرەوە تا دەگات بە ئوتومبیل و گەمێ و فڕۆكە و چەك و چۆڵێكی زۆری خەزنكارو، هیچ وڵاتێكی وەك چین و روسیا نەتوانن كێبڕكێكی بكەن، لە لایەكی تریشەوە دەخوازێت جگە لە سەپاندنی ئەو هەژموونە ئابووریی و بازرگانیە، سامانێكی نەختینەی گەورەش كۆبكاتەوە لە وڵاتانی وەك سعودیەی عەرەبی و قەتەر و ئێران و چەندین وڵاتی دیكە. 

ترامپ زەوینەیەكی باشی لە بەردەستایە بۆ مسۆگەركردنی ئەم سیاستە هەژموونكاریە، جەنگ و پێكدادانەكانی نێوان سعودیە و ئێران، كە خۆی لە جەنگە نەگریس و نەبڕاوەكەی نێوان هەردوو ئایینزای سوننیگەرایی و شیعەگەریی دەبینێتەوە. لە لایەكی تریش سەركێشییەكانی ئەكپارتی و ئەردۆغانی سەرشێت، كە دەخوازێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بكات و خەلافەتی عوسمانی بهێنێتەوە سەر سەحنی حكومڕانی و ببێت بە كوێخا و دەمسپی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەتی كاتێك كە توركیا زانیان لە یەكێتی ئەوروپادا قبووڵناكرێن ئیتر بە جۆرێك لە جۆرەكان دەستیان شت لە رۆژئاوا. لە لایەكی تر دەوڵەمەندیە گەورەكەی قەتەر بووە بەو دوگە چەورەی كە چاوچنۆكانە ئەمەریكا چاوی تێبڕیەوە، دەیەوێت سەدان ملیار دۆلار لە قەتەر بسێنێت، هەموو ئەمان زەوینەی لەبارن بۆ سیاسەت گڵاوەكەی ترامپ. 

ئەم چاوچنۆكییانەش بوونەتە هۆكاری دابەشكردنی تیرۆریستانی جیهان.  لە لایەك ئێران و سعودیە، لە لایەك توركیا و ئەمەریكا، لە لایەكی تر ئێران و ئەمەریكا. لە لایەكی تر ڕوسیا و چین لە هەوڵی ئەوەدان ئەم سیاسەتە قێزەونەی ئەمەریكا سەرنەگرێت و هەرچۆنێك بێت بەرژەوندی خۆیان لە جیهاندا بپارێزن. 

ئەم سیاسەتەی ترامپ و بە گشتی سەرمایەداری جیهانی، بە تەواوەتی ترسێكی گەورەی دروستكردووە بۆ هەموو خەڵكی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند باری سایكۆلۆژی خەڵك لە حاڵەتێكی زۆر خراپ و ترس و تۆقاندندان لە قەیران و شەڕ و پێكدادانی ئەم هێزە تیرۆریستانە، باری سایكۆلۆژی حوكمڕانانی ئەم دەوڵەتانەی ناوچەكە بە هەمان شێوە لە حاڵەتێكی خرپادایە و پەلەقاژەی مەرگیانە. كەواتە جیهان بە گشتی و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و جیهانی سێ بە تایبەتی كەوتوونەتە دووڕیانێكی تاریك و ئاڵۆزەوە، بە جۆرێك كە هیچ كام لەم دەوڵەتانە ناتوانێت بڕیاری تەواوەتی خۆی بدات، ئەوەی كە هەیە تەنها هەڕەشەكردن و خۆ گیڤكردنەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت. 

هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئێرا لە یەكتری بەردەوامە، هەڕەشە و نیگەرانییەكانی ئەمەریكا و توركیا بەردەوامە. عێراق و كوردستانیش لەم هەڕەشە و گوڕەشە و نیگەرانی و تێكچوونی باری دەروونیە بێ بەش نییە. عەبادی لە لایەك دەڵێت ئێمە ناچارین بڕیارەكانی ئەمەریكا جێبەجێ بكەین، لە لایەكی تر پەشیمان دەبێتەوە، دەچێت بۆ توركای و پەیمانیش بە توركیا دەدات، كە چیتر ڕێگە بەو هەڕەشانە نادات كە لە عێراقەوە دەكرێت لە توركیا، هەر دوای ئەم پەیمانەی عەبادی یەكسەر توركیا دەستیكرد بە هێرشكردنە سەر شەنگال و چەدنین كەسی سەركردەی یەبەشەیان تیرۆركرد بە بۆمببارانكردنی فڕۆكە جەنگیەكانیان. عەبادی دەیەوێت سەفەری ئێران بكات و لەولاشەوە ئێران قبووڵی ناكەن، لە لایەكی ترەوە هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننە و كورد، ناتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەكان جێبجێ بكەن و حكومەتی نوێ پێك بهێنن. قەتەر لەگەڵ ئەوەی پشی پشی بۆ ئەمەریكا دەكات لە هەمانكاتدا خۆی دەگەیەنێتە لای ئەردۆغان و پەیمانی ئەوە ئەدات كە بایی ١٥پانزە ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە توركیادا ئەنجام بدەن. سعودیە بە جۆرێك سەرشێت بووە، كە محەمەد بن سەلمان دەیان لە شازادەكانی دەستبەسەر كردووە و داوای سەدان ملیار دۆلاریان لێ دەكات، بۆ ئەوەی حوكمی بنەماڵەكەیان بپارێزن و خۆیان دەرباز بكەن لە هەڕشە و هەژموونی شیعەگەرایی و ئێران، ئەمەریكاش هەرچی داواكرد بڵێن بەسەر چاو. ئەم سەرشێتیەی محەمەد بن سەلمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە ساروخ لە قوتابخانە سەرەتای و ناوەندییەكانی یەمەن بدەن و بە دەیان منداڵ خەڵتانی خوێن بكەن و هیچ هیزێكیش لە دنیادا ئیدانەی نەكات. 

لە هەموو ئەمانە ناخۆشتر ئەوەیە، كە خەڵكی ستەمدیدەی ئەم ناوچەیە لەگەڵ هەموو نیگەرانیەكانیاندا، لەگەڵ هەموو ترس و تۆقاندنیاندا، بەش بەش بوون بەسەر ئەم هێزانەدا، كۆمەڵە حیزبێكی ئیسلامی سیاسیی كاریگەریەكی ئاشكرای هەیە لەسەر گەوجاندن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكیەوە بۆ لایەنداری ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت. بە داخێكی گەورەوە، ئەو هێزانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، ئەو هێزانەی دژی تیرۆریستان چەندین ساڵە دەجەنگن، وەك پەكەكە و پەیەدە و شەڕڤانان و یەپەژە و پەژاك و هەروەها هێزی پێشمەرگە و گەریلا، دڵیان خۆشە بەوەی ئێران و توركیا و ئەم دەوڵەتە فاشیانە تووشی قەیران و شەڕ و پێكدادان دەبن لەگەڵ ئەمەیركادا، بێ ئەوەی ورد بیربكەنەوە كە هەموو ئەم شەڕخوازی و هێڕش و پەلاماردان و جەنگانە هیچیان لە بەرژەوەندی شۆڕشگێران و خەڵكی ستەمدیدە نییە. جگە لەمانیش حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بە چەپ و ڕاستەوە شەرمنانە ئیدانەی ئەم جەنگ و پێكدادانانە دەكەن، دەنا لە دڵەوە هیوایان بەوەیە بەم شەڕ و پێكدادانانە با سەدان هەزار كەسیشی تیا بچێت، با ماڵی سەدان هەزار كەسیش وێران بێت، با بە سەدان هەزار منداڵ تووشی مردن و لە ناوچوون و نەخۆشی و لانی كەم تووشی نەخوێندەواری و تووندوتیژیی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایان كە ئەم دەوڵەت وحوكمڕانانە لاواز دەبن و ئەمان دەتوانن لەگەڵیان رێكبكەون یان جۆرێك لە حوكمڕانیە گەندەڵەكەی باشوریان پێ ببڕێت. 

هەرچی دەسەڵاتی سیاسیی كوردستانی باشوریشە، ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن، وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمان خۆیان ڕادەستی چارەنووسی عێراق كردووە، ئەو عێراقەی كە ڕیفراندۆمیان دژی دەكرد و، دەیانوت ئەوی لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا نەبێت خائینە، ئێستاش وشەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەسەر دەمیانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەداوانیانە چۆن كۆمەڵێك پۆستی گەورە لە عێراق وەربگرن.  

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی