پرسەکەی زەکی شەنگالی

20/08/2018

سالار مەحمود

 

وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان بووین چوینە چیای شەنگال بەر لە سێ ساڵ، هەموو رەنگەکان بووین. لەوێ دەبوو سەنگەرە قایمەکەی هەڵۆو تەوارەکانیش ئەوانەی چیاکەیان بەرنەداو ئامێزی شاخیان بۆ ژن و مناڵ و خەڵکی شەنگال کردە پەناگەو دەربازگە، بەسەر بکەینەوە زەکی شەنگالی پێشوازی لێکردین، قسەی هەمووانم وەک ئێستا لەگوێدا  دەزرنگێتەوە،  سوپاس هەڤاڵ زەکی، سڵاوی هەموو خەڵکی کورستان بەناوی پەرلەمانەوە بۆ ئێوەو هەڤاڵەکانتان. ئێوە رۆڵێکی پیرۆزتان بینی لەبەرگری لەم ناوچەیە  پێویستە دەست لەناو دەست خەونی تیرۆریستان و داگیرکەران لەناو بەرین!؟!؟ مێژوو جوامێری ئێوە لە بیرناکا..

زەکی شەنگالیش باسی لە ئەرکی هاوبەشی پێشمەرگەو گەریلای کردو باسی لە گرنگی یەک یەکڕیزیی و یەکدەستی و هاوپشتیکرد.
دوای سێ ساڵ  و لە شاری هەڵمەت و قوربانی،  وەک بەرەی نیشتمانی دژی داگیرکاری چووینە پرسەکەی هەڵۆ سەر سپیەکەی شەنگال.
پرسەی چۆڵ  پرسەی خامۆش، رێک وەک بێکەسیی کورد لەم جیهانە بێ پرەنسیپە.
پرسەی زەکی شەنگالی لە پرسەی پێشمەرگەیەکی ساڵانی حەفتاو هەشتاکان دەچوو کە خەڵکانێک لەبەر ترسی بەعس نەیاندەوێرا بچنە پرسەکەی..
ئەی بێ دەربەستەکانی بەناو سیاسەت
ئەزانم تورکیا کەڵپەی تیژ کردوە بۆ ئەوەی هیچ لایەک هاوسۆزی بۆ دۆزی گەلەکەمان لەپارچەکانی تر دەرنەبڕێ.  
سروشتی داگیرکەر ترس چاندنە بێدەنگ کردنە
لێ ژیان بەبێ هەڵوێست دواجار چ مانایەکی هەیە، ئەگەر بۆ شەهیدکردنی شەنگالی بەو شێوە مەترسیدارە بە فڕۆکەی جەنگی و زیاتر لەدووسەد کیلۆمەتر دوورتر لەسنوری تورکیاوە نەتانتوانی راگەیەنراوێکی هاوخەمی خەڵک دەرببڕن دەبا لە 
پرسەکەیدا ئامادەییتان هەبوایە.
ئەوە سیاسەت نیە ئەوە سازش و ملکەچیە،  ئەگینا شێوازی کوشتنی شەنگالی بەهەموو پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی پەیماننامەی رێزگرتن لە سنوری وڵاتان لەسەر بنەمای دەستورو یاسا نیشتمانیەکان، تاوانە بێدەنگیش لەتاوان شەرمە..
پرسەی چۆڵی زەکی شەنگالی پڕ بوو لە هێمای گەورەیی، نەخاسمە ئەو بەدەستی داگیرکەر رۆیی ئەو شەهیدە.. دڵنییام هەموو نیشتمان پەروەرێک، کوردێک دوور یا نزیک لە ویژدانی خۆیاندا پرسەگێڕبوون. 
وێنە هەڵواسراوەکەی خۆی بەو جلە خاکی و سەرە سپیەوە وێنای ئامادەبوونی رۆحی سەرجەم شەهیدانی کوردو کوردستانی دەکرد لە پرسەکەدا.

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی