چوار خاڵی جیاوازی

23/08/2018

شاسوار عەبدولواحید

(گرنگ نیە لە بابەتە سیاسیەكاندا تۆ هاوڕایت لەگەڵمدا یان نا  ، بەڵكو گرنگە تۆ تا چەند بە چاوێكی رەخنەگرانەی واقیعانە ئەم بابەتەی من دەخوێنیتەوە،تا چەند دان بەو واقیعدا دەنێیت كە باسم كردوە، ئەگەر تاڵیش بێت بۆ تۆ)

یەكەم:  نەوەی نوێ بە چوار كورسیەوە دەچێتە بەغداد، بە تەنها وەك هێزێكی خاوەن ئیرادە و ئازا ، گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی تر دەكات لە بەغداد.

دووەم: نەوەی نوێ لە بەغداد و لە دەرەوەی وڵات ، حسابی هێزێكی جیاواز و سەربەخۆ و خاوەن ئیرادەی بۆ دەكرێت ، دادەنیشن لەگەڵیدا و پێشوازی لێ دەكەن.

سێیەم: نەوەی نوێ دیدی خۆی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە بەغداد  و لە هەرێم ، تێروانینی خۆی هەیە تایبەت بە هەندێك دەستەواژەی پارتی و یەكێتی (وەك دەوڵەت ،  یەك ریزی نیشتیمانی).

چوارەم: نەوەی نوێ لە یەكەم رۆژی دوای هەڵبژاردنەكانی ١٢ ی ٥ ، ئازایانە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و هەم باسی تەزویری كرد و هەمیش رایگەیاند كە دەچێتە بەغداد، درۆی كاتی و دروشمی قەبەی بەرز نەكردەوە كە دواتر لێی پەشیمان ببێتەوە.

ئەی هێزەكانی تر ؟
یەكەم: پارتی چاوەڕێیە لە كام بەرە بەرژەوەندی هەیە (ئێران یان ئەمریكا) ، یەكێتی دوای پارتی دەكەوێت، چوار لایەنەكەی تریش چاوەڕوانی یەكێتی و پارتین و بزانین چیان پێ دەدرێت و چیان دەست دەكەوێت، واتە خۆیان خیتابێكی وازیحیان نیە.

دووەم: هێزەكانی تر (بە تایبەت چوار هێزەكەی دەرەوی یەكێتی و پارتی) هیچ حسابێكی جیاوازیان بۆ ناكرێت ، بەڵكو هەمیشە وەك بەشێك لە یەكێتی و پارتی سەیریان دەكرێت، هەر بۆیە سەردانیان ناكرێن و هیچ هێزێكیش لەگەڵیان كۆنابنەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ ناكەن، بەڵكو گفتوگۆ لەگەڵ سەری گەورەیان دەكرێت كە تا ئێستاش پارتیە.

سێیەم :هێزەكانی تر هیچ دیدێكی جیاوازیان نیە ، لە ریفراندۆمدا وەك پارتی بیر دەكەنەوە ، لە ئابوری سەربەخۆ وەك پارتی ، لە یەك ریزی نیشتیمانی وەك پارتی ، لە چونە بەغدادیش وەك پارتی بیردەكەنەوە.

چوارەم : لە یەكەم رۆژی هەڵبژاردنەوە لە ١٢ ی ٥  یەكێتی و پارتی دەستكەوتی خۆیان بە تەزویر دەست كەوت،چوار هێزەكەی تریش ئەم دەستەواژانەیان بە كار هێنا :

- هەمو ئەگەرەكان كراوەن.
- بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ یەكێتی و پارتی دانانیشین.
- بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین.
- هێزی چەكدار دروست دەكەین.
- رەنگە لە هەمو پرۆسەی سیاسی بكشێینەوە.

جا نازانم ئەگەر بینەر و خوێنەر سەیرێكی ئەو جیاوازی و خاڵانەی سەرەوە بكات و بە چاوێكی رەخنەگرانەی بێلایەنانە شیكارێكی بۆ بكات ، دڵنیام كە جیاوازیەكە بە جوانی دەبینێت.

ئێستا دەزانن بۆ چەند سالە حیزبی تر لە دەرەوەی پارتی سودی نەبوە و نەیانتوانیوە گۆڕانكاری دروست بكەن ؟ 

ئەگەر لە راگەیاندنی ریفراندۆمەكەی بارزانیەوە سەیرێكی واقیعی كوردستان و كاردانەوەی هێزەكانی تری دەرەوەی پارتی بكەن ، دڵنیام وەڵامتان دەست دەكەوێت.

پێتان خۆش بێت یان نا ، دان بەم واقیعەدا بنێن یان نا ، تەنها دو هێزی سەرەكی خاوەن دیدی جیاواز ، خاوەن ئیرادەی جیاواز لە ئێستادا بونیان هەیە لە كوردستان :

یەكەم:  پارتی كە دەیەوێت حوكمی بنەماڵەیی بسەپێنێت بەسەر كوردستان و دارایی و تەواوی جومگەكان بخاتە ژێر دەستی خۆی.

دوەم : نەوەی نوێ، كە دەیەوێت لە دەرەوەی عێراق و لە بەغداد خۆی وەك هێزێكی جیاواز لە پارتی نیشان بدات و لە دەرەوەی پارتی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ، وە لە كوردستانیش ململانێ لەگەڵ پارتی دەكات، تاوەكو بنەماڵەیەك خەونی وێرانكردنی كوردستان و كۆنتڕۆڵ كردنی كوردستان بە یەك جارەكی نەهێنێتە دی.

ئەی هێز و حیزبەكانی تر لە كوێی ئەم هاوكێشەیەن ؟

- هەندێكیان دوای پارتی بونەتە حیزبی بنەماڵە ، هەندێكی تریان ئێستا لە هەوڵی بون بە بنەماڵەییدان ، وە هەمیشە چاوەڕێی پارتی و بنەماڵەی بارزانین پۆستیان پێ بدەن ، چاوەڕێی ئەوانن تا بزانن پارتی چی دەكات ، ئەمانیش بیكەنەوە  ، بە كورتیەكەی هێزی تر نیە كە كاریگەریان هەبێت لە هەرێم و دەرەوەی هەرێم و جورئەتی ئەوەیان هەبێت لە دەرەوەی پارتی بیر بكەنەوە و لە دەرەوەی پارتی بریار بدەن و گفتوگۆ بكەن لەگەڵ هێزی تر.

ئەم قسەیەی من بۆ ئێستا لای هەندێك لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەكانی تر قورسە ، دەزانم !

بەڵام چەند ساڵێكی تر ئەم وتارەم دەمێنێتەوە و ئێوەش دۆخی  حیزبەكانی تر دەبیننەوە، هیوادارم ئەو كاتە زۆر درەنگ نەبێت بۆ داننان بە واقیعدا.

شاسوار عەبدولواحید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی