چۆن رێگری لە شێواندنی سیمای شار و شارۆچكەكان بگرین لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا؟

25/08/2018

د. سه‌یران ته‌ها ئه‌حمه‌د

 

پێشنیارێك  بۆ شارەوانی ویەكە ئیدارییەكان

 

لەوەتەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچن كارەساتی پیس بوونی ژینگە و شێواندنی سیمای شارستانێتی شار و قەزا و ناحیەكان بەردەوام دەبن، ئەمە جگە لە دروست بوونی ژینگەیەكی  پڕ لە ژاوەژاو و ناڕەحەتی و بێزاركردنی هاووڵاتیانی گەڕەك و شوێنی یەكە نیشتەجێی بوونەكان بەهۆی بەكار‌هێنانی دەنگ بەرزكەرەوە لە بنكەكانی بانگەشە كردن لە گەڕەكەكان و دیاردەی بەكارهێنانی هۆڕینی سەیارە بەشێوەیەكی بێزاركەر و دروست كردنی قەڕەبالغی و ئاهەنگ گێڕان لە ناوەڕاستی شەقامەكان، كە بەربەست وڕێگری بۆهاتوچۆی هاووڵاتیان دروست دەكەن، لەگەڵ هەموو هەڵمـەتێكی نوێی بانگەشەكاندا سەرلەنوێ ئەم دیاردە ناشارستانیانە دەست پێ دەكاتەوە. هەرچەندە بە دەیان سمینار و كۆڕ كۆبوونەوەكان ئەنجام درا بێت، یان لە ڕێگەی میدیاكانەوە بوو بێت هەوڵ دەدرێت و داوا دەكرێت كە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بە شێوازێكی شارستانیانە ئەنجام بدرێت و دوور بێت لە شێواندنی سیمای شارەكان.

پرسیارەكە ئەوەیە سودی هەڵواسینی ئەم شەڕە پەڕۆیە لە چیدایە؟ ئایا بەم ناشرین كردنانەی بازاڕ وكووچە و كۆڵانەكانی شار و شارۆچکەكان هاووڵاتیان دەنگی زیاتر بە كاندیەكان یان بە حیزبی فڵان دەدەن؟ كارەساتەكە لەوەدایە كە هیچ جیاوازییەك لە بەرنامەو تێڕوانینی لیست و كاندیدەكانی حیزبە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەكاندا نابینرێت لە هەڵمەتی بانگەشەكردنیاندا. هیوادار بووین كە جیاوازی لە عەقڵیەتی بانگەشەكردنەكاندا هەبوایە، وە هیوادار بووین كێبڕكی لە ئاستی بەرزی هەست كردن بە پرسیارێتی ومەدەنی بوونی پرۆسەكە و شێوازی بیركردنەوەی كەسایەتیەكاندا هەبوایە، بەجۆرێك خودی كاندیدەكان ڕازی نەبوونایە پۆستەرو وێنەكانیان بە عەموودی كارەبا و ترافیك لایت و بەرزە پرد و شەقام و شوێنە گشتیەكان هەڵبواسرێت. 

 دەبێت هەموو گروپ و لیستەكان ئەوە بزانن كە چەند دیمەنێكی قێزەوون و ناشرینە كە كە شار بە پەڕۆ و لۆگۆكانتان دادەپۆشن، چەند لە ناخدا هاووڵاتیان نەفرەت لەو جۆرە عەقڵیەتە دەكەن؟ هەموو ئەو پرسیارە دەكەین چی دەبێت ئەگەر تێچوونی ئەو پارانەی سەرف دەكەن لە وێنە وهەڵواسینی پۆستەری كاندیدەكان بۆ مەبەستێكی خێرخوازی یان بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەكان  یان بۆ نۆژەن كردنەوەی خوێندنگاكان، یان یارمەتیدانی خوێندكارە نەدارەكان تەرخان بكرێت؟ چەند سیمایەكی شارستانی و جێگای دەست خۆشی دەبوو ئەگەرهەر لیستێك شەقامێكی سەرەكی یان دیوارێكی ڕاگریان وەربگریاتە لەژێر سەرپەرشتی شارەوانیەكان بۆیاخیان بكردایە، یان دەتوانن لە وێستگە و شوێنی ڕاوەستاندنی پاسەكان ئەوانەی شكێنراون و تێك چوون چاكبكرێنەوە وە ئەوانەی چەتر و شوێنی دانیشتنی تێدا نیە بۆ هاوڵاتیانیان دروست بكردایە، یاخود كارییان لەزیادكردنی سەوزایی باخچەكان وسەرشەقامەكـانیان بكردایە ئینجانەی شكاو و بە زنجیربەستراوەكانیان بگۆڕییایە، ئەمانە و دەیان كاری جوانكاری و هەڵمەتی پاك كردنەوە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت لەبری هەڵمەتی  تێكدان و كاولكاری بۆ ئەو كاندیدانەی كە لە دابین كردن ئیمتیازاتی تایبەتی و مسۆگەر كردنی دەستكەوتی خانەنشینی پەرلەمانی لەدوای چوار ساڵ هیچ دەستكەوت و چاوەڕوانیەكی ترمان لێیان نابێت.

جا لە پێناو رێگری كردن لە ناشرین كردن و پیس كردنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان پێویستە شارەوانی سلێمانی وە پارێزگای سڵیێمانی خاوەن دەسەڵات و بڕیاری یەكلاکەرەوە بن، رێگری بكەن لە داپۆشینی سەرجەم شەقامە سەرەكیەكان و بەرزەپرد و پردی پەڕینەوەكان بە نایلۆن و پەڕۆی ڕەنگاو ڕەنگ  و لۆگۆی حیزبەكانیان. پێویستە شارەوانی هەڵوێست و كاردانەوەی جدیانەی هەبێت، تەنها بە سەپاندنی غەرامە چارەسەری ئەم كێشەیە ناكرێت لە كاتی بانگەشەكاندا. ڕەنگە باشترین دەستكەوت بێت بۆ شارەوانی  وە دەتوانێت نرخ بۆ هەڵواسینی هەر پۆستەر و وێنەی كاندیدێك دیاری بكات، بەپێی قەبارە و ژمارەی پۆستەرەكانیان نرخەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت ژمارەی هەڵواسینی پۆستەرەكان سنووردار بكرێت لەو ژمارەیە تێنەپەڕێت كە شارەوانی دیاری دەكات. هەروەها شارەوانی دەتوانێت بارمتەی یاسایی لە هەر كاندیدێك، جگە لە لیست و قەوارە سیاسیەكان وەربگرێت بەرامبەر بە پاك کردنەوە و جێ نەهێشتنی ئاسەواری بانگەشەكان. پێویستە وێنە هەڵواسین لەهەموو كووچە و شەقامە گشتیەكان لەسەر عەموودی كارەبا و بەرزە پردەكان بە هەموو شێوازێك قەدەغە بكڕێت. 

هەروەها دەستكەوتێكی تری گونجاوە بۆ شارەوانی  سلێمانی بە دانانی شاشەی گەورە و سكرین و لە چەند شوێێكی  دیاری كراو لەناو سەنتەر و شوێنە گشتیەكانی شاردا تەنانەت لە قەزاو ناحیەكان كە وێنەی كاندیدی هەموو لایەنەكان وەربگرێت بەشێوەیەكی یەكسان و بەبێ جیاوازی لە بەخشینی كات و بە نرخێكی گونجاو و دیاری كراو بۆیان پەخش بكرێت. لەهەمان كاتدا سوودی دارایی بۆ هەموو حیزبەكان و كاندیدەكانیشیان دەبێت، لە بەهەدەر نەدانی پارە لەم بارودۆخە خراپەی ئابوریدا،  لە بری خەرج كردن و بەهەدەردانی پارەكانیان بۆ بانگەشەكردن و سەرف كردنی لە پۆستەرات و هەڵواسینی پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگدا، باشترە كە شێوازێكی گونجاوتر بگرنەبەر ئەویش بە دروست كردنی كارت و لفلێتی تایبەت بە زانیاری لەسەر ژیان و چالاكی كاندیدەكان بڵاوبكرێتەوە، دەتوانرێت لە مۆڵەكان و لە بەڕێوبەرایەتی و شوێنە گشتیەكان دابەش بكرێت، ئەمە جگە لە بوونی بەرنامە لە تیڤی و ڕادێویەكاندا، هەرچەندە ئێستا خێراترین و بەربڵاوەترین شێواز كە رۆڵێکی كاریگەر تر و بینراو تر وە پەسەندترە لەلایەی هاووڵاتیان ئەویش دروست كردنی پەیج و فەیس بووك و دەیان هۆكاری تری سۆشیال میدیایە بۆ پەیوەندی كردن و گەیاندن. لەهەمان كاتدا پێویستە خودی هاووڵاتیان  ڕۆڵیان هەبێت و ئەوەندە ووشیاربن، كە ڕێگە بە تێكدان و پیس كردنی دیواری ماڵ و شوێنی نیشتەجێ بوونەكانیان نەدەن، پێویستە هیچ دوكاندارێك ڕێگا نەدات وێنەی هیچ كاندێك بە پەنجەرەو دەرگا و دیواری دوكانەكەیەوە هەڵبواسرێت. لە كۆتاییدا دەڵێین ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆ كەم كردنەوەی  كاریگەر و كارەساتی هەڵمەتی كاولكاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، وەك داواش كراوە لەڕێگەی كەم كردنەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانە كە لە بری مانگێك  لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت.


د. سەیران تەها ئەحمەد
كۆلیژی یاسا – زانكۆی سلێمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی