دەستوورو چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق

26/08/2018

ڕێبین عبدالرحمن فتاح

دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 ڕێكارەكانی دروست بوون و پێك هێنانی حكومەتیان ڕوون كردۆتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ درووست بوونی حكومەتی داهاتوو. بۆیە نەخشە ڕێگە و ڕێكاری یاسایی بوونیان هەیە بۆ درووست كردنی حكومەتی عێراق لە داهاتوودا. 

ڕاگەیانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 5/12 لە لەلایەن دادگایی فیدراڵی عێراقەوە لەبەرواری 18 ئابدا، سەرەتایەكی گرنگە بۆ ئەوەی كە تەواوی لایانە براوەكانی هەڵبژاردندا هەوڵ ئەوە بدەن كە گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی  بوونی حكومەتی داهاتوو دروست بكەن تا ڵە دوای 15 ڕۆژ لە دوای ڕاگەیانی ئەنجامەكانەوە پەرلەمان بتوانێت كۆ ببێتەوە. 

بۆیە هەروەكو لە ماددەی 54 دەستووردا هاتووە كە سەرۆكی كۆمار دەبێ لە ماوەی 15 ڕۆژدا پەرلەمانی تازە بانگهێشت بكات بۆ كۆبوونەوە، كە ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ دەبێت بە پێی یاسا. كە ئەمە دەبێتە بنەمایەكی گرنگ تا عێراق بكەوێتە دۆخێكی ترەوە، ئەویش كە خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵی تەواوی پارت و لایانە سیاسییەكان بۆ دروست كردنی گەورەترین كوتلەی هاوپەیمانی تا حكومەتی نوێ درووست بكەن. 

ئەم یەكەمین دانیشتنەی پەرلەمان بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی  مانگی پێنجی ڕابردوو دەبێت، ئەمەش بە پێی ماددەی 55 دەستوری عێراقی دەبێت كە پێویستە لە دانیشتنەدا سەرۆك و جێگرانی سەرۆك پەرلەمان هەڵبژێردرێن. تا دەسەڵاتی یاسادانان بكەوێتە كار و بتوانێت دەست بەكارەكانی خۆی بكات. 

هەروەها پێویستە لەسەر پەرلەمانی نوێ كە لەماوەی 30 دا ، واتا لە یەكەمین دانیشتنی خۆیەوە تا سی ڕۆژی داهاتوو بتوانێت سەرۆك كۆمارێك بۆ عێراق هەڵبژێرێت، ئەمەش بە پێی ماددەی 70 ی دەستووری عێراق. 

بۆیە لێرە ئەركەكان و ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەكەوێتە سەر ئەم سەرۆك كۆمارە بەوەی كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕاسپێرێت بۆ  پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كە دروستبوونی حكومەتیش ئاسان و سانە نیە بەتایبەت لە وڵاتێكی فرە پێكهاتەی وەكو عێراقدا، چونكە تا ڕازی كردنی تەواوی لایانەكان ڕەنگە كات و ساتی زۆری بوێت. 

هەروەها بە پێی ماددەی 76 دەستوور پێویستە سەرۆكی كۆمار لە ماوەی 15 لە هەڵبژاردنیەوە سەرۆكی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕاسپێرێت بۆ پێك هێنانی حكومەتی داهاتوو. بۆیە لەدوای ڕاگەیانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە لایانە براوەكانی هەڵبژاردن  هەوڵی دروست كردنی بەرەیەكی گەورە دەدەن بۆ ئەوەی ڕابسپێردرێت لەداهاتوو بۆ پێك هێنانی حكومەت. 

بۆیە لەسەر كەسی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت هەوڵ بدات تەواوی وەزیرەكان لە كابینەی داهاتووی حكومەت دەست نیشان بكات. تا لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی بخۆن بۆ دەست بەكار بوونی حكومەتی داهاتوو، ئەگەر هاتوو ئەم كەسە نەیتوانی لە ماوەی دیاری كراودا وەزیرەكان دەست نیشان بكات، ئەوا  سەرۆك كۆمار كەسێكی تر لە هەمان كوتلەی پەرلەمانی، واتا ئەو كوتلەییەی كە خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانیە، ڕادەسپێرێت بۆ دەست نیشان كردنی ئەندامانی كابینەكەی، ئەگەر لە حاڵەتێكدا كەسی دووەمی گەورەترین كوتلەتش نەیتوانی كابینەكە درووست بكات. ئەوا سەرۆك كۆمار بۆ خۆی ئازادە لە هەڵبژاردنی كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی حكومەت.

لەبەرئەوە ئەمە دیووە یاساییەكەی دروست كردنی حكومەتە بە پێی یاسا و ڕێسایی یاسایی كە لە عێراقدا كاری پێ دەكرێت كە ئەویش دەستوورە، بەڵام دیووی سیاسی پێك هێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق سانە نیە، چونكە لایانە براوە شیعیەكان هەریەكەییان هەوڵ بۆ ئەوە ئەدەن كە كەسی ڕاسپێردراوی داهاتوو لە كوتلەی خۆییان بێت لە داهاتوودا.

ڕێبین عبدالرحمن فتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی