حەشر.. دروێنەی پاش جەنگ

28/08/2018

هونه‌ر تۆفیق

هەموو شتێك ناوك یان دڵی لەناوەوەیە تەنها سیاسەت نەبێت . سیاسەت تەنیا كردەیەكە ناوك و دڵەكەی لە دیوی دەرەوەیە . چونكە هەموو كێشە سیاسیەكان كاریگەریەكانی لەدەرەوەیە ، ئەگەر خەبەری سەیری سیاسەت نەكرێت ! ئەوا دڵەكەشی هەر لەدەرەوە دەبینرێت . پێویست بە تێڕامانی قوڵ ناكات بۆ تێگەیشتن لە ئەنجامەكانی كردە و كێشە سیاسیەكان .

لە ئێستادا ئەمریكا ، بە دیاری كراوی دۆناڵد ترامب ، غەزەبی لە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران گرتووە . هەردوو وڵات سەرچاوەی گرفت و كێشەی سیاسی گەورەن لە ناوچەكە و لەبەردەم سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . هەردوو وڵاتیش بە جیاوازیە مەزهەبیەكانیانەوە نەیاری سەرسەختی سعودیەی عەرەبی دۆست بە ئەمریكان . هاوكات لە میحوەرەكەی ڕوسیا - پوتیندا كاریگەر و سەرەكین . لەناو شەڕە گەردوونیەكەی سوریادا ڕۆڵ و دەستەی چەكدار و هێزی سەربازی تایبەت بەخۆیان هەیە . ترامپ ناتوانێت هەروا بە ئاسانی لەیەك كاتدا سزای یەكجاری و توندی هەردووكیان بدات . پێچە ڕێگایەكی دیكە وەك هەموو ئەو پێچانەی تر لە سیاسەتی ئەمریكیدا هەیە كە ئەویش شكاندنی بێ باجە لە ڕێگای لایەنی سێهەمەوە . ئەو خاوەن هێزەی كە ئێران و توركیا پشتیان پێ بەستووە فلادیمیر پوتین - ڕوسیایە. ڕوسیا پێچە سیاسیەكەی ئەمریكایە كەدەیەوێت لە ڕێكەوتنێكدا ئێران و و توركیاشی لەیەك كات لێ بكڕێتەوە . بەڵام داخۆ ڕوسیا ئامادەیە هەردووكیان بەیەكەوە بفرۆشێت بە ڕێكەوتنی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن ؟

ڕوسیا لەماوەی پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا دەیان جەنگی سەختی لەگەڵ توركیا - عوسمانیەكاندا كردووە . لە سەردەمی توركیای كۆمارەوە ماوەی دۆستایەتیەكی كورت خایەن لەنێوان بەلشەفیكەكان ( سۆڤیەت ) و مستەفا كەمال ئەتاتوركدا هەبووە .دواتر هیچ كات توركیا و ڕوسیا هاوسێیەكی بێ كێشە نەبوون . لەگەڵ ئەوەی توركیا هەتا ئێستا ئەندامی ناتۆیە ، ڕوسەكان ناتوانن هەروا بەئاسانی چاوپۆشی لەو هەموو گرفتانە بكەن لە ڕێگای توركیاوە بۆیان دروست بووە . بەڵام ئێران لە دیدی سیاسەتی ڕوسیەوە مەترسیەكی ئەوەندە گەورە نیە كێشەكانیان لەگەڵ ڕوسیادا ڕەگی مێژووی هەبێت وەك توركیا . ئێران لە ڕووی ستراتیژ و ئەمنی قەومی ڕوسی یەوە نزیكترە بۆ ڕوسەكان بە جیهانی دەرەوە و سەرچاوەكانی وزەی جیهانی تا توركیا . بۆیە لە نێوان ئێران و توركیادا ڕوسیا لەدەستدانی توركیای پێ باشترە تا لەدەستدانی ئێران .ئەگەر سەفقەیەكی ڕوسی - ئەمریكی بۆ فرۆشتنی یەكێكیان بە ئەمریكا لەئارادابێت ؟! روسەكان لەسەر بنەمای( پارەی قەڵب سەر بەساحێبێتی ) توركیا دەبەخشن بە ترامپ لەبری ئێران .

لەم دیدە ئیقلیمیەوە لە واقیع حاڵی سیاسی كوردی بڕوانین بە تایبەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستان كە دابەش بووی ئیجباری یان ئیختیاری نێوان توركیا و ئێرانە ئاڵۆزتر لەوەی هەیە و دەبینرێت پرۆسە سیاسیەكەی هەرێم بەڕێوەدەبرێت .

بەشداری كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی پارلەمانی عێراقدا هەمان ئەنجامی نابێت . پەیوەندیەكانی ناوچەی نفوزی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بە ئەنقەرەوە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات . هاوكات هەولێرلەگەڵ بەغداشدا كۆمەڵێك كەناڵی سیاسی دیكەی كردۆتەوە چاوەڕوانی رێكەوتنی نزیكی لێدەكرێت لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ی عێراقی . بەڵام لەناوچەی نفوزی ئێراندا ئەگەرچی فراوانترە لە زەمانی پێش ڕیفراندۆم . ئێستاكە كەركوك و هەموو ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغداشی گرتۆتەوە . بەڵام هێشتاكە ئێران وهێزە شیعە دۆستەكانی نەیانداوەتەوە بە یەكێتی نیشتمانی .

عاجزی ئێران لە یەكێتی نیشتمانی ئەگەر لە ڕەواڵەتی سیاسیدا وا دەرناكەوێت بەڵام لە واقیعدا هێشتاكە بەهۆی بەشداری و پشتیوانی یەكێتی لە ڕیفراندۆم ئێران دڵشكاوە لە یەكێتی بەڵام داكەوتێكی تازە لەناوخۆی ئێراندا هاتۆتە پێش كە ناوچەی سەوز بۆ ئێران ببێتە بۆری هەناسە و ژیانە سەختە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران .

ئەگەر ئابلۆقە ئابووریەكەی ئەمریكا لەسەر ئێران توند بكرێتەوە ، دەروازە سنوریەكانی نێوان ناوچەی سەوز و ئێران ( باشماخ ، پەروێزخان ، سەیران بەن ، خوسرەوی ) ڕۆڵی ئوردنی جاران دەبینین بۆ عێراق . لەسەردەمی ئابڵۆقەی ئابووری سەر عێراق ، دەروازەی ئوردن بۆری هەناسەی عێراق بوو . ئەم ڕۆڵە گرنگەی ناوچەی سەوز بۆ ئێران بێ باج نابێت لەلایەن ئەمریكیەكانەوە . بۆیە ئێران پێش چاودێری كردنی ئەمریكا پێدەچێت چاوی لە تەواوی دەروازەكانی نێوان خۆی و هەرێم بێت ، ئەویش بە بەستنەوەی ئیبراهیم خەلیل لەنێوان توركیا و هەرێمدا بە هەموو دەروازەكانی هەرێم - ئێرانەوە بە حاجی ئۆمەرانیشەوە .

سەردانی ئاشتەوایی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی ( هێرۆخان و هەردوو كوڕەكەی ) ئەگەر بە گڵۆپی سەوزی ئێران بووبێت بەشێكی بۆ كردنەوەی ئیبراهیم خەلیل - حاجی ئۆمەرانە لە داهاتوودا لە دیدی سیاسەتی ئابووری ئێرانەوە . دیوێكی تری سەردانە ئاشتەواییەكە لە سیاسەتی نێوخۆی هەرێمدا ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئێرانی لەسەر نەبووبێت !؟ ناردنی نامەیەكی داخراوە بۆ ناوخۆی ناوچەی سەوز و سەركردە گۆڕان و یەكێتیەكانی تر كە جیاواز لەوان سیاسەتی ناوچەكە هەڵدەسەنگێنن .

لە ئێستادا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ، گۆڕانێك هەیە یەكێتیانە و گۆڕانێكی تر حكومەتی هەرێمیانە و پارتیانەیە و گۆڕانی سێهەمیش گۆڕانە ڕادیكالە بێ ماڵ و حاڵەكەیە . بەهەمان شێوەش لەناو یەكێتی دا ، یەكێتیەك هەیە گۆڕانانەیە و یەكێتی یەكی دیكە حكومەتی هەرێمیانە - پارتیانەیە و یەكێتی سێهەمین یەكێتیەكی ڕادیكالانەی بێ سەروبەر و باڵە . ئەم سێ تەیارە لەناو ئەو دوو حیزبە سەرەكیەی ناوچەی سەوزدا بەناو یەكدا ژاوەیان دێت . بەبێ ئەوەی ئاگایان لە میزاجی سیاسی خەڵك بێت كە هیچكام لەو ڕەوت و تەیارانەی ئەوانیان بەلاوە پەسەندنی یە ، بێ خەیاڵیشن لە سیاسەتی نوێ ی ناوچەكە كە لە سەرەتاكانی حەشری پاش جەنگدایە . بە ڕێكەوتن و كڕین و فرۆشێكی چاوەڕوانكراوی نێوان ڕوسیا و ئەمریكا واقیعێكی سیاسی تازە ، زۆر تازەتر لە تەوەقوعی  ئەوان دێتە پێشەوە كە ڕەنگە ئەمان بەرگەی نەگرن .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی