1. جگه له ئاشتبونه‌وه چ چاره‌سه‌رێكی تر هه‌یه؟ مه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی پاش چه‌ندین ساڵی پڕ شه‌ڕ و كوشت‌و بڕ و یه‌كتر ته‌خوین و سوك و ره‌زیلكردن، سه‌ره‌نجام چی‌یان كرد؟
هه‌مو رێگاكان ناچنه‌وه سه‌ر دانوستان و گفتوگۆ؟ جگه له گفتوگۆ چ رێگه‌یه‌كی تر هه‌یه؟
2. ئاشت ده‌بیته‌وه و كێرڤی هه‌ستیاریی و گڕگرتنی دۆخه‌كه كه‌مێك ده‌شكێنیت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه خراپتر نه‌بێت، له زۆر حاڵه‌ت دا ئه‌مه باشه، به‌ڵام له‌كاتێكدا تۆ سێ مانگ نابێت له هه‌ڵبژاردنێك بویته‌ته‌وه‌و تیایدا وه‌كخۆت ده‌ڵێی گزیی و ساخته‌كارییه‌كی زۆریان له دژ كردویت كه له هێزی دوه‌مه‌وه بوی به سێیه‌م و له منافه‌سه‌ی پارتییه‌وه هاتویته ئه‌وه‌ی هاوشانی هێزێكی تازه‌ی وه‌ك (نه‌وه‌ی نوێ) بیت، ئێستاش هه‌ڵبژاردنێكی ترت له‌پێشه، كه دانوستان ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ خوڵقێنه‌ری هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م "كاره‌ساته‌ی" به‌سه‌رت دا هاتوه، ئه‌مه چ جۆره سیاسه‌تێكه موغه پیره‌كانی گۆڕان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن؟!
3. ئێستا بڕیارت داوه چاو له‌م خاڵانه بپۆشی كه یه‌كێتی به‌رامبه‌رت كردویه‌تی: (ساخته‌كاریی، هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كیت، بێڕێزییكردن به‌رامبه‌ر به ئارامگای دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ت، ده‌ستپێكردنی سزای سیاسی دژ به لایه‌نگرانت و ... هتد)، ئه‌ویش له‌پێناو خه‌مێكی گه‌وره‌تر، ئه‌وه‌ی پارتی له‌وه زل تر نه‌بێت.
ئه‌مه خه‌مێكی مه‌شروعه، چونكه پارتی به‌عه‌كسی ناوه‌كه‌یه‌وه، هه‌تا گه‌وره بێت، دیموكراسیی كه‌متر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام نابێت ئه‌م پرسیاره ساده‌یه له‌خۆت بكه‌ی: كه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دا ده‌بنه هاوپه‌یمان و نایه‌ڵن پارتی گه‌وره بێت، كه‌واتا بته‌وێت یان نا یه‌كێتی گه‌وره ده‌كه‌یت یان هه‌وڵ ده‌ده‌یت هاوشانی پارتی بیهێڵیته‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا یه‌كێتی و پارتی چی جیاوازیه‌كیان هه‌یه؟ ئه‌م حزبه‌ی كه زیاد له‌جارێك تاقیتكردوه‌ته‌وه‌و هه‌مو جارێكیش بۆی سه‌لماندوی "ره‌فیقی قافڵه و شه‌ریكی دز" یان به عه‌كسه‌وه‌یه، به‌ته‌مای چه‌ند جاری تر ده‌رفه‌تی پێبده‌یته‌وه؟
4. كرۆكی دانوستان و ئاشتبونه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی، ته‌حشیدكردنه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، پاساوه‌كانیش ئه‌وه‌یه تۆماری ده‌نگده‌ران پاك نیه و ئه‌مه‌ش له قازانجی پارتییه. باشه ئه‌م زانیارییه زۆر كۆن نییه؟ تۆماری ده‌نگده‌ران كه‌ی پاك بوه؟
ترسی ئه‌م لایه‌نانه ئه‌وه‌یه كه جاران چونكه خه‌ڵكی ده‌نگی پێیان ده‌دا، ئه‌وا به‌شێكی به‌رچاوی گزییه‌كانی پارتی ده‌شارده‌وه، به‌ڵام ئێستا كه جه‌ماوه‌ر لێیان تۆراوه‌و بایكۆتی كردون، ئێستا بیری تۆماریان ده‌كه‌وێته‌وه!
پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌وه هه‌ڵبژاردن وه‌ك ده‌وترێت بۆ دوساڵی تر دواخرا، گرنتیی چییه تۆماری ده‌نگده‌ران دوای ئه‌و ماوه پاك ده‌كرێته‌وه؟ یان له‌وه‌ش گرنگتر: گرنتیی چییه خه‌ڵك دوباره دێته‌وه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بۆ تۆ؟ تۆ ئه‌و حزبه‌ی كه نه ده‌توانی ده‌نگی دزراوی ده‌نگده‌رانت بگێڕیته‌وه، نه لانیكه‌م شعوریان هێنده‌ی تر بریندار نه‌كه‌یت و له‌ته‌ك ئه‌و حزبه‌دا نه‌بیته هاوده‌نگ كه مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ی هه‌ر كه‌ی ویستی، به سه‌رخۆشیی و هه‌ر بۆ خۆشیی، به‌سه‌ر ئارامگه‌ی رابه‌ره‌كه‌ت دا سه‌لێ ئه‌كات!
ئازاد عوسمان
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی