باشترین بژاردە بۆ سەرۆك كۆماری

30/08/2018

لەتیف فاتیح فەرەج


 ئەگەر پشكەكان هەر بەو جۆرە بن و كورد سەرۆك كۆماری بەربكەوێت ، ئەوە دەبێت كرد بۆ ئەو شوێنە بە دووی كەسێكدا بگەڕێت لانی كەم بەشێك لە تواناكانی تاڵەبانی تیا بێت ، یان جێگرەوەیەكی باشی ئەو بێت ،ئەمە ناكاتە ئەوەی كەس بێبایەخ نیشان بدەین ، پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر تەشریفاتیش بێت وەك هەندێك وانیشانی دەدەن و لە دەستوریشدا دەسەڵاتەكانی دیاری كراون ، بەڵام كەسایەتی بە هێز دەتوانێت زۆر باش بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكەی و پێكهاتەكەی بە كاری بێنێت ، من بۆخۆم لە تەك دابەشكاری نەتەوەیی و تائیفیدا نیم ، لێ دۆخی عێراق بەو جۆرەیە ، یان دەبێت 3 یاخود 5 هەرێم بێت و لە ناوەندا بە هەندێك پۆست رایەڵەی بەستنەوە هەبێت ، یان بەم جۆرەی ئێستا سێ پۆستەباڵاكە لە نێوان شیعەو كوردو سونەدا دابەشبكرێت .

2
ئەوانەی تا ئێستا ناویان لە سەر زارانە و هەندێ جار میدیاو ناوەندی نافەڕمی باسی لێوە دەكەن بریتین لە :

یەكەم : دكتۆر لە تیف رەشید لە عێراقدا كەسێكی ناسراوەو پێشتر وەزیری سەرچاوە ئاویەكان بووە وپەیوەندی فراوانی بە كەسایەتیە سیاسیە عێراقیەكانەوە هەیە ، بەڵام لە سەردەمی وەزیریداو لە هەموو ئەوماوانەدا كە لە بەغدا بوو نەیتوانی وەك كاریزما ، یان كارەكتەرێكی دیار دەربكەوێت ، بۆخۆیشی كەسێكی كەمدوو دورە پەرێز بووە ، بۆیە بە باوەڕی من ئاسان نیە بتوانێ سەرۆك كۆمارێكی سەركەوتو بێت ، بەو مانایەی كورد دەیەوێت .

دووەم : دكتۆر محەمەد سابیر ئەو یەكدوو جارەی بینیومە ، بە كەسێكی هێمن و سەنگین هاتوەتە بەرچاوم لە رابردوشدا لە دەرەوەی عیراق و كوردستان پۆست و پلەی زۆری هەبووە ، بەڵام ئەویش لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە رەنگە نەتوانێ كارەكتەرێكی بە هێزو بگۆڕ بێت ، ئەمەش نەك لە بەر ئەوەی توانای نیە ، لە بەر ئەوەی عیراق و كوردستانیش پێویستیان بە لەوە زیاترو زۆر ترە .

سێیەم : هۆشیار زێباری  كەسایەتیەكی دیارە ، وەزیری دەرەوە بووە ، لە دەرەوە چەندین پۆستی هەبووە ، لە سەر ئاستی عیراق زۆر  ناسراوە، بەڵام ناتوانێت پۆستی سەرۆك كۆماری بەڕێوە بەرێت و لە ناو عێراقیەكانیشدا خۆشەویست نیە .

چوارەم : دكتۆر فواد مەعسوم ، پیاوێكی بێدەنگ و بەڕێزە ، لە رابردودا نەیتوانی سەركەوتوانە ئەو پۆستە بە ڕێوە بەرێت ، یان لانی كەم تواناو تینی مام جەلال هیچی بۆ ئەم نەهێشتبوەوە ، دكتۆر فواد مەعسوم باسی ئەوە ناكرێت یەكێ بێت لە كاندیدەكان .

3
دكتۆر بەرهەم ساڵح كەسێكی ناسراوە ، توانی یاریكردنی سیاسی زۆری هەیە ، لە سەر ئاستی دەرەوەو ناوەوەی عیراق زۆر ناسراوە ، قسە زان و توانای سەرنڕاكێشانی ئەوانی تری هەیە ، لە عیراقدا پلەو پۆستی جیاجیای هەبووە ، زۆرێك لە تواناكانی مام جەلالی تیایە ، ئەو جگە لە پارێزەری دەستور دەتوانێ نوێنەرایەتی پێكهاتەی كوردیش بكات ، لە راستیدا نابێ بەوە فریو بخورێت كە سەرۆك كۆمار هی هەموو عێراقیەكانەو نابێ لایەنگری بكات ، هەرسێ پۆستەكە لە سەر بنەمای پێكهاتە سەرەكیەكان دادەنرێن ، سەرۆك كۆماریش جگە لەوەی سەرۆك كۆماری عیراقە نوێنەرایەتی كوردیش دەكات ، بۆیە من لام وایە بەرهەم ساڵح بۆ قۆناغی داهاتوو باشترینە.

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی