شایەدی كارەسات‌و حكومەتیش دەست لەئەژنۆ!

30/08/2018

شوان بەرزنجی

 بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ونیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستم كەوتوون ، ئەگەر هەرێمی كوردستان بیەوێت رێگاوبانەكانی بكاتە جووت ساید و تەواویان بكات، پێویستی بە 5 ملیار دۆلارە!.

بێگومان 5 ملیار دۆلار بودجەیەكە زەحمەتە حكوومەت بۆ ئێستا و داهاتوویەكی دووریش بتوانێت دابینی بكات، بۆیە دەبێت كەرتی تایبە و كۆمپانیاكان بێنە پێشەوە ئەو رێگایانە بۆخۆیان تەواو بكەن و دواتریش وەكو ئەزموونی وڵاتان بڕێك پارە لەو شۆفێرانە وەربگرن كە ئەو رێگاوبانانە بەكار دەهێنن.

لە ساڵی 2010  ماستەر پلانی بە جوتسایدكردنی رێگاوبانی دەرەوەی شارەكان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد و ئەو  پرۆژەیەش‌ ‌ 2 ملیار‌و 500ملیۆن دۆلاری‌ بۆتەرخانكراو، كە هەرساڵەو بەشێكی‌ ئەو بودجەیەی‌ بۆ خەرج بكرێت، بەڵام وەكو دەبینین ئەو پلانە تەنها لەسەر كاغەز بوونی هەیە و لەئەرزی واقیع بوونی نیە، بۆیە پێویستە حكوومەت و كەرتی تایبەت بە نەخشەرێگایەمی دیاریكراو پێكەوە رێگایەكی تر تاقی بكەنەوە، ئەویش ئەو رێگایەیە كە كۆمپانیاكان رێگاكان تەواو بكەن و دواتر بۆ ماوەی چەند ساڵێك كرێی رێگاوبان لە ئۆتۆمبێل و شۆفێران وەربگرن.

بەم ستراتیژیەتە هەم هاتووچۆ ئاسان دەبێت هەم زیانە گیانی و ماددیەكان كەم دەبنەوە، چونكە  ساڵانە لە هەرێمی كوردستان  زیاتر لە 8 بۆ 10 هەزار هاووڵاتی بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە بریندار دەبن، هەروەها 850 كەسیش گیان لە دەست دەدەن،كە بەپێی ئاماری وەزارەتی  تەندروستی  رۆژانە 3 كەس گیان لە دەستدەدەن و 28 كەسیش بریندار دەبن.

بێگومان وێرای زیانە گیانیەكان،زیانی زۆر گەورەی داراییش بەر هاوڵاتیان دەكەوێت كە ساڵانە  بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

لە هەرێمی كوردستان نزیكی 2 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، بێگومان نیوەی زیاتری ئەو ژمارەیە رێگاكانی دەرەوە بەكار دەهێننن بۆیە ئەگەر رێگاكانی دەرەوە بە بڕە پارەیەكی كەم بكرێنە پارە و بارقورسی لەسەر گیرفانی خەڵك دروست نەكات،  هەم خەڵك هەم حكوومەت و كۆمپانیاكانیش قازانج دەكەن. 

بۆیە لە بڕی ئەوەی ئێمە رۆژانە شایەدی هەموو ئەو زیانە گیانی و ماددیانە بین و حكوومەتیش دەست لە ئەژنۆ بێت، پێویستە تەواوكردنی رێگاوبانەكان بدرێتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیان ناوخۆیی و بیانیەكان بە تایبەت ئەوانەی ئەزموونی باشیان هەیە و پەرێزیان پاكە. 

شوان بەرزنجی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی