31ی ئاب

31/08/2018

عیماد عه‌لی

قسە لەسەر ئەوە نیە كە 31 ئاب دەستكەوتی هەبووە یان نا، سەرەرای ئەوەی جگە لە دەستكەوتی كەسی وحزبی تەسك هیچ شتێكی تێدا نابینرێت. لیڕەدا قسە و پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە ئایا 31ی ئاب وەكو پرۆسە و بنەما و ئامانج و وەك پێناسە خیانەت نیە؟ یان هەڵەیەكە تەنانەت نەیارەكانی پارتی بۆ رووپەرمایی باسیان دەكرد؟ هۆكاری دەستنیشانكردنی ئەم پرۆسە سیاسی و عەسكەریە وەك خیانەت بەو دەستكەوتانە ناسریتەوە كە هەر كەسە وبیەوێت بۆ مەرامی حزبی و پەرێزپارككردنەوە  و مەرایی ساڵانە قسەی لەسەر بكات. 

گرنگ رەفتار و ئامراز و رێگەكە و ئامانج و كردەوەكەیە لە رووی پرەنسیپەوە دەچێتە خانەی خیانەتەوە یان نا. قسەكەش لێرەدا ئەوە نیە كە پێشتر هاوشێوەی ئەم جۆرە خیانەتە نەكراوە، بەڵی زۆریش كراوە و جگە لە زیانی دوور مەودا هیچ لێ سەوز نەبووە و چارەنوسی بكەرانی هەمیشە پەشیمانبونەوە و پەنجەگەستن بووە، ئەمە خیانەتەی سەردەمیش مێژوو دەریدەخات كە چیە و بە هیچ بەهانە هینانەوەیەك ناسرێتەوە.

لەم رۆژە نالەبارەدا، پێوست بوو باس لە دەستكەوت بكرێت نەك بەهانە بۆ كاری نابەجێ و خیانەتەكان بهێنرێتەوە و هەوڵی پەرێزپاكی بدرێت، ئەگینا زۆرینەی رەهای سەركردە و حزبەكانی سەر ساحەی سیاسی كوردستان بە شێوەیەك لە شێوەكان چمكێك لەم شانازیە مێژووییەی!!بەردەكەوێت كە ئەوەندە تەڵخە  ناتوانرێت كاڵ بكرێتەوە.

با بزانین بۆچی تەنها پاساوەكانی 31 ی ئاب لەلایەن خەڵكی لاواز و دوور لە ناوەندی بەهێزی پارتی قسەی لەسەر دەكرێت و، تەنانەت رۆژێك بارزانیەك بەو شێوەیە زەقە نەیوێراوە پاكانە بۆ رەفتارەكان بكات، سەرەرای ئەوەی دەڵێن كاردانەوە بووە و، بۆ خۆپاراستن و لەناونەچون بووە. ئەگەر ئەو رەفتارە نەكرابایە ئێستای كوردستان بەهەمان شێوە دەبوو لە جیاتی ئەوەی زەرد زاڵ بێت سەوز زاڵ دەبوو، كە هیچیان دەستكەوتی مێژووییان بۆ كوردتسان تۆمار نەكردووە، بۆیە بۆ گەلی كوردستان تۆزقاڵیك جیاوازی نەبوو لەوەی ئەمرۆ هەیە، نە لە بارەی قەوارە و ئەرێنی و نەرێنی بەهێزی هەر لایەنەێكیان لەسەر ساحەی كوردستان و نەش لە لایەنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری  و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری كوردستانەوە، جگە لەو ماڵوێرانیە نەبێت بەسەر میلەتەدا هێنرا و كوشت و كوشتارەشی لێكەوتەوە. بۆیە مێژووی گەلی كوردستان پرە لە نەهامەتی و دەردەسەری و، خیانەت و 31ی ئابیش یەكێكە لەوانە و بەڵكو خیانەتێكی زەقی هاوشێوەی ئەوەیە لە مێژووی جیهاندا روویداوە لە پشتبەستن بە دوژمنان لە كوشتنی رۆڵەی خۆت، ئەمە جگە لە قەسابخانەی خەڵكی دۆست و ئۆپۆزسیۆنی دژ بە بە دكتاتۆرێك كە ئەنفال و كیمیاباران و كوردقرانی كرد و لەوانەیە لە دەسەڵاتەكانی تر ستەمكار تر بوبێت. بۆیە ئەمە جیاوازی ئەم خیانەتە بێت لەوانی تر كە دەبێت زیاتر نەفرەتی لێبكرێت نەك شانازی پێوە بكرێت كە خاڵێكی شەرمەزاریە و كەسە لاوازەكانی ناو پارتی و بۆ خۆ بردنە پێشەوە و مەرایی  و لە پێناو دەستەكەوتی كەسی تەسك و چەواشەكاری بێدەریەستانە خیانەت دەكەن بەدەستكەوت. مێژوو حوكمی خۆی دەكات و، وا باشە بۆ ساڵانی تر كەس ئەم كایە شەنوكەو نەكات تاوەكو مێژوو بریاری و حوكمی خۆی دەدات بەخۆی هەموو شتێك بۆ نەوەكان روون دەبێتەوە.

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی