تەرمێکی نەناسراو لە پشت گابەردەکە

31/08/2018

عەزیز رەئوف

لە دوای ڕووداوەکانی 31ی ئابی 1996 لە چیا و گوندەکانی پشتی قەڵادزە، شەڕ سەخت بوو لەنێوان پارتی و یەکێتی، من دەبوو خۆم بگەیەنمە بەرەی ئەوبەر و بگەمە قاسمەڕەش، لە گوندێک مامەوە لەنێوان هەردوو شەڕەکە. شەو خاوەن ماڵەکە پێدەچوو کوڕەکانی لای یەکێتی بن، پێم دەڵێ سبەی لەگەڵ مەڕەکاندا دەچینە دەرەوە و تۆ خۆت بکە بە شوان بۆ ئەوەی چەکدارەکانی پارتی گێچەڵت پێ نەکەن. منیش بەقسەی دەکەم و سبەی دارێک بەدەستەوە دەگرم و مەڕەکان لێدەخورم و خۆم دەکەم بە شوان. گەیشتینە بەرزاییەک شوانی خاوەن مەڕەکە پێم دەڵێ دوێنی لە پشت ئەو گابەردە چەکدارێکی پارتی کوژراوە وابزانم تەرمەکەی هەر لەوێیە. من وتم دەچم نازانم، بۆ حەزم کرد تەرم ببینم. کەچووم کوڕێکی گەنج لەسەر پشت کەوتووە و یەک فیشەک نێوچاوانی پێکاوە، نە پێڵاوی لە پێدایە نە پشتێنی لە پشتا ماوە و نە تاقم و تفەنگیش. تومەس دوای گیانلەدەستدانی، گەیشتونەتە سەری و ڕووتیان کردۆتەوە. گەنجێکی فزولی بووم و ئارەزووم بوو بزانم کێیە و خەڵکی کوێیە، گیرفانەکانی گەڕام، لە ڕەسمێکی خێزانی زیاتر هیچی تیانەبوو. ڕەسمەکە ئەم کوڕە بوو لەگەڵ هاوسەرەکەی کە جلی ڕەشی لەبەردابوو وەک ئەوەی دڵی خەبەری پێ دابێت ڕۆژێک جێی دەهێڵێ، کچێکی نزیک شەش ساڵی جل سور دەستی خستبووە سەر شانی دایک و باوکی و منداڵێکی بچوک لە باوەشی دایکیدا هەر چواریان سەیری کامێراکەیان دەکرد. ئەژنۆم شکا، دانیشتم و بەدیار تەرمەکەوە گریام، شوانەکە وتی: خێراکە دورکەوە، ئێستا چەکدارەکان دەگەن و تەرمەکەیان دەبەنەوە. بە پشتێنەکەم چاوەکانم سڕی و ڕەسمەکەم خستەوە گیرفانی تەرمەکە و چوومەوە بۆ لای مەڕەکان.
* * **
لە قاسمەڕەش گیرسامەوە. خێمە و ڕیزە دوکانێک، ئاوێکی زۆر لەبەینی سنوری هەرێمی کوردستان و ئێران بەرەو ڕووی زەڵێ هەبوو، ئەو ناوە خێمە و دوکەڵ و ئاگر و ئاوەدانییەک بوو هەر مەپرسە.
ئافرەتێکی خەڵکی ناوچەکەی خۆمان لەدەم ئاوەکە لە تەشتێکدا جل دەشۆرێ و ئاوی گەرم کردووە، من دەبینێ و دەڵێ وەی دایکت کوێر بێ عەزیز جلەکانت چەند چڵکنن بەخوا جلەکانت دادەنێیت و بۆت دەشۆم و وشکی بکەرەوەو بیکەرە بەرت، زۆرم هەوڵدا نابێ، سودی نەبوو، جلەکانم لەبەرم داکەند و جل شۆرا و لەسەر بەردێک هەڵخراوە و منیش بە شۆرت و فانیلەی عەلاگەوە لەسەر بەردێک دانیشتبووم تا جلەکانم وشک بێتەوە، تەعزیبێک بوو بۆخۆی. 
هاوار مستەفا خان بە من دەڵێ پارەمان پێ نیە با بچین لەبەردەم ئەو ئاوە تەنەکەیەک دادەنێین و تۆ دانیشە لەسەری و منیش مقەستێک و شانەیەک دەهێنم بەسەرتا وەک ئەوەی خەڵکینە وەرن ئێوەش سەرتان چاک بکەین بەڵکو پارەیەکمان دەس بکەوێت، هەر لەبەیانیەوە هەتا ئێوارە لەسەر ئەو تەنەکەیە دادەنیشم و هاوار بەدەورما بە شانە و مقەستێکەوە کەس نایا بەلاماندا، پیاوێک دەیویست لە ئاوەکە بپەڕێتەوە وتی : ئەرێ کاکە تۆ لە بەیانیەوە لەسەر ئەو تەنەکەیە چی دەکەی، من و هاوار پێ دەکەنین و زانیمان پیاوی کاسبی نین. 
بەرپرسێکی یەکێتی ئێستا پۆستی باڵای هەیە مەسینەیەکی بەدەستەوەیە و دەیەوێت بچێتە ئەوبەری ئاوەکە بۆ ئەوەی دەست بە ئاو بگەیەنێت و پاسەوانەکەشی بە کلاشینکۆفێکەوە دوای کەوتووە، منیش بیر دەکەمەوە، ئایا کە ئەم پیاوە دادەنیشێت دەبێ پاسەوانەکە قوونی ببینێت؟ ئیتر بۆم دەرکەوت پاسەوانی کارێکی ئاسان نیە و بۆیە بەشێکی زۆر لە حیمایەی بەرپرسان لە بەرپرسەکانیان دەستیان باشتر دەڕوا، چونکە قوونی بەرپرسەکەیان بینیوە و نهێنی زۆری بەرپرسەکانیان دەزانن. 
کە دوای 31ی ئاب هاتینەوە سلێمانی و پۆزی حیمایەی بەرپرسانم بینی ئینجا زانیم کە پاسەوانی ئەرکیکی ئاسان نیە و ئیمتیازی لە زۆر کاری تر زیاترە. (کە لە زانکۆی سلێمانی بووم خوێندکارێکی هەولێری هاوڕێم بوو قانونی دەخوێند، پێم وت کە زانکۆت تەواوکرد چی دەکەی؟ لە وڵامدا وتی" قانونی تەواو دەکەم و دەبم بە عیمایەی کاک کۆسرەتی ).
شەوی قاسمەڕەش ساردە، دەچین جلی کوردیمان بۆ بدورن، خۆمان کرد بە خێمەیەکدا بۆ ئەوەی باڵامان بپێون و قاتەکەمان بۆ بدورن، لە خێمەکەدا کە کەمێک تاریک بوو بەرگدرووەکەم بینی هەر دەیوت دەی کاکە وەرن، کە نزیک بوومەوە سەیر دەکەم خوالێخۆشبوو عوسمان عەلی گۆرانیبێژە، کەمێک پەشۆکام، مامۆستا عوسمان وتی کوڕم بۆ وەستاوی دەوەرە باڵات بپێوم، بەشەرمەوە چومە پێشەوە لە ڕوخسارە زەعیف و ماندووەکەی عوسمان عەلی ڕامام کە هونەرمەندێکی وا گەورە چەند خەم و چەرمەسەری لە ژیاندا چەشتووە.
کە لەخێمەکە هاتمە دەرەوە نازانم بۆ لەبەرخۆمەوە گۆرانیم دەگوت و دەموت:
ئای لەهاڕەی گۆبەرۆک، ئای لە خرنگەی لەرزانە.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی