ئەوساو ئێستاو بەراوردێك

01/09/2018

هێمن حەسەن

ئەوسا...
بیرمە و ئێستاش دەیبیستین كە هێنانی تانك و دەبابەكانی سوپای بەعسی رووخاو لە ۳۱/ی ئابی۱۹۹٦ بەپێ ی شرۆڤە و شیكاری ئەو پارتییانەی شانازی بەو مێژووە ڕەشەوە دەكەن، بەرەنجامی هێنانی سوپای پاسداران و  هاوكاری كردنی هێزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كورستان بووە لە لاواز كردنی پارتی دیمۆكراتی كوردستان و دەسبەسەرداگرتنی سێ یەكی خاكی ئەوسای هەرێمی كوردستان و بەگیرهێنانی هێزەكانی پارتی لەهەموو لایەكەوە. تەنانەت مام جەلال یش لە زۆرشوێندا باسی لەوە كردووە كە ئەگەر ئەوكاتە هێزەكانی پارتی ئەمریكایان هەبووبێت، ئەمانیش ئێران و هێزەكانی پاڵپشت و پشتیوانیان بوون، بۆیە بەپێی قسەكانی ئەوان بێت خیانەت بەرەنجامی خیانەتە.

ئێستا....
هێزەكانی سوپای عێراق سەدا(٥۱)ی خاكی هەرێمیان داگیركردۆتەوە، هێزەكانی سوپای توركیا بەشێكی زۆری خاكی كوردستانیان بە ڕوونی داگیر كردووە و هێزەكان و دەزگا هەواڵگرییەكانیان وەك رۆژی روناك بە شارەكانی كورستاندا دەسورێنەوە و رۆژانەش بەفرۆكە تۆپبارانی ناوچە كۆچەر و گوندنشینەكان دەكەن، لەولاشەوە سوپای ئێران و هێزەكانی روناكیی پایەگاكانیان بە ئاشكرا لە سنورەكانەوە دەدرەوشێتەوە و تۆپبارانیش بڕستی لە دانیشتوانی سنورەكان بڕیوە.

پرسیارەكە ئەوەیە:
بۆ هیچ كام لە هێزەكانی پارتی دیمۆكرات یان یەكێتیی نیشتیمانی لەئیستادا دەستی حكومەتی عێراقی ناگرن و سوپای ئەو دوو وڵاتە داگیركەرە و چاوساغ و جاشەكانیان لە سنورەكانیان وەدەرنانێن؟ یان خۆیان چاوساغ و داردەستی ئەو هێزە داگیركەرانەن بۆیە تەقە لە دوو بەرد ناهێنن؟

بەراوردەكەش ئەوەیە:
ـ ئایا بوونی هێزەكانی سوپای عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان و دەستبەسەرداگرتنەوەی سەدا (٥۱)ی خاكی كوردستان لە دوای پرۆسەی بەناو (ریفراندۆم) و (۱٦)ی ئۆكتۆبەر، جیاوازی چییە لەگەڵ بوونی هێزەكانی توركیاو ئێران لەناو خاكی هەرێمدا؟
ـ ئایا جەمسەرەكانی شەڕی ناوخۆ (یەكێتی جەمسەری ئێرانی سەفەوییەكان و پارتی جەمسەری توركە عوسمانییەكان) كەی بەرەنگاری ئەو داگیركارییە دەبنەوە كە لە (۱٥۱٤)ی سەردەمی چاڵدێرانەوە بەردەوامە؟
ـ ئایا كەی سەركردایەتی ئەو دووحزبە دابڕاوە لەجەماوەری كوردستان و لایەنگرانیان بەخۆیاندا دەچنەوە و خۆیان دەبن؟
كۆمەڵێك پرسیار هەموومان چاوەرێی وەڵامەكانیانین

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی