كۆنفیدراڵی حیزبی، یان خەونێكی هەڵبزڕكاو

03/09/2018

سەمەد زەنگەنە

  لە دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەتا ئێستەشی لەگەڵ بێت ، كۆمەڵێك لە سیاسی و نوسەرو ڕوناكبیران داوا ، تەمەننا ، بەرنامەڕێژی ، پێشنیار ... دەكەن كە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی یەكبگرنەوە ، بەڵام من ئەو داواكاریانە بە خەون و خەیاڵێكی ڕۆمانسیانە لە قەڵەم دەدەم .  لە  دیالەكتیكی ئەنجامی  ئەو ڕاستیەی  كە ئەگەر دوو حزب نەتوانن ببن بە هاوپەیمانی یەكدی ، مەحاڵە یەكبگرنەوە ، تەنها بە  ( تەسلیمبونی لایەك ) سەرجەم موعاناتەكانی هەردوو حزب كۆتایی پێدێ ،لە (گۆشەگیری و تەكەتول و مردنی لەسەرخۆو )،دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە كۆنفیدرالی حزبی لە خەونێكی هەڵبزڕكاو زیاتر نیە .

چۆن یەكبگرنەوە كە هەردوو حزب ستراتیژێكی ڕونیان نەبێت لەسەر سەرجەم بابەتەكان ؟

یەكیان لۆكاڵی و شارێك دەخرۆشێنێ و پایتەختیش ئارام ،ئەویتر نەك تەنها بانگەشەی كوردستانی دەكات بەڵكو خۆی بە بەشێك لە ستراتیژی نێودەوڵەتی سۆسیالدیموكراتەكانی دونیا و لیبراڵەكانی جیهان و چەپە نوێیەكانی ئەم سەردەمە دەزانێ .

یەك لە سیاسەت و هاوكێشە نێودەوڵەتیەكاندا هەر لە سەرەتاوە خۆی ئاشكراكردوو بەرەی نزیكی شارەكەی لە سنورێكەوە،  كردوە بە پێوەرێك بۆ هەڵسوكەوتە سیاسی و هاوپەیمانیەكانی  ، ئەویتر هەتا ئێستاش خۆی یەكلایی نەكردۆتەوەو هەرڕۆژەی لە بەرەیەكدا سەنگ و قورسایی سیاسی و هاوپەیمانیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكەی لاوازتر دەبێت .

یەك سكرتێرە حەكیم و سیاسەتمەدارە دەگمەنەكەی ماڵاوایی لێكردوەو دەنگی دلێری  نەماوە بۆ كپكردنەوەی دەنگە لاسارەكان وحەوسەڵەی حیواری كاریزماكەی نەماوە بۆ قەناعەتپێكردن و ڕازیكردنی تۆراو و دڵشكاوەكان وهەیمەنەو هەژمونی ماڵاوایی كرد بۆ ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی یەكێتی و كوردوستانی و عێراقی ، درود بۆ ڕۆژانێك مام جەلال لەسەر خاڵ و فاریزەی ڕۆژنامەكانی یەكێتیش دەهاتە دەنگ .ئەوە دیكتاتۆریەت نەبوو مام جەلال پیادەی دەكرد ، بەڵكو  ئەو دیسپلینە حزبیە بوو كە هەموو یەكێتیەكانی بە یەكەوە گرێدابوو، كە ئێستا هەست بە نەبونی ئەو دیسپلینەو   لەدەستدانی مام جەلال دەكرێت ، ئەوە هەژمونی كاریزمایەك بوو كە كوردستانیەكانی لە ژێر چەترێكی كوردایەتیدا كۆ كردبوەوە .

یەكێكیدی (گۆڕان ) : كاریزماكەی ئەویش بە جێی هێشتن و بە جێی هێشتین ، حزبەكەی لە پاشاگەردانیدا دەخولێتەوەو هیچ ناوەندێكی حەكیمانە شكنابات بۆ بریاردان ، هەر ڕۆژەی ستراتیژێك و هەر ڕۆژەی تاكتیكێكی نامۆ بە هونەری سیاسەت پیادە دەكات .

یەكێك مەكتەبی سیاسیەكەی هەریەك لە ئاوازێك دەخوێنێ و كەسیش نازانێت چەند تەكەتولە! هەندێكیان هەتا ئێستەش تەمەننای ئەوە دەكات یەكێتی و گۆڕان ببنەوە بە یەك حزب و یەك بڕیار، هەندێكی تر كە من لەو باوەڕەدام زۆرینەن ئاو لە پێستەی سەری گۆڕان دەخۆنەوە، هەندێكی تریش وەكو گەمەیەكی سیاسی  نزیكبونەوە لە گۆڕان وەكو دوا فشار بەكاردێنێ دژی تەكەتولەكەی تر.

دیسانەوە سلێمان یونسی هاوڕێم لە دوا وتاریدا دەڵێت ( یەكدەگرنەوە ) !!!

چەند بەڵگەو بیانویەكی هێناوەتەوە ئەڵێت : ( بە سەرنجدان لە واقیعی جێنفوز ، خواستی بنكەی جەماوەری ، كاریگەری ماتریالیزمی مێژویی ) ، یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان كارێكی لۆژیكی و ئاسانە ، بەڵام بە تێگەیشتن لە خواست و ئیرادە و بەرژەوەندی سەركردەكانیان ئەم پرۆژەیە ئەستەم و ئاڵۆزە .!!

من لەو لێكدژی و تەناقوزەی چوار وشەی بەكارهێنراو : ( لۆژیك ، ئەستەم ) ، ( ئاسان ، ئاڵۆز ) ، دەگەمە ئەو قەناعەتەی كە هاوڕێكەم توشی(  شیزۆفرینیای سیاسی ) بوە ، توشی تەناقوزێكی فیكری و لێكدژیەكی زمانەوانی و وشەبازی بووە ، ئاخر كێ دیویەتی ( مەنتیق و مەحاڵ ) برای  یەك بن ؟ ( ئەستەم و ئاسان ) یش دۆست و هەتا  دراوسێی یەكیش بن؟.

هاوڕێكەم ، من پێم وتی خەیاڵ پڵاوی لە سیاسەتدا ، دورت دەخاتەوە لە زانستی سیاسەت و پێشبینی واقیعیی بۆ ڕوداوەكان ، تۆ بۆم دەنوسی( ئەوە نەخۆشی كەسی و  گرێی دەرونی هەیەو پەروەردەی خێزانی خراپ و كۆمەڵگای نەخۆشە)  !!

كێ كرێی دەرونی هەیە ؟ ئەوەی ڕۆژێك سكرتێری (كاكە) و دژی ( شاژن ) و ، سبەینێ كوڕی ماڵ و دژی كاكە و ، سبەینێیەكی تر دژی هەردوكیان و دەمڕاستی ( شەرتی كردار ) و ئێستەش و سبەینێیەكی تریش گەڕانەوەو هاوپەیمانی و یەكگرتن و ....هتد .

كێ بوو  دەگوت و دەینوسی : (گرفتی لای گۆڕان پەیوەندیدارە بەخەیاڵێكی سیاسی بێهودەوە و لەم پێناوەشدا هەرچی دەكات نازانێت چۆن خواشی هەبێت و خورماش!)،
 
كێ بوو دەینوسی 😞 هەرچی گرفتی یەكێتیشە، پەیوەندیدارە بەیەكلایی نەبوونەوەی دۆخی ناوخۆی، چونكە هەریەكێك لەئاراستە جیاوازەكان، خوازیاری سەركەوتنی یەكجارەكییە بەسەر ئەوی تریاندا كە ئەمەش وەك ئەوە وایە، بەنۆبەت حەكایەتی مێش بۆ یەكتری بكەن!) ،

ئەم وتانەت سێ ساڵ بەر لە ئێستە نوسیوە ، ئەی پێم ناڵێی ئێستە چی گۆڕاوە ؟ وا بنكەی جەماوەری و جێنفوز و ماتریالیزمی مێژویی تەحەكوم دەكات ؟ 

ئایە ئێستەش گۆڕان خواو خورماشی ناوێت ؟ ئایە ئێستەش تەكەتولەكانی یەكێتی هەوڵنادەن سەركەوتنی یەكجاری بەسەر ئەویتریاندا تۆمار بكەن ؟ ئایە ئێستەش بە نۆرە حیكایەتی مێش بۆ یەكتری  ناكەن ؟ 

ئایە ئێستەش یەكێتی و گۆڕان لە هەوڵی هاڕینی یەكتردا نین ؟ یەكتری لە قاڵب نادەن ؟ كە تۆ لە كۆنفیدرالی حزبیدا نوسیوتە :(لە دیدی منەوە یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكێتی بە مانای هاڕین و لە قاڵبدانی گۆڕان و هاوپەیمانی نیە بەڵكو ئاوێتە كردنی ڕەگەزە گرنگەكانی یەكێتیە لەگەڵ بەهاو باوەڕە مۆدێرنەكانی ئەو دوو هێزە نوێیە ) . 

پەكو لە گەورەیی خواو نازداری ئەو تیۆرییە سیاسیە ، ئەی ئەگەر ئەتزانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان خاوەنی ئەو ڕەگەزە گرنگانەیە ( كە باست نەكردون ) بۆ بە جێت هێشت ؟ بۆ دژی وەستایتەوەو دەیان وتارت دژی ئەو ( ڕەگەز ) انە نوسی و دەیان چاوپێكەوتن و بەرنامەت  دژی ئەو ڕەگەزە گرنگانە ئەنجامدا ؟ 

پێم ناڵێی بۆ دوێنێ گرفتی گۆڕان لای تۆ خەیاڵێكی سیاسی بێهودە بوو) ئەی ئێستە بۆ بوون بە( بەهاو باوەڕی مۆدێرن)   ئەتوانی تەنها دوو جیاوازی  مۆدێرن و تەقلیدی یەكێتی و گۆڕانم پێبڵێی ؟  

یاخود جەنابت تەنها مەبەستت هاوپەیمانیەكەی خۆتانەو شین بۆ هەریسەكە ئەكەی نەك حوسێن ؟

یەكێتی چەندین ساڵی پێویست بوو هەتا برینەكانی جیابونەوەی گۆڕانی ساڕێژ كرد ، تۆ بڵێی چەند ساڵی تری پێویست بێت هەتا برینەكانی جیابونەوەی د. بەرهەم و هاوپەیمانیەكەی ئێوە ساڕێژ بكات ؟ 

یەك پرسیاری ترلە حزوری جەنابتا : ئەگەر هاوپەیمانی دە كورسی پەرلەمانی بهێنایە  ئێستە تۆ داوای یەكگرتن و هاوپەیمانیت دەكرد ؟ یان دەتگوت : پێویستە هەموو یەكێتیەكان حزبێكی تەقلیدی سواوی وەكو یەكێتی جێبهێڵن و ڕوبكەنە هاوپەیمانیەكی مۆدێرن .

هاوڕێكەم ... وا بزانم ( با ) یەكە هەڵی كردوو ، كڵاوەكان با بردنی .

سەمەد زەنگەنە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی