قدیسەكانی شار

04/09/2018

په‌یكه‌ر عوسمان


- ئەو هاوخەمییە خۆڕسكە بۆ مەرگی دوكتۆرێكی سلێمانی یان بۆ ژینگەپارێزێكی مەریوان، یان بۆ كاكە زیادی هەولێر.. پێمان ئەڵێ لە ویژدانی ڕاستەقینەی ئێمەدا پاڵەوانی ڕاستەقینە، مرۆڤە بەخشندەو خزمەتكارەكانن، نەك سەركردەو سیاسی و شەڕكەرەكان. 

سیاسی لە ویژدانی دووەمماندا پاڵەوانە، كە ویژدانێكی درۆییەنەی دەسكردەو ئەو خۆی بۆی دروست كردوین!

- ئەكرێ سیاسیش وەكو دوكتۆرو هونەرمەندو فیگەرەكانی تری كۆمەڵگا، بەخشندەو خزمەتكاربێ و بەر ویژدانی ڕاستەقینەمان بكەوێ، بەڵام تەنیا كاتێك، كە ویژدانی نەشێواندبین و ویژدانی بەدیلی بۆ دروست نەكردبین!
ئەو سیاسییەی كە كاری خۆی بە باشی ئەكات، پێویستی بەوەنیە دەسكاری ویژدانی تۆ بكات.

- بەخشندەو خزمەتكاریش كەسێك نیە كە كارێك (بۆ تۆ) بكات، جا بە بەرامبەربێ یان بێ بەرامبەر. لەڕاستیا ئەو هەرچی ئەكات بۆ خۆی ئەیكات، بەڵام (بە باشی) ئەیكات!.

بەڵێ پاڵەوان كەسێك نیە كە كارێكی باش بۆ تۆ ئەكات، پاڵەوان كەسێكە كە كارەكەی خۆی بەباشی ئەكات. بەڵام چونكە ئەم گەردوونە هی هەموومانە، ئیتر ویژدانی هاوبەشمان بۆ دروست ئەبێ و لەڕێ ی ئەم كۆدەوە هەر كارێكی باش لەم گەردوونەدا بكرێ، تۆ هەست ئەكەیت بۆ تۆ كراوە!.

سەیركە كابرای دوكتۆر بۆخۆی دوكتۆرەو بە بەرامبەر كار ئەكات، كابرای ژینگەپارێز بۆ خۆی ژینگەپارێزەو بێ بەرامبەر كاری كردوە، بەڵام هەردوكیان لای تۆ پاڵەوانن چونكە كارەكەی خۆیان بەباشی كردوە.

-بەخشندەو خزمەتكار شەرت نیە ئینسانە زۆر عاقڵەكانی كۆمەڵگابن، جاری وایە شێتیك ئەمری، شارێك بۆی تەعزێبارە!
ئاخر ئەویش بەخشندەو خزمەتكارەو ئەبێتە بەشێك لە سیماو یادەوەری شارو بەدرێژایی تەمەنێك بەرائەت و خۆشی ئەبەخشێتەوەو خەندە ئەخاتە سەر لێوی خەڵك. ئەوەش كە چاكەیەكی گشتی بێ بەرامبەرەو بە گەورەیی ئەچێتە ویژدانەوە، چونكە ویژدان زۆرباش لە زمانی بەرائەت تێئەگات.

- دوكتۆرێك بۆ خۆی بووە بە دوكتۆرو شاعیرێك بۆ خۆی بووە بە شاعیرو سیاسیەكیش بۆ خۆی بووە بە سیاسی.. ئەمانە منەت نین بەسەر ئێمەوە. 
بەڵام كاری ئەمانە گشتییەو بەر تۆ ئەكەوێ، كە بەریشت ئەكەوێ بەر ئەو شوێنەت ئەكەوێ كە پێ ی ئەوترێ ویژدان، هیچ شتێكیش ناگاتە ئەو شوێنەی تۆ، ئەگەر لە هەمان شوێنی ئەوەوە دەرنەچووبێت.

پەیكەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی