فەرمون ( 2 بە 2 ) ملی رێگا بگرن!

05/09/2018

مەلا فرمان

 

چەمکەکانی تەبایی ، یەکڕیزی، چاکسازی لای هەمو تاکێکی کۆمەڵگە و لە هەمو بوارەکانی ژیان و پێگە کۆمەڵاتیەکان جێگە و گرنگی خۆیان هەیە، سێ چەمک تەواوکەری یەکتر و بەبێ یەک هێچیان سەرپێ ناکەون. بێ تەبایی یەکڕیزی بونی نیە، بە بونی ساختە و گەندەڵی و پاشەقول گرتن تەبایی و یەکڕیزی هەڵدەوەشێنەوە، واتە چاکسازی هێزی پێکەوە بەندی هەردو چەمکەکەی دین. مێژو دەری خستوە، زۆرکات ئەو فاکتەرانەی وەک: یەک ( دینی، خاکی، نەتەوەیی، عەشیرەتی و پشتی ) باس دەکرێن جگە لە رێگا جۆراوجۆرەکانی زەمینە خۆشکردنی پاشەقولگرتن هیچی تر نیە.

بۆیە، سەیرە، یەکڕیزی دەوێ:

1- دێتە سەرو تەقەت لێدەکات.

2- هێزی پێشمەرگە یەکناخات.

3- چەقۆی کۆنە قینی ٥٠ ساڵ لەمەوپێش دەمەزەرد دەکاتەوە4- ساختەکاری و فێڵ دەکات.

5- پەرلەمان پەکدەخات.

6- بەڕۆژی روناک دزی لە میلەت دەکات.

7- بە یاسای پڕ بەباڵای خۆی گەندەڵی و تەڵەکەبازی حەڵاڵ دەکات.

8- گوێ لەمشتی بێگانەیی دەکات.

داوای یەک ڕیزی و تەبایی دەکات.

یەکێکی تر لەو شێوازانەی پاشەقول و چاوبەستنی هێزەکانی دی و میلەت، کاتی بە خۆکەوتن و سەردانیەکانیانە. ئەم دەسەڵاتەی هەرێم لە کاتی ئاساییدا بێ سەرئێشەن و پێیان وایە هەرێم بۆتە لانکەی دیموکراسی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن و یەکتر خوێندەوە، تا ئەو رادەیەی مێش میوانیان نیە و شا بە گەدە دەزانن. بەڵام لە وەقتی زایەعدا، یان کاتێ کار لە کار دەترازێ بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراوی پێشوەخت هاواریان لێهەڵدەستێت و دەست دەکەن بە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بەر لەم سەردانانەش دەیان شانۆگەریان ریکخستوە. ئەگەر سەیری پەیوەندی و کۆبونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بکەین لەو یاریە جۆراوجۆرانە دەردەکەوێ:

1- هەردولا چۆن ریکەوتون لە نانەوەی تەڵە بۆ لایەنەکانی تر. رۆڵیان دابەشکردوە.

2- هەریەکە چۆن هەوڵدەدات هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لێک دوربخەنەوە.

ئەم خەسڵەتانەی سەرەوە بە دریژایی 27 ساڵی رابردو بونە بە خو، بە راستی و بە کرداری بیندراون، هیج حێ‌شایەک هەڵناگرن. بارودۆخی هەرێم وناوچە دابڕاوەکانیش شایەدی ئەوەن ئەم دو حیزبە نەک هەر سەرکەوتو نەبونە بەڵکە وڵاتیان گەیاندۆتە سەر رێگای هاتونەهات.  بۆیە لێرەوە ئەم پرسیارانە دێنە پێشێ:

1- بۆ دەبێت بڕوایان پێبکرێت؟

2- بۆ دەبێت لەگەڵیان بیت؟

3- بۆ دەبێت بواریان بۆ بڕەخسێندرێ تا وڵات زیاتر کاول بکەن؟

نەخێر، نابێت، بۆ بەرژەوەندی ئێستا و دواڕٶژی هەرێمی کوردستان، وا باشترە، ئەو هێزانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، بەر لەهەمویان بزوتنەوەی گۆڕان ، بە ڕاشکاوی بە پارتی و یەکێتی بڵێن:

1- " فەرمون 2 بە 2 ملی رێگا بگرن، ئێوە زۆرینەی ساختەن، بزانین بەو زۆرینەیە لە بەغدا چی دەکەن".

2- بۆ هەڵبژاردنی کوردستانیش، ئەگەر بەڵگەی تەواو لە بەردەستدایە دەربارەی بونی ساختەکاری لە لستی دەنگدەران، بەڕاشکاوی دور لە کۆبونەوەی نهێنی بە جەماوەر رابگەیەندرێت. کە " بەشداری لە هەڵبژاردنی ساختە ناکەین و لێرەش فەرمون دوبەدو رێگای خۆتان بگرن".

3- ئیمە شەقامین وشەقامیش ئێمە.

4- بۆ هەر پرۆژەیەکی نیشتمانی لە هەر شوێنێک بێت پشتیوانین.

مەلا فرمان

کەرکوک، ٥/٩/٢٠١٨

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی