فەرەنسا و ئێمە

12/09/2018

سەردار عەزیز

ئێریک هۆبسباومی مێژونوس دەڵێت، شۆرشی فەرەنسی یەکەم روداوی ئەوروپایە کە سەداکەی دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەم پێیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو روداوەکانی تری ئەوروپا بێئاگابوە لەوەوپێش. ئەمڕۆ دۆخەکە هێندە باشترنیە، بە بەراورد. بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا فەرەنسا لە هەموان زیاتر ئامادەیی هەیە لە ناوەندی کەلتوری و رۆشنبیری ئێمەدا، هەرچەندە ئەم ئامادەییە بەرەو لاوازی دەڕوات لە بەر زۆر هۆکار، هەندێکیان وەک، چیدی زمانی عەرەبی سەرچاوەی زانیاری و گەیشتن بە دونیا نیە، ئەمەش کاریگەری هەیە، چونکە عەرەبەکانی باکوری ئەفریقا و لوبنان کەلتوری فەرەنسییان دەگواستەوە بۆ دونیای عەرەبی و لەوێشەوە بۆ عێراقی کوردی. لە لایەکی ترەوە زاڵبونی زمانی ئینگلیزی و قەیرانی دارایی درێژخایەنی فەرەنسی؛ فەرەنسای خزاندوەتە پلەکانی خوارەوە لە وڵاتانی گرنگی دونیادا. 
ئەمە باشی و خراپیشی هەیە. ئامادەیی کەلتوری فەرەنسی لە دونیای ئێمەدا ئامادەییەکی ساویلکەبوو. کۆمەڵێک ناو، ئێستاش بەردەوام ناویان دەهێنرێت وەک نوستالجیایەک بۆ شۆرش و ڕادیکاڵ بوون و توندڕەویی. لە کاتێکدا ئەمانە هەموو ساختەن. بەڵام ئەمە ئامانجی باسەکەی من نیە لێرەدا. ئەوەی من مەبەستمە زیاتر سیستەمی سیاسیە. ئەم ڕۆژانە یادی شەست ساڵەی کۆماری پێنجەم بوو کە لە ٤ی ئەیلولی ساڵی ١٩٥٨ لە لایەن چارلس دیگۆلەوە ڕاگەیەنرا. کۆماری پێنجەم، درێژەپێدەر و ڕەنگدانەوەی کۆماری چوارهەم بوو، کە پاش جەنگی جیهانی دووەم ڕاگەیەنرا. کۆماری چوارهەم، بە پەرتەوازەیی و ململانێی ناوخۆ و شەڕی ناو پەرلەمان ناسراوبوو. بۆیە چاوەڕوان دەکرا کە کۆماری پێنجەم پەرچەکرداربێت. لە دەرئەنجامدا کۆماری پێنجەم دەسەڵاتێکی زۆری بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەخشی، ئەوەی هاتە ئاراوە پەرلەمانێکی عاقڵکراوبوو، کە دەسەڵاتی هەتا ٢٠٠٨ زۆر کەم و لاوەکی بوو. ئەگەرچی بە ناو جیاکاری دەسەڵاتەکان هەیە، بەڵام بە پێی توێژینەوەکان لە ماوەی کۆماری پێنجەمدا ٨٠٪ دەسەڵاتی حکومەت سەرۆکایەتی بوە. ئەمە دەرئەنجامی ئەو سیستەمەیە کە پێی دەڵێن نیمچە سەرۆکایەتی. لەم سیستەمەدا وەک سیستەمی ئیستای هەرێم: سەرۆک ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت، هەروەها پەرلەمانیش. پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکی نیە بە سەر سەرۆکدا. لە ئەنجامدا دوو ناوەندی دەسەڵات ململانێ دەکەن بۆ حوکمڕانی، ئەمەش دەبێتە هۆی بوونی ململانێ لە هەناو سیستەمەکەدا. ئەمە نەک تەنها لە هەرێم بوو بە کێشە، بەڵکو لە ئەفگانستانیش. لە فەرەنسا کێشەیە بەڵام کەمتر دەردەکەوێت چونکە ململانێکە بە باڵادەستکردنی پێگەی سەرۆک نەهێڵراوە. ئەوەی هاتوەتە ئاراوە جۆرێکە لە کۆماری مەلەکی وەک مۆریس دوڤێرج ناوی دەبات. هەمان وەسف کە بۆ موبارەک بەکارهات لە لایەن کۆمەڵناسێکی میسرەیەوە، بەڵام بە مەبەستی جیاواز. ئەم دۆخی کۆماری مەلەکیە تەنها تایبەت نەبوو بە کەسی چارلس دیگۆل کە دەستوری کۆماری پێنجەم بە پیرۆزبایی ئەندرێ مالرۆ بۆ ئەو دوراوبوو، بەڵکو بەبێ جیاوازی لە نێوان چەپ و ڕاستدا سەرجەم سەرۆکەکانی فەرەنسا هەتا ماکرۆن، کە ئەمڕۆ بە بەردەوام بە Bonapartiste and monarchique بۆناپیرتی و مۆنارکی ناودەبرێت.
لە ساڵی ١٩٧٧ فۆکۆ داوای ئەوە دەکات کە زانستی سیاسەت دەبێت سەری پادشا ببڕێت و چیدی باسی سەروەر نەکات. ئەمە داوەیەک بوو بەوەی کە دوای سەربڕینی لویسی چواردە هێشتا زانستی سیاسەت باسی سەرەکی هەر لە سەر سەروەرە، بەڵام ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی زیاتر لە چڵ ساڵ بە سەر داواکەی فۆکۆدا نەک هەر زانستی سیاسی بەڵکو ژیانی سیاسی لە ژێر سایەی سەروەردایە. ئەمرۆ روداوی دیموکراسی فەرەنسی بێمانا و دووبارەیە: لە میانەی هەڵبژرادندا فاشستێک دێت، لە گەڵ کەسێکی تردا، پاشان خەڵك بۆ ئەوەی رێگەی لێبگرن دەنگ دەدەن بەوەی دەتوانێت رکەبەری بکات. لە ئەنجامدا بژاردە نیە، بەڵكو هەمیشە ناچارییە. ئەمە تەنها پەیوەست نیە بە دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنەوە بەڵکو ئەوەی شۆرشی فەرەنسی دەیویست بە سەریدا زاڵ بێت کە مەلەکیەتێکی ڕەهابوو، نەتوانرا لە سیستەمی سیاسی و ژیانی سیاسی فەرەنسیدا بکرێتە دەرەوە. چۆن ئەم ڕەهاییە لە پەراویزدا دەهێڵیتەوە، پرسی گەورەی داڕشتی سیستەمی سیاسیە. ئەمە لای ئێمە زیاتر ئاڵۆزە کاتێک ئیگۆی کەسەکان پرسی سیاسی سەرەکین نەک کۆمەڵگا و خواستەکانی.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی