هاوكێشەكان گۆڕاون.. پلانی B بەرهەم ساڵح چییە؟

16/09/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لە دانیشتنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەندامانی مەكتەب نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك و دانیشتنەكە دواخرا بۆ سبەی یەكشەممە.

لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیاندووە: ئەگەر كەسێكی دیكە لە جیاتی ئەو كاندید بكەن، ئەوا ناوبراو بەشێوەیەكی بێلایەن لە بەغدا تاك لایەنە خۆی كاندید دەكات، یەكێتیش ترسی هەیە دووبارە وەكو ساڵی 2014 دوو كاندیدی هەبێت و ئەو كاندیدەی یەكێتی بچێتە بەغدا دەرنەچێت و لەتیف ڕەشید دەربچێت.

تاڕادەیەكی زۆر مەكتەبی سیاسی یەكێتی ترسیان لە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح هەیە، بەهۆكاری ئەوەی لە حاڵەتی خۆ كاندیدكردنی ناوبراو خەڵكی دیكەش خۆی كاندید بكات و بارودۆخەكە لە دەست دەربچێت.

پارتی یەكێكە لە ڕێگرییەكانی یەكلایكردنەوەی كاندیدی یەكێتی، چونكە پارتی تاوەكو ئێستاش سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، هەربۆیەش لە دانیشتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەبەوەكراوە: ئەو گفتووگۆیەی ئێستا لەسەر كاندیدی یەكێتی دەیكەن دەبوایە لەگەڵ پارتی بیانكردبووایە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی.

بەرهەم ساڵح بە نیازی چییە؟
تاڕادەیەكی زۆر بەرهەم ساڵح لە یەكێتی بێهیوابووە كاندید بكرێت، بۆیە لە دوو ڕۆژی داهاتوو سەردانی بەغدا دەكات، تاوەكو هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پشتگیریانە بكات، كە لە لایەن پارت‌و كەسایەتییە شیعی و سونییەكان بۆی هاتووە، ئەگەر بزانێت زۆرێك لە لایەنەكان دەنگی پێدەدەن، ئەوا لە بەغداوە خۆی كاندید دەكات، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەزامەندی پارتی و یەكێتی.

بەرهەم ساڵح، جگە لە پشتیوانی هەندێ لایەنی شیعی و سونی پشت ئەستوورە بە پشتیوانی وڵاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان، چونكە زۆرێك لە وڵاتانی وەكو ئەمەریكاو ئێران و فەڕەنساو ئەڵمانیش پشتگیری دەكەن و هانیانداوە خۆی كاندیدبكات.

خۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، بەبێ پشتگیری پارتی و یەكێتی قوڕس دەبێت، هەروەك چۆن لە ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنی ناوخۆی یەكێتی بە فوئاد مەعسوم دۆڕا، چونكە مسۆگەركردنی یاخود دانانی ناوبراو وەك سەرۆك كۆمار، تاڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا هەیە.

ئەگەری زۆر لە نێو ئەو هەموو ناكۆییەی یەكێتی لە بارەی ئەو پۆستەو ئەو هەوڵانەی بەرهەم ساڵح، كاندیدێكی پارتی بە ئاسانی ببێتە سەرۆك كۆمار لە نێوان هەریەك لە ( فازڵ میرانی و هۆشیار زێباری و فوئاد حسین )، لەو نێوەندەشدا فازڵ میرانی زۆرترین چانسی هەیە.پارتی بێباكەو لەو مەسەلەو، چونكە ئەگەر یەكێتی سازشی گەورە نەكات، وا بەئاسانی ئەو پۆستەی پێنادات. 

لەبارەی رێككەوتنی بەرهەم ساڵح و حزبەكەی لەگەڵ یەكێتی، هێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجامێكی كۆتایی، بەرهەم ساڵح چاوەڕێ دەكات ئەگەر بزانێت یەكێتی دەیكاتە كاندید ئەوا بە تەواوی دەچێتەوە ناو یەكێتی، ئەگەر نا تەنها ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجامدەدات، بۆ ئەمەش ئامادەكاری كراوەو ڕەشنووسی ڕێككەوتن هەیە.

زانیارییەكان ئەوەشدەخەنەڕوو: بەرهەم ساڵح لە هەوڵی رێككەوتنێكی سێ قۆڵیە لە نێوان هەریەك لە هاوپەیمانی و یەكێتی و گۆڕان لە دوای هەڵبژاردن، بۆئەمەش لەگەڵ گۆڕان لەسەر هێلەو بەرپرسانی ئەو حزبە بەڵێنیانداوە دوای هەڵبژاردن لەبارەی ئەو ڕێككەوتنە گفتووگۆبكەن، گۆڕان ڕایگەیاندوە: ئێستا لە ناو بانگەشەن نەدەچنە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، نە ئامادەشن بچنە ناو ڕێككەوتنێكی لەو جۆرە تاوەكو دوای 1/ 10/ 2018 .

رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەو دوو هێزە، ڕەنگە ئەوها ئاسان نەبێت، چونكە ئەگەری هەیە پارتی پێی ئیزعاج بێت بە تایبەت سێ لایەن لە سلێمانیەوە رێككەوتن دەكەن، لە لایەكی دیكە ئایە گۆڕان دەچێتە ژێرباری ئەو ڕێككەوتنەو جارێكی دیكە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن دەكات، كە هێشتا ئەوەی پێشووتری (ساڵی 2016) جێبەجێنەكراوە ؟!

ئارام قادرو ژمارەیەك سەركردەی هاوپەیمانی بە تەواوی توڕەن لەو بڕیارە تاكڕەوانەی بەرهەم ساڵح دەیدات، لە نێویشیان بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن و ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی و لەگەڵ ئەو یاریانەی بەبێ ئاگاداری ئەوان و لە بەرژەوەندی خۆی دەیكات.


سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی