کاندیدکردنی فوئاد حوسێن جێی دڵخۆشییە

23/09/2018

کەمال چۆمانی

هەبونی دو کاندیدی جیاواز لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق سەرەتایەکی باشە و پێویستە داکۆکی لێ بکەین. گەورەترین درۆی یەکێتیی و پارتیی لە ساڵانی رابردودا، لە پاڵ هەمو درۆکانی تریان، درۆی یەکگرتویی گوتاری کوردیی بوە لە بەغداد. ئەگەر کۆتایی بەو گوتاری گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنە ناسیۆنالیستییە بهێنرێت، ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغداد زیاتر دەبێت، ئۆپۆزسیۆنی ترسنۆکیی بێ روئیای کوردیی ئەگەری هەیە جورئەتی ئەوە بکات لەگەڵ هێزە شیعیی و سونییەکان هاوپەیمانێتیی دروستبکەن. ئەوەی دەبێتە سەرۆکیش دەتوانێت لە دەرەوەی رێککەوتنەکانی یەکێتیی و پارتیی کاربکات و زۆر نەگەڕێتەوە هەولێر و سلێمانیی بۆ دروستکردنی قەرار. بەرپرسانی کورد لە بەغداد هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانی هەمو عێڕاقییەکان لەبەرچاوبگرن نەک هەر بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی خۆیان چونکە لە هاوپەیمانێتییەکی عێڕاقیی دەبن نەک کوردیی، ئەمەش وا دەکات کێشەکان بە ئاراستەی چارەسەریی بڕۆن و پەیوەندییەکانی گەلانی عێڕاق بەرەو پێشەوە بچن. ئەوکات لە بەغدادیش چیتر هێزە ناسیۆنالیست و گائیفییەکان وەک جاران ناتوانن کارتی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەکاربێنن بۆ گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنی خەڵکی خۆیان. 


هیوادارم ئەو هەوڵەی پارتیی فشار نەکاتە سەر یەکێتیی و تەنازولی زیاتریان پێبکات، بەڵکو دەبێت هەوڵی ململانێیەکی شەریفانە بدەن. بە بڕوای من، رێککەوتنی یەکێتیی لەگەڵ هێزێکی شیعیی یا سونیی سەد قات باشترە لە رێککەوتن لەگەڵ پارتیی لەسەر حیسابی گەل، هەمان شتیش بۆ پارتیی راستە.


حکومەتی زۆرینە لە بەغداد و هەرێمی کوردستان، واتا هەبونی ئۆپۆزسیۆن و کاری جدیی لە پارلەمان و حوکمڕانیی چاکتر. ئەوکات کورد نەک هەر دەتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیرانیش. هەمان شت بۆ مەسیحییەک و یەزیدییەک و تورکمانێکیش راستە. بۆیە، پێویستە ئێمە پشتیوانیی ئەوە بکەین یەکێتیی و پارتیی کاندیدی جیاوازیان هەبێت تا گەلمان رزگار بێت لە گوتاری گەمژاندن و گەوجاندنی ناسیۆنالیزم و درۆی گوتاری یەکگرتوی کوردیی.


کەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی