هەڕەشە، لە کێ؟ بە پاڵپشتی کێ؟

26/09/2018

مەلا فرمان

موخابن بەشێک لە بەرپرسە حیزبی و سیاسیەکان، لە ناویاندا کەسە یەکەمەکانیش هەن، گەر بە  لاپەڕەی مێژوی سیاسی و حیزبیاندا بچیتەوە دەبینیت، ئەم لاپەڕانە زیاتر پڕکراونەتەوە بە:
1- هەڕەشە و پەنجەراوەشاندن.
2- توانج و سوکایەتی پێکردن.
3- تۆڵەسەندنەوە لە یەکتر.
4- عینادی و ملهوڕی
5- کینەی سیاسی.
6- پاشەقولگرتن و لە پشتەوە خەنجەر لێکدان.
7- تەخوینکردن.
8- درێژدادڕی و قسەکردنی زۆر.
9- نەرمی نواندن بەرامبەر نەیاران و دوژمنان و هاوکاری و دەستڕاکێشانیان.
سەرۆکی پارتی و چەندینی تر بێ لێکدانەوە و تیگەیشتن لە  کات و شوێن کە دو چەمکی گرنگن لە قسە و لێدوانی سیاسی و دەبێت حیسابیان بۆ بکرێت:
- هیج حیساب بۆ رای دەوروبەر و بریار بەدەستەکان ناکات، عینادی دەکات، سوردەبێتەوە و هەڕەشەی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی دا.
- لە ناوجەرگەی سلێمانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڕەشە لە هێزە سیاسیەکانی ئەو دەڤەرە دەکات.
- بەرامبەر بەغدا و تورکیا و ئێران لەسەر حیسابی برا و هاونیستمانیانی نەرمی دەنوێنێ و پێدەچێت گەر سەغڵەت بێت جارێکی دیش دەستیان راکێشێتەوە.
- دوای کۆڕەوی یەکێتی لە ١٩٩٦ سەرۆکی پارتی لێبوردنی گشتی بۆ یەکێتیەکان دەردەکات، جگە لە مام جەلال، کەچێ دوای هەفتەیەک یەکێتی گەڕایەوە نێوان کۆێی و هەولێر، دێگەڵە بو بەسنور.
سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای زیرەکی لە یاریکردنی سیاسی بەم و بەو ، لاپەڕەی ژیانی سیاسی بەدەر نەبوە لەو کەموکوریانە، لەوانە:
- کاتی دەرپەڕاندنی پارتی لە هەولێر، جەنابی دەڵێت " مەگەر جارێکی تر پارتی بە دوربین سەیری هەولێر بکات"
- هێنانی ئاغای مەتەری و وتاردان لە سلێمانی " انشا‌واللە بارون میبارد"، لێرەوە بارانی غەزەب باری و ٣١ ئاب دروست بوو.
- لە کاتی کۆڕەوەکەی یەکێتی دوای ٣١ ئاب ، جەنابی خۆشحاڵ دەبێت و دەڵێت " مەسعود بارزانی توشی خیانەتی گەورە بو، ٦٦ سڕایەوە".
تەخوینکردن
تەخوینکردن لای زۆربەی سیاسیەکان هاوشێوەی هەڕەشە و خاڵەکانی سەرەوە بوە بە کەلتوری سیاسی. لە بابی تەخوینکردنیش، فەرمون لەگەڵ ئەم نمونە دیارانە:
- تەخوینکردنی نەوشیروان مستەفا دوای بەجێهێشتنی یەکێتی لەلایەن سکرتێری ئەوسای ئەو حیزبەوە.
- تەخوینکردنی کوڕان و بنەماڵەی مام جەلال لەلایەن سەرۆکی پارتیەوە.
- تەخوینکردنی بنەماڵەی بارزانی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە: ٣١ ئاب و شەنگاڵ و قڕکردنی یەزیدیەکان لەلایەن داعشەوە.
لە بەرامبەردا نەوشیروان مستەفا دوای ئەزمونێکی زۆر، بەفێربون لە رابردو، دێت بە کردەوە خاڵێک دادەنێت و دێتە سەر دێڕ.
قوتابخانەیەک دادەمەزرێنێ  و دەیەوێت تێیدا، خوێندکار فێربێت:
1- چۆن کۆتایی بە  کینەی سیاسی و کۆنە قین بێنن.
2- دورکەوتنەوە لە بەخشینەوەی تەخوین. وەک " ئەوەی لەگەڵم نەبێت خائینە و دەستی لە پشتەوەیە .....هتد" .
3- بڕوانینە داهاتو نەک هەر رابرد وخەباتی شاخ بە نەوەی ئەم سەردەمە و داهاتو بفرۆشینەوە و بیکەینە منەت بە سەریانەوە.
4- سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروست بێ بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن باسێکە لە خەیاڵ. هەڵەی ئەم سەرکردانە لەوەدایە دەیانەوێ دیموکراسی ببەخشنەوە، نەوت و سامان و دەسەڵاتیش بۆ خۆیان قۆرغبکەن.
بە پشتیوانی کێ؟
پشتیوانی ئەو سەرۆکە و سیاسیانە لەو ئەشکەوتە بەفرینە دەچێت ، کاروانجی بۆ حەسانەوە روی تێدەکات و بۆ خۆ گەرمکردنەوە تا بەیانی ئاگری تێدا دەکاتەوە.... دوا جار ئەشکەوتە بەفرینە دەبێتە لافاو.
تا ئێرە و تا ئەمڕۆ ئەمەی سەرەوە بەشێکن لە رابردویەکی تاڵ. ئەمەی ئێستاش رودەدات لە سەر دەستی پاشماوەکانی  هەردو رەحمەتی مام جەلال و مەلا مستەفا جگە لە دوبارەکردنەوەی ئەو رابردوە، چاوەڕوانی داهاتویەکی باشی  لێناکرێت. بۆیە ئەم دەستانە ئەو دەستە ئەمینە نین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەیان بدرێتە دەست.
  بۆ ئەوەی هەم هەرێم و هەم پارتی و یەکێتی وەک دو حیزب بە ئارامی بژین و بێنەوە سەرخۆ،  پێویست بەوە دەکات ئەم دو پاشماوەیە لە سندوقەکانی دەنگدانەوە رابچڵەکیندرێن و ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆرینی هەڵسوکەوتەکانیان و بەخۆدا چونەوە لە ٤ ساڵی داهاتو. 

مەلا فرمان
کەرکوک، ٢٦/٩/٢٠١٨

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی