ھەڵبژاردن وەک بەرھەمھێنەری ستەمکاری

26/09/2018

ئاوات محەمەد

بەشی دووەم: دروشمەکان
کرۆکی ھەموو پرۆسەیەک ئەو تێروانین و مەبەستەیە کەکاری لەسەر دەکرێت و لەزمانی ئێمەدا پێی دەوترێت دروشم، بۆ تێگەیشتن لەبەرنامە و کارنامەی ھەر گروپێک، سەرەتا پێویستمان بەلێکدانەوەی دروشمەکانیەتی، ھەندێکجار دروشم ھەڵخەڵەتێنەرانیە، لەرووکەشدا وا دیارە مەبەستی کۆی کایەکەیە، یان دەیەوێت بواری گشتی پەرەپێبدات، بەڵام کە لێی ورد دەبیتەوە، ھەست دەکەیت بەرەو ستەمکاری تەواو ھەنگاو دەنێت، من لەم نووسینەدا تەنھا دوو دروشمی ھەردوو پارتی دەسەڵات وەردەگرم، کە بەچ وریاییەکەوە کار بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری دەکەن و حوکمڕانی دەستەبژێری کەمینە بەچ میکانزمێک پەیڕەویی لێدەکەن، کەئەم لێکدانەوەیە لەخودی دروشمەکانەوە و بەپێی ئەزموونە مێژوویەکان کارم لەسەر کردووە
ڕ- ئارامی، ھەلی کار، خزمەت
ئەم دروشمە لەرووکەشدا وا دەردەکەوێت، کەئارامی و سەقامگیری گشتییە، لەوشەی یەکەمدا، ھەمیشە دەسەڵاتە ستەمکار و تۆتالیتارەکان بیر لەئارامی دەکەنەوە، نەک سەقامگیری کۆمەڵایەتی، ئارامی واتە بێدەنگی و نەبوونی ناڕەزایەتی، ئارامی مانای ئەوەی دۆخی ئامادە بەبێ ھیچ بەرھەڵستکارییەک بەڕێوە بچێت و کەس نەپرسێت بواری گشتی چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەم ئارامییە بۆ ئەوەی ئەوانەی پێشتر روویاندا و شەقامی جوڵاند دووبارە نەبێتەوە، کەیەکێک لەسیفەتەکانی دەسەڵاتی تۆتالیتاری ئەوەیە کە بەشێوەیەکی لۆژیکی رێگرییەکان درووست بکات و نەھێلێت کێشە و پشێوی بۆ خودی دەسەڵات درووست ببێت، ئەم مەسەلەیەش پێویستی بەوە ھەیە دەرفەت و ھەلی کاری نوێ بڕِەخسێنین، ئەویش لەڕێگەی بەرفراوانکردنی ھێزە سەرکوتگەرەکانەوە، ھەروەھا دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ ئەندامان و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییە، باشترین ئەزموون لەم بوارەدا بلۆکی خۆرھەڵاتی سۆسیالیستی بوو، ئەوانەی لەدەرەوەی حیزبن پیویست ناکات دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت، خزمەت سێکوچکەی ئەو تێڕوانینە گشتگیرە تەواو دەکات کەدەسەڵاتێکی ستەمکاری تۆتالیتاری پێویستی پێیەتی، ئەویش بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەو ھاوڵاتیانەی ئەم بەدۆست و لایەنگری خۆیان دەزانێت، کە سۆڤیەت و وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیستی لەسەر ئەم سێ بنەمایە دامەزرابوون، لەرێگەی ئارامی و بێدەنگکردنەوە و دابینکردنی دەرفەتی ژیان بۆ ئەوانەی لەخۆیەوە نزیکن، کۆنترۆڵی تەواوی کۆمەڵگایان کردبوو.
ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە ئەم دروشمە ھیچ دەرفەتێکی تێدا نییە بۆ ئازادی و بەرفراوانکردنی بەشداریکردنی گشتی، بەڵکو کۆکردنەوەی کۆی دەسەڵاتەکانە لای دەستەیەکی ئۆلیگاریشی مشەخۆر، کە ئێمە خۆمان ئارەزوومەندانە دەچین ئەم ستەمکارییە شەرعیەت پێدەدەین و ئەو پەراوێزە ئازادییە بچوکەی ھەمانە دەیخەینە مەترسییەکی جدییەوە.
ب- بنیادنانی کوردستانێکی بەھێز
ئەم دروشمە لەرووکەشدا وا دیارە ھاوڵاتی کوردستانی دەپارێزێت لەھەموو دەستدرێژی و رووبەڕووبوونەوەی مەترسی، بەڵام پێچەوانەکەی راستە، ئەم دروشمە، بریتییە لەدروشمی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەی درووست دەبێت، واتە فەلسەفەی دەسەڵاتەکە ھێزە و لەسەر ئەو سێ کوچکەیەی پیشوو وەستاوە، ھێز لێرەدا مانای پتەوکردنی پایەکانی دەسەڵاتە، ئێمە پێویستمان بەبونیادنانی دەسەڵاتێکی دامەزراوەییە، نەک سەنتەریالیزمێکی بەھێز، بتوانێت کۆی کایەی گشتی پاوان بکات و بەو سێ کوچکەی پێشوو ھەموو دەرفەتێکی ئازادیمان لێزەوت بکات.
کوردستانێکی بەھێز واتای رێکخستنەوەی ماڵی دەسەڵاتی کوردستان و دروستکردنی یەکدەنگییە، کەھەموو فرە رەنگیەکان لەناوبەرێت، ئەم یەکریزییە پیشتر ئەمان توانیان باش بەکاری بھێنن، بەڵام بۆ ئەم دۆخە ئەو نیوە بەنیوەی جاران سوودی نییە، کەواتە پێویستیان بەمیکانیزمی نوێیە، ئەویش بریتییە لەلۆژیکی ھێز، ھێز لەکەلتووری ئێمەدا بریتییە لەو ھێزەی دەتوانێت شەڕ بکات و ئارامی بۆ دەسەڵات مسۆگەر بکات، بوونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، واتە بەرتەسکردنەوەی مەوداکانی ئازادی، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە جۆری ھەڵمەتی بانگەشەیە، کە پڕیەتی لەرستەی توندوتیژ و ستەمکارانە، ئەم رستانە ئاماژەی سەرەتایین بۆ ئەو دەسەڵاتە ستەمکارەی لەم رێگەوەیە دێتە دی، لەوکاتەی کوردستان یەک ریز نەبووە و ھێزی تەواوی نەبووە، ستەمکاری تا دوا ئەندازە چووە، پێشێلکاری تا ئاستی تراژیدیا چووە، ئێستا ستراتیژیەتی ھێز دێتە ئاراوە، کە کۆی بواری گشتی داگیر دەکات و کۆمەڵگا دەکاتە بەشێک لەبیرکردنەوەی تۆتالیتاری خۆی، لێرەوە ھاوڵاتی دەبێتە بوونەوەرێکی پاشکۆی ھێز.
لەم دوو دروشمەدا، کەئارامی و دەرفەتی کار و خزمەت وەک تەواوکەری ھێز، تروسکاییەک بۆ ئازادی بەدی ناکرێت، ئەوەی پێی وایە ھەرێمی کوردستان بەرەو کرانەوەی زیاتر دەڕوات، ھەڵەیەیکی ستراتیژی گەورە دەکات، چونکە وەک کورد دەڵێت مانگەشەو سەر لەئێوارە دیارە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی