هەڵبژاردنی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم

27/09/2018

مستەفا شیخ مەحمود


بە پێی قسەکانی قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بێت، پارتی دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، بەو شێوەیەش پیلانی وەلانانی یەکێتی و لایەنە ناڕازیەکانی هەیە، تەنانەت بژاردەی دو ئیدارەیی دارشتوە..!

نێچیروان بارزانی لە هەولێر رایگەیاند شەراکەتی لە رزۆک بەکاری حوکمڕانی نایەت..!

لاهوری شێخ جەنگی بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد پارتی پلانی تەزویرێکی بەر بڵاوی دارشتوە.
قوباد تاڵەبانی روی لە گۆران و هاوپەیمانی و هێزەکانی دیکە، جۆرە داواکاریەکی هەیە بۆ هاوپەیمانیەتی کە پارتی بوەستێنێت، باسکردنی نیازی پارتی بۆ دو ئیدارەیی لە دوا بانگەشەی یەکێتی ئەو ترسەی زیاتر نیشاندا.!
پارتی دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت زۆرایەتی بەدەست بێنێت، خۆی بەتەنیا حوکمڕانی هەرێم بگرێتە دەست، سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە لە لایەن پارتی چەند ساڵێکە گیراوەتە بەر. 
دژایەتی پارتی بۆ کاندید بونی دکتۆر بەرهەم لە سەر حسابی یەکێتی هەر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پارتی دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ چەند لایەنێکی بێهێز بکات و بەشێوەی رەمزی بەشداری حوکمڕانیان پێ بکات بۆیەش نایەوێت یەکێتی بەهێز بێتەوە.

لە دۆخێکی بەو شێوەیە، هەڵبژاردن لە بری ئەوەی گۆرانکاری بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک، بەرەو ئەوە دەروات، ببێتەوە دو ئیدارەیی و تەنانەت هەرێمەکه هەڵوەشێنێتەوە...!
لە دۆخێکی بەو شێوەیە ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنێکی پڕ لە تەزویر ئەنجام درا و کوردستان کەوتە بەردەم مەترسیەوە، رەنگە ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەش بێنە ناو هاو کێشەکە، بەڵام پێدەچێت لە دۆخێکدا ئەگەر پارتی یەکەم بوو، کێشەی قوڵتر روبەروی خەڵکی هەرێمەکە ببنەوە، بەو شێوەییە لە بری چارەسەری لەو سەرەوە بە قەیرانی گەورەتر دێینە دەرەوە. 
هێزەکانی هەرێمی کوردستان لە بن کارتێکردنی سیاسەتی هەرێمایەتی چەقیون، بۆیەش ناتوانن و نایانەوێت پێکەوە هەڵبکەن، ئەوەش دۆخێکی پڕ لە دژواری ئەخوڵقێنێت و دژی دیموکراسی و فرەییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی