هەرێم بەرەو دوو جەمسەری دەچێتەوە

28/09/2018

رێبین عومەر

هەردوو حزبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ، زۆرینەی دەنگەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست دەهێنن ، بە تایبەت یەكێتی كە پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 18 كورسی پەرلەمانی بووە واچاوەڕوان دەكرێت ، لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە سێبەری دروشمی ( خزمەت و هەلی كار و ئارامی ) ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات و واش پێشبینی  دەكرێت ژمارەی كورسییەكانی  لە نێوان ( 22 بۆ 26 ) كورسی پەرلەمانی بێت. 

سەرباری ئەوەی پارتی بەسەرۆكایەتی ( مەسعود بارزانی ) بەهەرشێوەیەك بێت دەیەوێت  ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات و كورسییەكانی لەناو پەرلەمان بكاتە  (43 ) كورسی پەرلەمانی ، بەم ئەنجامە چاوەڕوانكراوە ، هەرێمی  كوردستان بەرەو دووجەمسەری دەچێتەوە. 

 هەژموون و دیاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون لای خەڵك چیتر وەك رابردوو سەنگ و كاریگەری نامێنێت ، بەڵكو لەم ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەركەوت كە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بەدووی دەرفەتێكی دی دەگەڕێن تا ژیانیان خۆش گوزەران بكات ، خەڵكی ئەم هەرێمە بە ئەزموونی سیاسی خۆی باش لەوە گەیشتووە كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت لەو دوو هێزە زیاتر ئەڵتەرناتیڤێكی باشتر بدۆزێتەوە هەرلەبەر ئەوەش ئەو دوو هێزە واقعی بەڕێوبردنی ووڵاتن ، لەم هەڵبژاردنەدا  خۆری ئاسۆی یەكێتی گەش دەبێت و پارتیش وەك هێزی یەكەمی سیاسی لە هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان  دەمێنێتەوە. 

لە دوای 30 سێپتەمبەر كە دوارۆژی ئەو مانگەیە ، پەڕەیەكی سیاسی نوێ لە ژیانی سیاسی كۆمەڵگە هەڵدەدرێتەوە و هەردوو واقع پێكەوە بە هاوبەشی لە سەر بنچینەی كار و كرداری خزمەت ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن لە سەر ئاستی عێراقیش لەدوای ئەم دەرئەنجامانە كۆدەنگی كوردی لە بەغدادیش دروست دەبێت .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی