تێڕامانی سیاسی و شێوازی بەشداری سیاسی تاک

30/09/2018

لەشکر قادر ڕەسوڵ

  
١. ھەوڵدان بۆ تێگەشتن لەماناو خەسڵەتی دیموکراسی تاکو ئێستا نەبۆتە بابەتی “تێڕامانی سیاسی” ئێمە. حیزبە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئاسان دەتوانن کولتووری تۆتالیتاری و ئەخلاقی فاشیستی تێکەڵ بە وێناکانی دیموکراسی بکەن، کردوشیانە.

٢. دیموکراسی لەھزری سیاسی و دونیای مۆدێرندا بەتەنھا حوکمی زۆرینە نی یە، بەڵکو سیستەمی ڕێکخستن و زامنکردنی مافی ھەموو کەمایەتیەکانە.

٣. لەڕۆژھەڵات ناوین “دیموکراسیەتی ھەڵبژاردن”پڕۆسەیەکی سیاسی ترسناکە لە دیکتاتۆری و حوکمی مێگەل دوایی دێت. دەبێتە ھەوێنی تەقدیسکردنی زۆرینە و دروستکردنی کارەکتەری ئایدۆلۆژی و نا-زانستی و بێ فیکرو مێگەل. ئەم پڕۆسەیە، پڕۆسەیەکی ئەفیونیەو بەردەوام حیزب بەوێنەی  زۆرینەوە گرێ دەدات، بەردەوام زۆرینە دەکاتە موقەدەس، بەردەوام حەق دەداتە زۆرینە، بەردەوام دەبێتە بکوژ و بێماناکردنی ئەو تێزانەی زۆرینە نابنە ھەڵگری.

٤. عەقڵی سیاسی کورد نەیتوانیوە و ناتوانێت و ھەوڵیشنادات دابڕان لەگەڵ مۆدێلی دیموکراسی-تۆتالیتار دروستبکات. 

ە. کاتێک کۆمەڵگەی ناھوشیار (مێگەل) بڕیاری چارەنووسی خۆی دەدات، ھەموو تواناو وزەیەکی خۆی ڕادەستی حیزبێکی سیاسی دەکات، کاتێک ئەو حیزبە دەسەڵات وەردەگرێ، زۆر بەئاسانی لەڕێگای پڕۆسەیەکی پڕۆگرامکراو دەتوانن نوخبە خوێندەوارەکان بکەنە کەمایەتیەکی بێکەڵک. دەتوانن مزگەوتەکان و کەناڵەکانی میدیا، ھۆڵەکانی قوتابخەنە و زانکۆ، سەکۆ و سەراکان،  مۆڵ و شۆپ و چایخانە و بازاڕەکان، بکەنە کەرستەی دروستکردنی مێگەل. دەتوانن کۆمەڵگە بخنکێنن لە واقعێکی دواکەوتوو. (ڕێک وەک ئەو ئێستایەی ئێمەی تێدا دەژین).

٦. لێرەوە دیموکراسی سیستەمێکە لەناو یاریکردن و بەلاغەتی زمانی دیکتاتۆریەتداو مێگەل و ئاپۆڕا کارەکتەری سەرەکین تێیدا. ئینسانی ھۆشیارو کارەکتەری ڕۆشنبیر دەبێتە کارەکتەرێکی بزر و  بێکەڵک، لێرەوە ڕۆڵی عەقڵ و زانست وندەبێت. 

لەشکر قادر ڕەسوڵ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی