گەیشتینە سەر عەرزی ڕەق

01/10/2018

عەزیز رەئوف

1
هەڵبژاردن لە كوردستان هیچ بەهایەكی نەماوە و هیچ ڕۆڵێك بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و دەسكاریكردنی گەندەڵی نابینێت و مادام چەكدارێك دەتوانێ دەرگاكەی دابخات ئەوا قسەكردن لە گۆڕانكاری لەڕێی پارلەمانەوە تەنها ئەوانە باوەڕی پێ دەكەن كە بە عەقڵی دەسەڵات بیر دەكەنەوە. خۆكاندیدكردن و كەمپەینی هەڵبژاردن لای زۆرێك لە خەڵكی كوردستان گاڵتەجاڕیەكی گەورە بوو، ئەستەم بوو قەناعەت بە خەڵك بكرێت كە ئەم كاندیدانە بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵك بن.  لەدوای داخستنی پارلەمان و هیچنەكردنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن خەڵك بڕوای بە هەڵبژاردن تەواو لاواز ببوو.

2
زیاتر لە نیوەی خەڵكی كوردستان پشتیان كردە هەڵبژاردن و ڕوویان لە حزبەكان وەرگێڕا و بایكۆتیان كرد. كۆمەڵگەیەك نیوەی پشت بكاتە دەنگدان ئەوا خەلەلی گەورەی هەیە و برینی قوڵی هەیە و هێزەكان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نەیتوانیوە قەناعەت بەم ڕێژەیە بكات كە بچنە سەر سندوقی دەنگدان.

3
سیاسەت لە كوردستان لەوە كەوتووە سیاسەت بێت و ئێستا تەنانەت حزبیش نەماوە و لە ناو سەرجەم هێزەكان تەنانەت مەكتەبی سیاسیەكانیشیان ڕۆڵیان نەماوە و ئەوەی هەیە چەند گەنجێكی نەوەی دووەمی پیاوانی شاخن لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات كە پەیوەندی بازرگانی و سیاسەتیان ئاوێتە كردووە و فەزای میدیایی و ئابووری و سیاسی و سەربازی دنیای ئێمەیان كۆنترۆڵ كردووە و هیچ دەرچەیەكیان بۆ باشتركردنی دنیای ئێمە نەهێشتۆتەوە.

4
هێزەكانی دەسەڵات لە ساڵی 1992 وەوە بە زیاد لە سیناریۆیەكەوە دەیانتوانی یاری بە سندوقەكان و تەنانەت نەتیجەی دەنگەكانیش بكەن و ئەو لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا توانیان لەسەر بای خۆیان بوەستن و كۆی جومگەكانی ئابووری و سەربازی لە هەرێم بخەنە ژێر دەستی خۆیان و كوردستان بكەنە كۆمپانیایەكی گەورە بۆ خۆیان و منداڵەكانیان. قورخكردنی بازاڕ و نەوت و سەرجەم داهاتەكانی كوردستان توانیان وەلائی زۆرێك خەڵك بۆخۆیان ڕاكێشن و لە وەها دۆخێكیشدا ئەوەی بەهای بۆ نەمایەوە دامەزراوەكان بوو لە سەرو هەموویانەوە پارلەمان. 

5
كەمبوونەوەی دەنگەكانی گۆڕان چاوەڕوانكراو بوو. ئەوەندە بەس نەبوو بڵێی دەسەڵات خراپە و لە 2009 خەڵكی كوردستان بەرامبەر ئەم ئازایەتیە دەنگی پێدای بەڵام دوای نۆ ساڵ خەڵكی كوردستان دەزانن ئێوە دەتانەوێ بە هەمان عەقڵیەتی دەسەڵات دەسكاری دنیای ئێمە بكەن ئەوا ناچار پرۆسەی دەنگدان بایكۆت دەكەن. گۆڕان لە ئێستادا هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەست نیە جگە لەداوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان و داننان بە هەڵەكانیان و ئیعترافكرن بەوەی كە نە توانیان خۆیان بگۆڕن نەك نەوەیەك لەگەڵ خۆیاندا بگۆڕن.

6
ئەگەر بەقسەی ئیسلامیەكانی كوردستان بێت لەسەدا نەوەد و پێنج ی خەڵكی كوردستان موسوڵمانن بەڵام ئەم هێزانە ناتوانن دەنگی پێویست بەدەست بێنن. دوای ئەم هەڵبژاردنە دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی دەسبەرداری ئەم فۆرمە لە كاری سیاسی بن و تێكەڵكردنی دەعوا و سیاسەت هەڵەی كوشندەی ئەم هێزانە بوو كە لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورساییان دەركەوت. هەرچەندە كۆمەڵی ئیسلامی لەڕووی سیاسیەوە ڕادیكاڵتر بوو، بەڵام خەڵكی كورستان ئێستاش سڵ لە سلوك و رەفتاری موجاهیدئاسای ئیسلامیەكان دەكەنەوە و ئەگەر دوای ئەم هەڵبژاردنە چاكسازی لەخۆیاندا نەكەن ئەو دەنگانەش بەدەست ناهێنن.

7
جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك بزوتنەوەیەكی تازە دەركەوتوو لەڕووی هەڵوێستەوە لە سەرجەم پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن ڕادیكاڵتر بوو. بەتایبەت جەرائەتی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆم و شەفافی لە ڕا و بۆچونەكانیان سەرنجی زۆری گەنجانی بۆلای خۆی ڕاكێشابوو. هەرچەندە پارەی پشكەكانی چاڤی لاند و قەرزاری حكومەت و بێدەنگی دەسەڵات لەو قەرزانە و حەزی زیاد لەدەركەوتنی سەرۆكی ئەم جوڵانەوەیە گومانی لای خەڵكی نەدەڕەواندەوە و بەشێك لە خەڵك بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە پێیان وابوو ئەم جوڵانەوەیە دروستكراوی دەسەڵاتە و ئۆپۆزسیۆنی ساختەیە و  لێڵیەكی لای خەڵك دروست كردبوو، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی وا بكات ئەم هێزە نەبێتە هێزی چوارەم لەسەر ئاستی كوردستان. 

7
ئێمە ئێستا لەسەر عەرزی ڕەقین. دەبوو بگاتە ئەم دۆخە. لەبەتاڵیدا هیچ ناكرێت و دەبوو بگەینە ئەم دۆخە و برینەكانی خۆمان ببینین. ئێستا دروست ئێمە لە سەر عەرزە ڕەقەكەین و ئەم هێزانە توانای ئەوەیان دەسكاری دنیای ئێمە بكەن بە ئاراستەی یەكسانی كۆمەڵایەتی و دروستكردنی دامەزراوەی نیشتیمانی.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی