بۆ کادیرە مولتەزیمەکانی بزووتنەوەی گۆڕان
"فەیسبووک شوێنێک نییە بۆ داوا بە گۆڕانکاری لە ناوەوەی حیزبی سیاسیدا!"

01/10/2018

جه‌عفه‌ر عه‌لی


لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردندا، هاوشانی ژمارەیەک گەنجی چالاک و هاوڕێی دڵسۆز و خەمخۆر بۆ پرسی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆبەخشانە و بەدەر لە هەر ئیلتیزامێکی ئۆرگانی و حیزبی، بۆ ماوەی نزیک بە دوو هەفتەو بە قازانجی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریمان لە پرۆسەکەدا کرد.


لە کاتی هەڵمەتەکەدا گومانێکم لە دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نەبوو، ئەم دابەزینەیشم بەلاوە کارێکی نۆرماڵ و ئاسایی بوو، هەمانکات بڕوام وابوو دەنگی گۆڕان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ١٢/٥/٢٠١٨ زیاد دەکات.


لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نۆرماڵترین رووداو، کەمکردنی دەنگی حیزبێک و زیادکردنی دەنگی یەکێکی دیکەیە، چونکە هەمووان ئەم سەرەتایەی پرینسیپی دیموکراسی دەزانین، کە لە هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە جێگۆڕکێی سیاسی و هەڵکشان و داکشان لە دەنگەکاندا روودەدات. وێڕای ئەمانەیش لە کۆمیدیا دەچێ، ئەگەر مرۆڤێکی عاقڵ لە هەرێمی کوردستاندا بدۆزیتەوەو چاوی لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت، چونکە بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکە، یەک دونیا میکانیزمی پێشوەختەی ساختەکاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە ئامادەییان هەیە. گەمژەییە لە هەرێمێکدا تاکە یەک دەزگای سیاسی، ئیداری، سوپایی، ئەمنی، دارایی، پەروەردەیی و خوێندنی باڵای نیشتمانی سەربەخۆی دوور لە هەیمەنەی حیزبت نەبێت، بۆ هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بگەڕێیت، لەوەش گەمژەییتر ئەوەیە، لە هەرێمێکی وەک کوردستاندا پێتوابێ بە تەنها رێگەی خەباتی پەرلەمانی دەتوانی دەسەڵاتی سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان بەرەو باشتر لە ریشەوە بگۆڕی!


بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا قەوارەیەکی سیاسی خاوەن دەستور و پەیکەرەی رێکخراوەیی و رێکخستنی تایبەت بەخۆیەتی، بۆیە هەموو ئەوانەی لەنێو ئەم قەوارە سیاسییەدا شوێنێکیان گرتووە، لە ئۆرگانێکدا ئیلتیزامێکیان دروستکردووە، بەپێی قەبارەی ئەو شوێنەی داگیریان کردووە و ئەو ئیلتیزامەی دروستیانکردووە، لە کەموکورتی و دابەزینی رێژەی دەنگ و کورسییەکانی بزووتنەوەکەیش بەرپرسیارن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەم وێرانەییە رێکخراوەییە چییە وەک ڤایرۆسێکی نەرگسی خۆی خزاندۆتە نێو جەستەی سیاسی و پەیکەرەی رێکخراوەیی گۆڕانەوە، تۆ رۆژانە بەشێکی گرنگی کاتەکانی خۆت لە یەکێک لە ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە بەریتەسەر، ئیلتیزامی حیزبی و سیاسیت دروستکردبێ، بەڵام لەڕێی فەیسبوکەوە داوای ئیستیقالەی رێکخەر و داروبەردی گۆڕان بکەی!


ئاخر بەپێی کام پرینسیپ و بڕگەی دەستوری حیزبی، فەیسبوک کراوەتە شوێنی چاکسازی و گۆڕانکاری رێکخراوەیی لە ناوەوەی هەر حیزبێکی سیاسیدا؟ بۆ کەسانێکی بێ ئیلتیزامی حیزبی، کە لە هیچ ئۆرگانێکی حیزبیدا شوێنیان نەگرتووە، تەنها لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پشتیوان و دەنگدەرن، ئاسایی دەبێ لەڕێی فەیسبوکەوە هەر داوایەک بە چاکسازی و گۆڕانکاری ناوەوەی هەر حیزب و ئۆرگانێکی حیزبی بکەن، بەڵام هەمانکار بۆ میدیاکارێک، پەرلەمانتارێک، وەزیرێک، هەر خاوەن پۆستێکی دی، کە ئیلتیزامی حیزبی دروستکردبێ، لە شورەیی سیاسی دەچێت! 
تێبینی: 
1. ئەم سەرنجە بەهیچ شێوەیەک داکۆکی لە کەسێک، ئۆرگانێک، لە بەرامبەر کەس و ئۆرگانێکی دیکەدا نییە.
2. هەڵە سیاسییەکانی گۆڕان لەوکاتەوە دەستپێناکات کە رێکخەری نوێ و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردراون، بەڵکو زۆر لەوە کۆنترن.
3. ئەگەر کێشە جەوهەری و بونیادییەکانی گۆڕان چارەسەر نەکرێن، دەیان رێکخەر و خانەی راپەڕاندنی تازەیش دروستبکرێت، شتێکی گرنگ لە کۆی دۆخی بزووتنەوەکە ناگۆڕێ، چونکە کەس ناتوانێت جێگەی (نەوشیروان مستەفا) بگرێتەوە.

 

جەعفەر عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی