هیچمان لە خەڵكی تر ناچێت!

02/10/2018

سەروەر عەبدولرەحمان


ئاخر وێرانە نەبێت چیە!؟ لە ولاتێكدا هەرچی حزب و بەرپرسی هەیە بە قسە دژ بە ساختەكاری بن كەچی لە كرداردا خۆیان ساختەچیی بێ ركابەر بن! لە ولاتێكدا دەسەلاتی یاسادانان بە نایاسایی و دزینی دەنگی خەڵك دروستبكرێ! لە ولاتێكدا مەلا و پیاوانی ئایینی و هونەرمەند و رۆشنبیران و قسە زلەكان بە دەنگی ساختە خۆیان بكەن بە پەرلەمانتار، دەبێت چاوەڕێی چی لەو دەسەلاتە بكرێت!؟
ئەگەر سالانی پێشوو ساختەكاری و گزی لەهەڵبژاردنەكان عەیبەیەكی گەورە بووبێت، وەلێ لەئێستادا بە ئاشكرا دەكرێت و لەلایەن بكەرانیانەوە ناشاردرێتەوە و شانازی پێوەدەكرێت! ئەمە بێ چاوو و روویی نەبێت چیە!؟ نەك هەر خەلكی نەخوێندەوار و نەشارەزا، بەلكو خەلكانێكی خاوەن پۆست و بە بڕوانامەی بەرزی دكتۆراو لەدامودەزگا گرنگەكانەوە لەژووری ئۆپراسیۆنەكانی ساختەكاریدابن!
ئاخر كوردستانێكی بەهێز چۆن بە ساختەكاری دروستدەكرێت! ئێوە كە شێری ماڵەوەو رێوی دەرەوە بن چۆن دەتوانن ئەم كوردستانە بەهێزە دامەزرێنن! لەبەرامبەر دوژمناندا ترسنۆك و لەبەرامبەر خەلكی خۆشتاندا رۆستەمی زاڵ! لەكاتێكدا رۆژ بە رۆژ كوردستانتان بەرەو دوواوە بردبێتەوە! ساڵی پار لەم كاتەدا بەناوی كوردستانی بوون و ریفراندۆمەوە (بەبێ ئەوەی ئامادەكاریتان بۆی كردبێت)، تەنها بە دروشم بازی، نەك بە راست! خەریك بوو كوردستان رووبەرووی وێرانی بكەنەوە! ئەمسالیش رێك پێچەوانەكەی لەسەر عیراقچێتی دەستتان خستۆتە یەخەی یەكتر و لەسەر پۆستێكی كارتۆنی دەتانەوێت بۆ بەرژەوەندی و ناوی خۆتان قەیران و گرفتێكی تر بۆخەلكی كوردستان بێنن! ئاخر چۆن كوردستانی بەهێز دروستدەبێت كاتێك تا بینەقاقات رۆچوبێتە ساختەكارییەوەو سەدان هەزار رەگەزنامەو پسولەی باری شارستانی لەشەو و رۆژێكدا بە ساختە دروستبكەیت بۆ ئەوەی درێژە بەدەسەلاتی سەركوتكەرانەت بدەیت!
ئاخر ئارامی لەكوێدایە كاتێك بەنوێژی نیوەڕۆ هەڵبكوترێتە سەر بنكەكانی دەنگدان و بەزۆر سندوقەكان پڕ بكرێنەوە، هەلی كار لەكوێدایە كاتێك هاولاتیەك لەبەر ئەوەی بیەوێت بە ئازادی دەنگی خۆی بدات كەچی لەسەر كارەكەی دوور بخرێتەوەو نانبڕاو بكرێت! ئەمە ئەگەر لای كەسانێكی نەخوێندەوار بكرێت هێشتا بیانوو هەیە، چ جای لەلایەن ئەو  سەرۆك زانكۆ نەخوێندەوارانەوە ئەنجامبدرێت كە هیچ لەباردانەبوون و لەبەرزترین دەزگای زانستیدا رۆڵی حەسحەسێكی بەلەسەی پەمدراو دەبینن! حزب و دەسەلاتێك لەسەرەتاوە راستگۆ نەبیت لەگەل خەلك و تەنانەت كاندیدەكانی خۆشیدا دەبێ چاوەڕێی چی لێ بكرێت!
بەداخەوە... ئومێدی خەڵكیان كوشت، نەدەسەلاتیان دەسەلاتەو نە ئۆپۆزیسیۆنیشیان لە خەڵك دەچێت! حزبەبالادەستەكان هەموو رێگەیەكی سەركوتكەرانەو ساختەكاری دەگرێتەبەر بۆ درێژەدان بەدەسەلاتی ناشەرعییان، ئۆپۆزیسیۆنی تازەهەڵتۆقیوی پۆپۆلیستیش، بە دروشمی درۆیینەی خەڵەتێنەر، هەر لەسەرەتاوە راستگۆ نەبوو لەگەل ئەو خەڵكەی كە ئومێدی لا دروستكردبوون، نەك لەنیوەی رێگە هەر لەسەرەتاوە وا بەجێیان دەهێلێت!
ئەمە جگە لەو بەناو سەركردانەی رۆژگارێك بەحیسابی خۆیان داوای حوكمێكی رەشیدان دەكرد و بەلێنی گیڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراویان بەخەلك دەدا، داوای گێڕانەوەی دەنگی دزراویان دەكرد! كەچی ئێستا نەك هەر شەقێكیان لە بەڵێنەكانیان هەڵداو خەڵكیان نائومێد كرد بەلكو بەحورمەتەوە بەدەنگی دزراو بەدوای پۆستدا رادەكەن و خەریكە بەململانێكانیان نەك هەر موچەی پاشەكەوت ناگێڕنەوە بەلكو خەریكە ئەو كەمە موچەی هەشە بیبڕن و قەیرانێكی تر رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بكەنەوە. 
بەداخەوە ئەم دەسەلاتە نرخ و بەهای بۆ هیچ پیرۆزییەك نەهێشتۆتەوە، ئەوەی لە رۆژی 30/9/2018 دا گوزەرا نەك هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو تەواوكەری ئەو سیناریۆیەبوو كە لە 12/5/2018 دا رویداو دیموكراسیەتی تیادا ئەتك كرا!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی