ساختەكاری وەك لوتكەی گەندەڵی سیاسی

04/10/2018

ئەبوبەكر كاروانی

ساختەكاری بە هەموو پێوەرەكان لەتكەی گەندەڵی سیاسیە ، چونكە دایكی رو‌اڵەتەكانی تری گەندەڵی سیاسیە، هەروەك چۆن ململانێی دەیان ساڵی رابردووی باڵە تەقلیدیەكانی كوردایەتی، خیانەتی نیشتمانی كردووە بە (ماف) ! درێژە كێشانی پاوانكردنی دەسەڵات و زۆنی حیزبی و دوو دەسەڵاتی لە كوردستان و داڕزانی ئەخلاقی حیزبی و سیاسیش، ساختەكاری بۆ هەندێ هێز كردووە كردووە بە ماف !!

بۆیە دەشڵێم گەندەڵی و ساختەكاری وەك ماف سەیر دەكات چونكە تەنانەت ئەو ڕۆشنبیرانەش لە حیزبێكی ساختەكاردا هەن و وا دەبینرێن لە دۆخی ئێستا و گەندەڵیەكە هەراسانن، نقەیان لێوە نایەت و هیچ نوزەیەكیشیان لێوە نایەت، ڕەنگە ئەم دۆخەش ، واتە دۆخی شاردنەوەی هەق و بێدەنگبوون لێی و فەرامۆشكردنی، لە دۆخێكی تر ئەهوەنتر بێت، كە بەشێ لەو كەسانە زۆر بێ باكانە بەرگری لە ساختەكاریەكە دەكەن، لە كاتیچكدا ساختەكاری لە كوردستاندا " هەموو سنورەكانی تێپەڕاندووە و چی دی وەك شتێكی شاراوە نەماوە و بە نیمچە ئاشكرایی و گوندەیی ئەنجام دەدرێت .

هەموو ئەوەش پێمان دەڵێت یەكەم هەنگاونان بەرەو چاكسازی و گۆڕانكاری  و راستگۆبوون لەگەڵ دیموكراسی و نیشتمان پەروەرێتی هاوچەرخ لەم خاڵەوە دەستپێدەكات، واتە هیچ گۆڕانكارییەكی جدی و جەوهەری روونادات ن تا هەل و مەرجی هەڵبژاردنێكی بێ ساختەكاری یاخود كەم ساختەكاری نەیەتە پێشەوە، بە واتایەكی تر ئەو هێز و ناوەند و كەسانەی ساختەكاری ئەنجام دەدەن ، ناتوانرێ بڕوا بە هیچ دروشمێكی ریفۆرمخوازیانە و نیازێكی راستەقینەیان بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی بكرێت؟ هەر لەم روانگەشەوە تەوژمی ریفۆرمخواز و ناڕازی پێشووی هەرێمیش دەبێت بە كۆی ستراتیژ و میكانیزم و ئامانجە لە پێشینەكانی خۆیدا بچێتەوە و ستراتیژێكی نوی پەیڕەو بكات، كە كار لەسەر ژێرخانی گەندەڵی و لاوازكردنی رەگەكانی ساختەكاری و بەرتەسك كردنەوەی ئەو فەزایە بكات كە زەمینە بۆ ساختەكاری و گەندەڵی سیاسی دەڕەخسێنن، چونكە گەر بۆ بەریتانیای چەرچل بێ لایەنی و بەهێزمانەوەی دەسەڵاتی دادوەری گرەنتی هەڵسانەوەی بووبێت ، بۆ هەرێمیش ئەو هاوكێشە راستە كە دەڵێت : هەركاتێ توانیمان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدەین دەتوانین ئایندەمكان دەستەبەر بكەین و هەنگاوی جددی بەرەو دیموكراسی بهاوین.

ئەبوبەكر كاروانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی