جەمسەرگیری هێزەكانی هەرێم

06/10/2018

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ ی ئەیلول ودواتر هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لەناو بەربژێرە كوردەكان لەدانیشتنە سەرەتاییەكانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوو بابەتی پێكەوە گرێدراوبوون، بابەتێكی هەستیاربوون لەقۆناغێكی مێژوویدا كەدەناسرێتەوە بەجەمسەرگیربوونی ئاڕاستەكانی سیاسەتكردن لەهەرێمی كوردستان، دوو جەمسەر كەبابەتی دوو ئیدارەیی ودوبارەكردنەوەی ئەزمونی تێپەڕبووی ساڵی نەوەدەكانی هەریەك لە ی.ن.ك وپ.د.ك نییە لەهەرێمی كوردستان، ئیدی لێرەوە قۆناغێكی دیكە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەستپێدەكات، ئەم قۆناغە دابەشبوون تیایدا دابەشبوونی هەژمونگەرایی لایەنەكانە، لێرەوە تفەنگەكان هێڵی دووەمی بەرگریكردن دەبن وبژاردەی یەكەم هێرش وبەرگری عەقڵی ڕۆشنبیری سیاسی لەبەرامبەر یەكتردا دەوەستنەوە.

باشترە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم قۆناغە، پۆلێنی ڕەگەزە سەرەكییەكانی جەمسەرەكان بكەین دواتر فەندیمێنتەڵ وستراكچەر وئامانجەكانیان دیاریبكەین، لەكۆتاییدا پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی ئەو ڕەگەزانە لەتەواوی ئەم ناوچەیدا بخرێتە ژێر ووردبینی شرۆڤەكردنێكی بابەتییانە بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی ئاڕاستەكانی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ یمایسی ٢٠١٨ ودواتر پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ ی ئەیلول ودەرئەنجامەكانی ئەو دوو هەڵبژاردنی – بەدەر لە هەموو ئەو حاڵەتانەی كەساختەبوون لەهەردوو پڕۆسەكەدا – ڕاستییەكیان دەرخست كە بریتییە لەوەی كە هەریەك لە پ.د.ك وی. ن.ك دووپارتی یەكەم ودووەمن لەنەخشەی سیاسی عێراق وهەرێمی كوردستان، كەواتە ناكریت بەهەربیانوویەك، یان لەژێر هەر پاساویكدا ڕۆل وكاریگەری وهەژموونی هەریەك لەو دوو پارتە لەبەرچاو نەگیرێت، ئەمە حەقیقەتێكە ومامەڵەكردنی لایەنە سیاسییەكانی عێراق وهێزەكانی ناوچەكە لەگەڵ ئەو دوو پارتەدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن كە بەلایەنی كەمەوە تا چوارساڵی دیكە پێویستە مامەڵە لەگەڵ عەقڵییەتی ئەو دوو پارتەدا بكرێت، لەلایەكی دیكەوە، هێزە نەیارەكان لەهەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی هێزە نەیارەكان لە باشور وناوەڕاستی عێراق ئاستی دەنگدەرانیان بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی، ئێستا ئەمانە بەهەموویان هێزی سێیەم نین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وپەرلەمانی كوردستاندا، هەر گۆڕانكارییەك لە ماوەی چوارساڵی داهاتوو ڕوو بدات بەهەردوو بارە ئەرێنی ونەرێنییەكانی سیاسی و ئابووری لەهەرێم و عێراقدا جێپەنجە وكاریگەری هێزە نەیارەكان نییە، پڕۆسەی سیاسی لەهەرێم بەرەو خنكاندنی هێزەنەیارەكان هەنگاو هەڵدەنێت، لەداهاتوودا نەگۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕانی ٢٠٠٩ ونەكۆمەڵ ونەیەكگرتوو – كەسەرەتا گورزەكان بەرئەمان كەوت – ئەو هێزەی ڕابوردوویان نابێت، ئەمە ڕاستتیەكی تاڵە بۆ ئەو هێزانە، بەڵام مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو ڕاستییە باشترە لەبڕوانەهێنان بەو بارودۆخەیان، لێرەدا ئەم خاڵە سوود بەجیابوونەوەی جەمسەرەكان دەگەیەنێت لە هەرێمی كوردستان.

عێراق لەم جیابوونەوەی جەمسەرانە بەدەر نییە، ئەوەتا عێراق لەبەردەم هەردوو ئەگەری تەوافقی و زۆرینەدایە لە كایەكانی سیستەمی سیاسی، لە كایەی ئیدارییەوە لەبەردەم هاوپشكی و تەكنۆقراتدا وەستاوەتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار سەركەوتنی زۆرینەی پەرلەمانی بوو بەسەر چەمكی تەوافقی سیاسی، ئەو ڕایەی كە پێی وایە ئەو جیاوازی تێڕوانینە تەنها لەهەرێمی كوردستاندا هەبووە كەپێی وابوو هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بێویستی بەتەوافقی سیاسی لایەنە كوردییەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی هەیە بەو پێیەی كە ئەو پۆستە مافی پێكهاتەی كوردە، ڕایەكی دوورە لە ڕاستییەوە، تا هەنوكە لەناو عێراقدا تەوافقیەت ڕۆڵی بەرچاوی هەیە، ئەم ڕایە لەلایەن پێكهاتە سوونی و شیعەكانیشەوە پشتگیری دەكرێت.

پ.د.ك پێی وابوو كە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بەتەوافقی لایەنە كوردییەكان هەیە، ئەم پرسە بەیوەندی بەكوردەوە هەیە، تێپەڕاندنی پرسێكی لەو شێوەیە، لەناو سیستەمی زۆرینەو كەمینەی ناو پەرلەمان، مەترسیدارە، بەڵام ی.ن.ك تەواو پێچەوانە ئەو پرسەی بە زۆرینەو كەومینە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردەوە، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە چی وایكرد كە پ.د.ك لەو پرسەدا ئاوت بكرێت، لەكاتێكدا كەپێشتر ڕێككەوتن هەبووە لەسەر كشانەوەی بەربژێری ی.ن.ك بەپێی لێدوانەكانی دوای ئەندامانی شاندی پ.د.ك، لەبەرامبەردا ئەم لایەنە دەتوانێت كاربكات بۆ ئاوت كردنی ی.ن.ك لە پڕۆسەی سیاسی هەرێم، كام لەو دوو پرسە بە پلەی یەكەم گرنگن بۆ كورد، پڕۆسەی سیاسی عێراق یان هەرێم، لەهەموو حاڵەتیكدا ئەو پالنەرانە هیندە بەهێزبوون كە لایەنە عەرەبییەكان بگەنە ئەو بروایەی كەپیویستە لە پرسی سەرۆككۆماردا ستۆپ بە پ.د.ك بكەن وكشانەوەی بەربژیرەكەیان قبوڵنەكەن، بەجیاوازییەكی زۆر بەربژێری ی.ن.ك لە مانۆرەكەدا سەركەوتووبیت؟

گومان لەوەدا نیی كە لایەنەعەربییە سوونە وشیعەكان وهیزەكانی ناوچەكە ووویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، تەواو كۆكن لەسەر ئەوەی كە سیاسەت لەم ناوچەیە ناكرێت بەبێ پ.د.ك سەركەوتووبێت وسەقامگیربیت، بەلام هەندیك لەسیاسەتەكانی ئەم لایەنە پیویستی بەهەلویستە هەیە، ئەم لایەنە خاوەنی ڕیفراندۆمە لەهەمانكاتدا داكۆكاری پۆستی سەرۆككۆماربوو، دوو هەڵوێستی جیاواز، كە جێگای تێڕامانە، بەوە دەتوانین لێكی بدەینەوە كە: هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لە لێواری داڕماندایە، دەربازبوون لەم مەترسییە پێویستی بە ووچانێك هەیە، بارودۆخی عێراق لەم چوارساڵەی داهاتوودا پێوویستی بە هەڵسانەوە هەیە، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان هەمان بۆچوونە، هەرپەرەسەندنێك لە هەر ڕوویەكی سیاسی ئابووری هەرێم دەستكەوتنی لایەنەسیاسییەكانی لەداهاتوودا زیاددەكات، پ.د.ك تامەزرۆی ئەو دەستكەوتانەیە، كەواتە پرسەكە پەیوەندی بە گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی پارتییەوە نییە بەهێندەی پەیوەندی بە پراگماتیزمییەتی سیاسەتی پارتییەوە هەیە بۆ داهاتوو، ئەمەش بەهەمانشێوە بۆ یەكێتی دروستە، ئێستا ئەمان لەگۆڕەپانەكەدا بەهەناسەبڕكێوە بەرەو هاوسەنگی كەوتوون لەگەڵ پارتیدا.

ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات كەلە داهاتوودا جەمسەرەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە پ.د.ك وی.ن.ك دا دەبینێتەوە، تاماوەیەكی دوور هێزێكی ڕادیكاڵی لەهەرێمی كوردستان ناكەوێتە بەرچاو، وەهەر گۆڕانكارییەك پێویستە لە هەناوی سیستەمەكەوە ئەنجام بدرێت، لەدەرەوە مانەوە سوود بەهێچ لایەك ناگەیەنێت.

بابەتێكی دیكەی پەیوەست پرسی دوو جەمسەری لەهەرێمی كوردستان كێشە هەڵپەسێراوەكانی باكور وڕۆژهەڵات وڕۆژئاوای كوردستانە، ئێستا هەرێم لەبەردەم دیاریكردنی پێگەی هەرێمایەتیدایە، لەم كەیسەدا هەریەك لە ڕوسیا وتوركیا وئێران هەماهەنگن، ڕوسیا بەردەوام لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی سوریا وسەروەری حكومەتی بەشار ئەسەدە بەسەر تەواوی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات وباكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا كە كوردەكان حوكمی ئەو ناوچانە دەكەن، ڕوسیا لەهەماناتدا ئامادەیی هەیە لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای ڕۆزنەفت و گرێبەستەكانی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە ئەمانیش وەك وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چاوەڕێی پشكی خۆیانن لەعێراق، ئەمە توركیا ئاسودە دەكات، دەروازەیەكە بۆ تەواو كردنی هێڵی بۆری گازی سروشتی ڕوسیا بۆ توركیا ودواتر بۆ ئەوروپا، ئێرانیش بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ دوو جەمسەری هەرێمدایە بەتایبەتی كە لەم مانگەوە سزاكانی سەر ئێران دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم ووڵاتانە پێویستیان بەدامەزراوەیەكی تۆكمە هەیە تابتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن،  بەو مەرجەی كە پێگەی هەموویان پارێزراو بێت لە كەشێكدا كە دڵنیا نین لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات.

ئەنجام ئەوەیە كە داهاتووی عێراق وهەرێمی كوردستان بۆ هەموو لایەنە ناوخۆیی ودەرەكییەكان گرنگە، بوونی سەقامگیرییەكی لاوەكی لەكاتێكدا فەراهەم دەبێت كە پۆلێنی هێزەكان لەجەمسەرە دیار وبەهێزەكاندا ببینرێتەوە.

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە