سیناریۆكانی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن

07/10/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

پێكهاتەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە سەرۆكەوە لە 9 كەس پێكدێت بەم شێوەیە :
پارتی : 3 ئەندام 
یەكێتیی : 2 ئەندام 
گۆڕان : 2 ئەندام 
كۆمەڵ :1 ئەندام 
یەكگرتوو: 1 ئەندام 
لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان چەند ڕێگەو سیناریۆی جیاواز هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە :

* هەرچەندە لە 29ی ئەیلول ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا: پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بێت، بەڵام یەكێتیی لە دادگا تانەی لەو بریارەداوەو پێیوایە: لە یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014، هیچ بڕگەیەكی لەم شێوەیە نەهاتووە، كە باس لە دوو لەسەر سێی بكات بۆ یەكلایكردنەوەی بڕیارەكان، بەمەش لەڕووی یاسایەوە ئەگەر بە كۆنكرێتی باس لە دوو لەسەر سێ نەكرێت، ئەوا تۆماتیكی سەرجەم بڕیارەكان بە زۆرینە یەكلایدەكرێتەوە؛ واتە لە كۆیی 9 ئەندام پێنج ئەندام دەتوانن دەنگ بۆ پەسەندكردن بدەن نەك شەش ئەندام، هەربۆیەش ئەگەری زۆر لایەنە ناڕازییەكان لەم كەیسەدا بدۆڕێنن، نەتوانن بەر لەم هەنگاوە بگرن.

*بۆتانەدان لەسەر رێككارەكانی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و تەواوی پڕۆسەكە، بەپێی یاسایی كۆمسیۆن سێ دادوەر لە دادگایی پێداچوونەوەی هەرێم دەبێت یەكلایبكەنەوە، ئەو سێ دادوەرەشی دانراون بۆ ئەم كەیسە دوانیان پارتین و ئەویتریان یەكێتیە، بۆیە ئەگەرەكانی پەسەندنەكردن، لە لایەن لایەنە ناڕازییەكان بە ئەنجامی هەڵبژاردن لە دادگاش زۆر لاوازە.

* لە هەردوو ئەگەری دەنگی زۆرینە، یاخود دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دوو سیناریۆی دیكە لەبەردەم پەسەندكردنی ئەنجامەكان هەیە : ئەگەر پارتی و یەكێتیی و لایەنە ناڕازیییەكان لە ڕێگەی كۆمسیۆنەوە رێكبكەون لەسەر یەكلایكردنەوەی سكاڵاكان و دەنگە ساختەكانی چەند سندوقێك باتڵبكرێتەوە، كە ببێتە هۆكاری گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەوا ئەنجامەكان پەسەند دەكرێن، بە ڕەزامەندی نوێنەرانی زۆربەی لایەنەكان لە كۆمسیۆن.

ئەگەر لە حاڵەتێك پارتی و یەكێتیی ڕێكبكەون لەسەر ئەوەی ئەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكان پەسەندبكەن، بە كشانەوەی سكاڵاو چاوپۆشیكردن لە سوتانی دەنگی بەشێك لە سندوقەكان، ئەوكاتیش لە ڕێگەی زۆرینەی كۆمسیۆن و دادگا دەتوانن ئەو كەیسە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلابكەنەوە.

لە حاڵەتی بە تەنیایی چوونە پاڵی یەكێتیی، یاخود پارتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، ئەوا پەسەندكردنی ئەنجامەكان قوڕس دەبێت.

* ئەگەرێك هەیە ئەنجامەكان وەك ئەوەی پەرلەمانی عێراق بە سیاسی بكرێت و بەكۆمەڵێ فلتەری یاسایی و پەرلەمانی و دادگادا بڕوات و لەكۆتاییدا ئەنجامەكان وەكو خۆی پەسەند بكرێت.

*ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەڕووی یاسایەوە هیچ بەهایەكی نییە، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەو لایەنانەی ڕەتیانكردەوە، بەڵام دواجار هەرچوونە پەرلەمان و سوێندی یاسایان خوارد، بەڵام ئەگەر ڕەتكردنەوە بە نەچوونە پەرلەمان بێت دیسانەوە بەپێی یاسا بەركارەكان، یاخود دەركردنی یاسایی نوێ، كورسییەكان ئۆتۆماتیكی دەچێتە سەر لایەنە بڕاوەكان، بەمەش كورسییەكانی پارتی و یەكێتیی زیاد دەكات.

* لەگەڵ ئەوەی تاوەكو ئێستا نەوەی نوێ بە ئاشكرا ڕایگەیاندوە: ئەگەر ئەنجامەكان بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە ناچنە پەرلەمان، بەڵام ئەوەش تاوەكو ئێستا ڕوون نەبۆتەوەو، كە ئایە تەنیا فشارو تاكتیكە بۆ گفتووگۆكردن، یاخود ڕاستییە ؟!

ئەگەر گریمان ڕاستیش بێت، دیسانەوە ئەمە خزمەتكردنە بە پارتی و یەكێتیی.

كەواتە بەپێی ئەو ئەزموونەی ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردن هەمانە، پەسەندكردن و پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەنها لە چوارچێوەی هەڵای ڕاگەیاندنەكان دەمێنێتەوە، ڕەنگە كۆمەڵێك لایەنیش بیانەوێ كورسی و دەگی تریان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام دواجار پەسەند دەكرێت و هەمووشیان بە خۆشی و ناچاری قبوڵی دەكەن.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی