ئایلان‌و جەماعەتەكەی

12/10/2018

هاوكار حسێن

قەرار وابوو لەدایكبوونی هەر منداڵێك، پەیامێك بێت و پێمان بڵێت: هێشتا خودا لەمرۆڤایەتی بێ ئومێد نەبووە. بەڵام گەورەكانی نیشتمان كارێكیان كرد، منداڵەكان ژێوان ببنەوە لەوەی بونەتە قاسید، بۆیە ئایلان و جەماعەتەكەی لەشەرمان سەری خۆیان هەڵگرت و بەدەمی پڕ لەگلەییەوە بۆلای خودا گەڕانەوە. لەقاپی خودا بەكۆرس وتیان: خودا یان ئێمە بەهەڵە لە پەیامەكە تێگەیشتین، یان هەر خۆی هەڵەتێگەیشتنێك لەم وجودەدا هەیە. 

ئایلان و جەماعەتەكەی پێش ئەوەی لەئیجەدا بخنكێن، ئەگەر فریای نوسینی شتێك بكەوتبان، دوور نەبوو بەئێمەش بڵێن:  مێژوو لەسەر ئەو جیاوازییانە حكومتان دەدات كە رۆژانە لەژیانی منداڵەكاندا دروستیان دەكەن. جەغار! ئێوە نەك ئیش لەسەر دروستكردنی ئەو جیاوازییە ناكەن، بەڵكو خەریكی كۆپی پەیستن. نەوەی دوو هەزارەكان هەر دەڵێی نەوەی 100 ساڵ لەمەو پێشن. 

پەروەردەكردنی منداڵێكی بەهێز زۆر ئاسانترە لەوەی پیاوێك یان ژنێكی تێكشكاو دروست بكەیتەوە، ئێوە نە خەریكی بیناكردنی منداڵی بەهێزین، نە خەریكی چاككردنەوەی پارچە تێكشكاوەكانی خۆشتانن. 

جەبری مێژوو وا هاتوە كە هەمیشە نەوەیەك دارنەمامەكان بنێژێت تا نەوەی داهاتوو لەبن سێبەرەكانیان بحەوێنەوە، ئێوە زەمانێكە! نەك وازتان لەناشتنی دارنەمامەكان هێناوە، رۆژانە خەریكی بڕینەوەی ئەو درەختانەشن كە خەریك بوو سێبەرێكیان دروستدەكرد.

ئێمەی منداڵ، هیچمان نەبوو لەدەستی بدەین. داواكاریشمان زۆر نەبوو. هەر خەندەیەكمان بەس بوو تا بەردەوامبین لەسەر ئەو قەناعەتەمان كە ژیان جوانە. مردنیش ئەو ناخۆشە نیە، لانیكەم برسیمان نابێت، نیگەران نابین، خەوێكی بێ راچڵەكین دەخەوین، خەوی خۆش بەو شتانەوە دەبینین كە نیشتمان بۆی نەكردین. هەر دەخەوین.

هاوكار حسێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی