تۆتاڵ‌و كەركوك

12/10/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

مەسەلەكە نەوت بوو نەك شتی تر ، هەندێ‌ جار دەبینی دەوڵەتێك ، یان كۆمپانیایەك بە كوڵ بۆت دەگری ، تۆ لات وایە ئەوەلە دڵسۆزیەوەیە كەچی هەقیقەتەكە شتێكی ترە ، لە هۆڵەكەدا كەمن لام وایە رێكخراوێك هەر بۆ ئەو بۆنەیە دروستكرابوو ، باسی كوردو نەهامەتیەكانی كورد دەكرا ، قسەی زۆر كرا ، ئێمەش بە رێكەوت داوەتی ئەو بۆنەیە كرابووین من و نوسەرێكی تری هاوڕێم، كە زیاتر حەزمان بە نووسینی شیعرە ، هەموو قسەكان بۆنی نەوتیان لێدەهات ، دیار بوو كۆی تێچووی بۆنەكە لەسەر تۆتاڵ بوو ، كۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی ، بە تەنیا دەیەوێت كێڕكێ‌ لە گەڵ حەوت خوشكەكەدا بكات ، حەوت خوشكەكە بریتین لە كۆمپانیاكانی " ئیكسۆن ، مۆبیل ، شێل ، گەلف ، شیفرۆن ، بی پی ، تێسكۆ " ئەمانە ئیمراتۆریەتە گەورەكەی نەوتی جیهانن، هەڵبەت پێم وایە ئەمان لە رابردودا هەموو ڕێیەكیان تاقیكردوەتەوە بۆ ئەوەی ركابەرەكانیان بخەن، تۆتاڵیش لە بەرەی ئەواندا نیەو ئەنگلۆ سەكسۆنی نیەو فەڕەنسیە ، ئێستا حەوت خوشكەكە زیاتر یەكانگیر بوونەو هەندێكیان ئاوێزانی یەك بوونە ، لێ‌ هەمیشە لە شەڕی ئەوانی تردا دەردەكەونەوە .

لە پڕێكدا هەم تۆتاڵ هەوڵی گەیشتنی بە كێڵگەكانی كەركوك دا هەم ئێكسۆن مۆبیلیش لە سنوری كەركوك و قەرەهەنجیرو شوان كەوتە پەیدۆزی نەوت ، بەرانەكان زۆر لە یەكتر نزیك بوونەوە ، هیچ ڕوون نیە ئاخۆ كەوتنی كەركوك لە 16ی ئۆكتۆبەر جگە لەو بەزمەی كورد بە یەكتری دەكەن و خیانەتبۆ یەكتر دادەتاشن ، بە هۆی نزیكبوونەوەی بەرانەكانەوە بووە یان شتی ترە ، ئەوەشمان بیر نەچێت ، كە رۆز نەفتی روسی لە تۆتاڵ زیاتر مرخی لە نەوتی كەركوك خۆشكردبوو ، رێكەوتنی حكومەتی كوردی " بە تایبەت نێژیرڤان بارزانی " و رۆز نەفت و دەستگرتنی كۆمپانیای كار بە سەر نەوتی هاڤاناو بایحەسەندا ، ئەوەش ئەگەرێكی ترە ،كە ناكرێت لە كەوتنی كەركوكدا نادیدە بكرێت ، راستی من نازانم كورد لەو گەمەیەدا " یاریزانە یان یاریپێكراو " بەڵام هەمیشە لە شەڕی كۆمپانیاكانی نەوتا خەڵكی تر دەبنە قوربانی ، ئەمە لەفەنزوێلاو لیبیاو ئێرانی زەمانی موسەدەقدا بە ئاشكرا ڕونبوەتەوە .

تۆتاڵ هەقی خۆیانە سەرمایە گوزاری بكەن ، وەك چۆن حەوت خوشكەكەو رۆز نەفت و كۆمپانیاكانی دیكەش هەمان مافیان هەیە ، بەڵام لەم یاریەدا بە قوربانی كردنی خەڵك و زەرەرو زیان گەیاندن بە وڵاتان و هاوڵاتیانی سڤیل ستەمێكی گەورەیە ، ئەم قسانە كۆمپانیاكان بە پوڵێكی قەڵب نایكڕن ، بە تایبەت كۆمپانیا ئەنگلۆ سەكسۆنیە سپی پێستەكانی، بۆیە بە باوەڕی من باشترین كار خۆگونجاندنە لە تەك ئەوانی ترو ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی خۆتە ، لە كەركوك كەس نەبوو ، ئەمە بكات ، حەوت خوشكەكەش بۆ خاوەندارێتی نەوتی كوردستان و كەركوك وەك ئەوە سەیری خۆیان دەكەن كە تاپۆی ڕەشیان هەبێت ، ئەمەش بە دڵی تۆتاڵ و رۆز نەفت نیە ، واتە بە دڵی فەڕەنساو رووسیا نیە ، لە پشت هەر كۆمپانیایەكی زلی نەوتیەوە دەوڵەتێك هەیە لە پشت هەر دەوڵەتێكی زلەوە ، سوپایەكی بە هێز ، بەڵام مەرج نیە سوپا یاریەكان یەكلا بكەنەوە چیرۆكی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی " ئارینكۆ مەتا"ی ئیتالیتان بیرە كە لە 27ی 10ی 1962 فڕۆكەكەی كەوتە خوارەوەو كۆتای بە ژیانی هات ، پیاوی نەوت لە بەردەم یاری حەوت خوشكەكەدا دەبێت زۆر وریا بێت دەنا !!.

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی