‬‏‎‪با سبەینێ نەگوترێت نەگوترا‬

13/10/2018

هۆشیار عومەر

بەندە لە بەر ئەوەی ناوی باوک و باپیرم عومەر عەلی-یە زۆر کەس وا دەزانن کوڕی عومەری سەید عەلی-م. لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ بەرنامەی "سەکردایەتی لە بواری دیموکراسیدا" لە ئەمریکا بوم. برادەرێك کە نەمدەناسی و ئەویش منی نەدەناسی نامەیەکی لە فەیسبوکەوە نارد بو و نوسی بوی، "تۆ ئەگەر کوڕی عومەری سەید عەلی نەبیت، پیاوی ئەوەی بچێت بۆ ئەمریکا!" ئەڵبەت دەزانن من باوکم لە ساڵی ۱۹۸۸ ئەنفال کراوە. پێم خۆش بو کەمێك پێبکەنن و لێرەوە بچمە سەر ئەسڵی مەتڵەب.
‏‎
لە مێژوی دور و نزیکی ئێمەدا سەرکردەی جوامێر و لە خۆبوردە و خۆڕاگر زۆرن. هەمیشە ئەو کەسانە پاش ئەوەی لە ژیاندا نامێنن خەڵک ئەسف دەخۆن وەکو خۆی و وەکو پێویست نەیانناسی. ئەمە بۆ نەوشیروان مستەفا ئەمین راست بوو. ئەو لە لەندەن چاوەڕێی مەرگی دەکرد. لە کوردستان زۆر کەس دەیانگوت، "بۆچی نایەتەوە؟"، یان دەیانگوت، "چوە بۆ سەفەر و گەشتیاری."
‏‎
لە دواین سەفەریدا بەندە خۆشبەخت بوم کە دەرفەتم هەبو لە هەفتەیەكدا چەند رۆژ نەوشیروان مستەفا ئەمین-م دەبینی و گفتوگۆمان دەکرد. عومەری سەید عەلی بە سەردان هات و چەند رۆژێك مایەوە. ئەو لە باسی عومەری سەید عەلی-دا گوتی، "سەید توانای منی نیە. لە روی سیاسی و جەستەییەوە توانای وەکو من نیە. بەڵام هیچ بەرژەوەندییەکی نیە و هەرگیز ناتانفرۆشێت." زۆرن ئەو هاورێ و سەرکردە بەرێزانەی لە نێوان پۆست و پێگە و پارە و نەوشیروان مستەفا ئەمین-دا، نەوشیروان مستەفا ئەمین-یان هەڵبژارد. ماندوبون و تێکۆشانی ئەوان بۆ ئێمە جێگەی رێز و شانازییە.

‏‎‪کاتێك بزوتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلی کرد بە‬
رێکخەری گشتی جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین-ی دانەنا. کەس نابێت بە ئەو. کەس ناڵێت دەبم بە ئەو. من ئەو کات لە روداوەکاندا بوم. عومەری سەید عەلی گوتی، "من توانای ئەم ئەرکەم نیە. خۆم و گۆچانەکەم پاسەوانی گۆڕەکەی کاك نەوشیروان دەبم." زۆر هاورێ ناچاریان کرد ئەو ئەرکە زەحمەت و تاقەت پڕوکێنە وەر بگرێت. دواتر وەك پێویست پشتیوانی نەبون. بەندە بەو پەڕی تواناوە پشتیوانی بوم. نەك لەبەر ئەوەی عومەری سەید عەلی-یە، بەڵکو لەبەر ئەوەی رێکخەری گشتی گۆڕان-ە.

‏‎‪وەك پیشە، عومەری سەید عەلی مامۆستا بو. دەیتوانی کاری مامۆستای خۆی بکات. بەڵام وەک پیاوێکی نیشتیمانپەروەر پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە. دواتر لەگەڵ هاوڕێ و سەرکردەکانی کۆمەڵە زیندانی کرا. ئەو کات هاورێکانی لە سێدارە دران. ئەو بە سوتفە و بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا. کاتێك ئازاد کرا دیسان دەیتوانی لە ماڵی خۆی دابنیشێت. بەڵام هەستا و چوە شاخ بۆ بەردەوامی لە تێکۆشان. دواتر لە هێرشی هەلیکۆپتەرەکانی رژێمی بعپ بە سەختی بریندا بو. جارێکیتر بە سوتفە لە مەرگ گەڕایەوە. زۆر جار دەیتوانی لە ماڵ دانیشێت و وەک پاشا بژی. بەڵام دیسانەوە رێگای بەردەوامی هەڵبژارد. زیاتر لە ٣٠ ساڵە نیوەی جەستەی ئاسنە. ناتوانێت بەبێ ئازار هەنگاو بنێت، دانیشێت یان بنوێت. هەرگیز نە هیچی بۆ خۆی کردوە و نە هیچی ویستوە.‬
‏‎
‪تۆ بڵێێ بەم تەمەنەوە بێت و دوای بەرژەوەندی خۆی بکەوێت!‬

‏‎‪ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕان سەر بکەوێت سبەی بێن و بڵێن کاك عومەر ئێمە پشتیوانین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕان. ئێمە دەزانین تۆ تەمەنێکی کەمت ماوە و ئایندەی گۆڕان بۆ گەنجەکانە.‬
‏‎
‪ئەوانەشی رۆژیك پشتیوانی نەبون و ئێستا دین و بەبێ ئاگا لە زانینی راستیەکان بە راست و چەپدا بێڕێزی بەم پیاوە دەکەن، سبەینێ نەڵێن نەمانزانی ئەم پیاوە کێیە. نەڵێن پەشیمانین بێڕێزیمان بەرامبەر کرد. نەڵێن بە هەڵەدا بردینیان.‬
‏هەموان بزانن کەس نەیڵێ من دەیڵێم: عومەری سەید عەلی جێگەی شانازی بەندەیە.  ‬

شەممە. ۱۳ی ۱٠ی ۲٠۱۸
سلێمانی.
‏‎‪هۆشیار عومەر عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی