بازرگانی بەپرۆسەی پەروەردەوە

18/10/2018

هونه‌ر تۆفیق

دیاردەیەكی ناشرینی كۆمەڵێك مامۆستای ناشیرین لەهەر گەڕەك و بەرانبەر هەر خوێندنگەیەكی ئامادەیی پەیدابووە بەناوی بازرگانیكردن بە پەروەردەوە . ئەویش دیاردەی پەیمانگەی مامۆستای بازرگانە . 

لەوانەش عەیبتر ڕیكلامكردنە بۆ مامۆستاكان كە بە شاڕێ و شەقامەكانی شاردا هەڵواسراوە ( باشترین مامۆستای فیزیا ، چاكترین مامۆستای كیمیا ، زاناترین مامۆستای كوردی ..هتد ) لەوەش قەباعەتتر ناو و وێنەی مامۆستاكان لە ڕیكلامی شەقامەكان و پەیجەكانی فەیسبووكدا دانراوە . ئەمەش بەبەرچاوی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەوە دەگوزەرێت . ئەوانیش چاویان لەو مامۆستا ناشیرینانە پۆشیوە .

بێنە بەرچاوی خۆت پزیشكێك لە دەوامی ئاسایی نەخۆشخانەی حكومیدا بە نەخۆشێك بڵێت لێرە چارەسەرت ناكەم ، ئێوارە وەرە بۆ نۆرینگە تایبەتیەكەی خۆم پارەی پشكنینەكەم بدەرێ منیش باشترین چارەت دەكەم ؟!! هەر ئەو پزیشكە لە شەقام و كۆڵانەكاندا ، بەرانبەر خەستەخانەكان وێنەی خۆی بڵاوبكاتەوە بڵێت من باشترین پسپۆڕو پزیشكی دنیام وەرن بۆلام پارەم بدەنێ با چارەسەری نەخۆشیەكانتان بكەم ؟!

ئەمەی ئەو جۆرە مامۆستا ناشیرین و بازرگانانە لەناو سیستەمی پەروەردەدا دەیگوزەرێنن گەورەترین گەندەڵیە لە پەروەردە و پیشەی مامۆستایدا دەیكەن . 

ئەگەرئەو مامۆستایانە هێندە زیرەك و لێهاتوون گەرەنتی دەرچوونی خوێندكارەكان لە تاقیكردنەوەكاندا دەكەن وەك لە ڕیكلامی پەیمانگەكاندا بانگەوازی بۆدەكەن ، بۆچی لە خوێندنگە ئاساییەكانی حكومەتدا ئەو گەرەنتیە بۆ خوێندكارەكان ناكەن ؟ چۆن دەكرێت مامۆستا پارە و موچەی وەزارەتی پەروەردە وەربگرێت ، لەهەمان كاتدا لە تەنیشت خوێندنگەكاندا پەیمانگای دەرسی خسوسی بكاتەوە . بە خوێندكارەكان بڵێن وەرن لە پەیمانگەكەماندا دەرسی باشترتان پێ دەڵێینەوە !! 

پارالێل بە كتێب و مەنهەجی وەزارەتی تەربیە بازاڕێكی گەورەی مەلزەمەیان دروست كردووە كە خوێندكارەكان ناچاردەكەن بچن لەو دوكانانەی مەلزەمەكانی تیادا دەفرۆشن لەبری كتێب و مەنهەجی وەزارەت مەلزەمەكانی ئەوان بكڕن ؟! ئەگەر مەلزەمەكانی ئەو مامۆستا ناشیرینانە لەكتێب گرنگترە بۆچی وەزارەتی پەروەردە ئەو كتێبانەی كردووە بە مەنهەجی خوێندن ؟!

تكایە وەزارەتی پەروەردە و بەڕیوەبەرایەتی گشتی پەروەردە سنورێك بۆ ئەو پاشەگەردانی و فەوزای بازرگانی بە پەروەردە و وانە گوتنەوەوە دابنێن . باشكۆی مامۆستا لەناوماندا لەڕێگەی ئەو مامۆستا بازرگانانەوە زیاتر نەشكێت .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی