سێبەرى ئیدارەى ترەمپ لە "سعودیە"دا

19/10/2018

یاسین نادر

نازارێت لە مێژووى ئەمریکادا سەرۆکێکى هاوشێوەى ترەمپ دەدۆزرێتەوە کە هاوشێوەى ئەو ئەوەندە بەردەى پارەوپول بێت، کە لە دونیای ئەمڕۆدا وا دەیبینین، بەو پێیەى کە سعودیەکان پارەى بێشوماریان بەردەستە، بوونەتە هۆی ئەو زلهێزێکى وەک ئەمریکا هەمیشە شوێنپێى کاروبارەکانیان بگرێت و بەبێ هیچ ئەملاولاو گوتنێکى تر هەمیشە بەڕاستەوخۆ داواى پارە لەوان بکات. کە لەم نێوەندەشدا ئەوە بەڕوونى دیارە کە سعودیەکانیش دەیانەوێت خودێتییەکیان پیشانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و دونیا بدەن کە ئێمەش هەبوونیەتێکمان هەیە.
دیار نییە لەم ڕۆژانەدا سعودیە فەرمانبەردارى ئەمریکایە!! یان ئەمریکا فەرمانبەردارى ئەوە و لەو پەیڕەوى دەکات. بەڵام شتێک کە ڕوونە ئەوەیە کاریگەرى پارەى سعودیا لەسەر ترەمپ و دونیای ئەمریکا بەگشتى تا ئێستاکە هەمیشە سعودیاى وەک هاوبەشێکى ئەمریکا لە ناوچەکەو جێبەجێکەرى سیاسەتەکانى ئەو دەردەخات.
ترەمپ بەئاشکرا ئەوەى گووتوە کە تا تەواوى پارەى سعودیا نەخاتە گیرفانییەوە، واز لە سعودیەکان ناهێنێت، کە ئەم ئەگەرەش تا کۆتایی قۆناغی سەرۆکایەتى ئەو ڕەنگە بەدی بێت یانیش نەیەت.
بە گەورەبوونى چیرۆکى تیرۆری ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرى سعودیایی "جەمال خاشقچی"   لە باڵیۆزخانەى سعودیا لە تورکیا، زۆر کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چاوەڕوانیی ئەوەدان کە کاردانەوەى توند بەرانبەر بە سعودیاو کاربەدەستانیی ئەم وڵاتە بکرێت. ئیتر هەندێک لە بەرپرسانى ئەمریکاش ئەمە هەمیشە لەسەر زاریانە کە سزاى وڵاتان بدەن؛ چ سعودیا لە ئێستاو هەر وڵاتێکى تریش بێت. بەڵام ترەمپ بەئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئامادە نییە بۆ تیرۆرکردن و گیانى لەدەستچووى نەفەریک، چەندسەد ملیارد دۆلار گرێبەستى خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتەیەدا تێکو وێک بدات. بە ئەگەرێک لەم سەروبەندەدا، بەریتانیاو ئەمریکا ڕەنگە لە هەوڵی ئەوەدا بن، کۆنفڕانسی ئابوورى لە سعودیا وەک سزایەک بەکار بێنن.
لەلایەکى ترەوە هەندێک لە بەرپرسانى سعودیا ئەم حاڵە لاوازەیان لە ترەمپدا دۆزیوەتەوە و هەڕشەو گوڕەشەى ئەوەیان کردووە، لە ئەگەرى هەر گوشاریک لە سەر وڵاتەکەیان نە تەنها گرێبەستە سەربازى و چەک پێفرۆشتنەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا هەڵدەوشێننەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدەن چەک و تفاقی پێویستیان لە ڕێگەى ڕوسیاو چینەوە دابین بکەن و هاوکارى ترەمپ لە سزادان و ئابڵۆقە نەوتییەکان لەسەر ئیراندا نەکەن و نرخى هەر بەرمیلە نەوتێک بە ٢٠٠دۆلار بگەیەنن و لە ناوچەکەش واز لە  ململانێکرنى ئێران چیتر بێنن، تا ئێران لە ناوچەکە هەر بە سەیتەرەیی ڕۆڵی خۆی بهێڵێتەوە، شتێک کە هەندێک ئاماژەى بچووکیشی لە قەزیەى خاشقچییەوە بەنسبەت ئێرانەوە دەبینرێت کە تا ئێستاکە ئێران، سعودیەکان بەجۆرێک تاوانبار لەم قەزیە نازانن و لەبارەیەوە هیچ گوتویژ و باسێکیان لەسەر نەکردووە. 
ئەم چیرۆکەش گەر وردتر لێ بڕوانین تاڕادەیەک لە هاوشێوەى ئەو هەڕەشانەیە کە عەرەبستانی سعودی لە کاتى پەسەندکردنى یاسای "جاستا" لە دژى خۆی کردى و بووە هۆی ئەوە کە ڕاپۆرتى دەزگا هەواڵگریەکانى ئەمریکا کە بەئاشکرا سعودیایان بەرپرسی ڕووداوى یانزەى سیپتەمبەر دەزانى، لەسەر خۆی لابدات.
یانیش کاتێک ڕیکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ناوى سعودیای بەهۆی کوژرانى منداڵانى یەمەنى خستە لیستە ڕەشەوە، بە گووتەى سەرۆکى پێشووى ئەوکاتى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هەڕەشەى دارایی سعودیەکان، لەم بابەتەش لەوان بوران و لێخۆشبوونیان کرد.
بەهەرحاڵ هەرچەندە ترەمپ و ئیدارەى ئەمریکا ئاوا هەڵسوکەوت گەلیک لەبارەى سعودیاوە بنوێنن، ئەوانیش بە گووتەى خۆیان هەنگاوى ئاراستە پێچەوانەیان بۆ ئەوان دەبێت کە هەموویان لە سەرچاوە داراییەکان لە قازانجى ئەمریکادا خۆی دەبینیتەوە.
چاودێرانی سیاسی باش ئەوە دەزانن ترەمپ لە گرێبەستە سەربازیەکانى پەشیمان نابێتەوە. ئەگەر لەم نێوەندەشدا بەو پێیەى ئاماژەى پیکرا قسەو هەڕەشەکانیی سعودیا سەربگرێت و ئەو وڵاتانەى کە وەکوو ئەمریکاو بەریتانیا کە بانگەشەکەرى مافیی مرۆڤ و ئازادى ڕادەربڕینن، بکشێنە دواوە، ئەوکات دەتوانین بڵێین عەرەبستان سوارى قەزیەو باس و بارودۆخەکان لە ئێستادایەو توانیوێتى ڕەگە خەونبینینى هەموو وڵاتانیی ڕۆژئاوایی بگرێتە دەستەکانیی خۆیەوە.
 وڵاتانیی تر هەنگاوێکى سعودیەکانیان لەبارەى کەنەداوە لە ماوەکانیی ڕابردوودا لەبیر نەکردووە، کاتێک کە کەنەدا دژایەتیی هەڵسوکەوتى سعودیەکانیی لەبارەى گرتن و ئەشکەنجەدانى چالاکوانانى ژنانى سعودى کردبوو، لە هەنگاوى پەرچە کرداریدا سعودیەکان باڵیۆزى کەنەدایان لە وڵاتەکەیان ناردە ماڵەوە و هەنگاوى ئابوورى تریشیان پەیوەست و پەیوەند بە کەنەداوە ڕەفز کردەوە و تا سەرمەشقێک بۆ هەنگاوانیکى تر بێت کە لە دژى سعودیا لە داهاتوودا ڕەنگە بە ئەنجام بگات یان بەئەنجام بگەیەنرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی