ئەمەریكا لەنێوان خاشقچی‌و شەهیدانی قەڵەمی كوردستان

20/10/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

چ جیاوازیەك لە نێوان كوشتنەكەی جەمال خاشقچی و سەردەشت عوسماندا هەبوو ، سەردەشتیش بە هەمان دەردی جەمال رۆیشت ، سۆران و وەدات و كاوەو عەبدولستار ئەمانە هیچیان لە سەر نووسین نەبێت لە سەر هیچ نەكوژراون ، ئەمەریكاو خودی ترومپیش زۆر دوو فاقیانە سەیری ئەم كوشتنانە دەكەن.

 بۆ ئەمەریكا ئازاد كردنی قەشەیەك زۆر لە ئازاد كردنی میلەتێك بایەخی زیاترە ، ئەوە بۆیە گوێی لەوە نیە ئەگەر سبەی توركیا هەمو كوردی باكوری كوردستان لە زیندان توند كات ، وەك بەردەوام باكوری كوردستانی كردوەتە زیندانی ئازادی ، لە ساڵی رابردودا دەیان رۆژنامەنوس لە سەر تا سەری دنیا كوژراون ، ئەمەریكا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەوە سەیری ڕوداوەكان دەكات. 

چیرۆكی لەت و پەت كردنی مرۆڤ لە توركیا هەزاران جار دوو بارە بوەتەوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە ، تەنانەت لەدواجاردا لە عەفرین بەرانبەر ئافرەتی كورد هەمان كاریان كرد، ئەمەریكا هیچ هەڵوێستێكی نەبوو ، میدیای ئەمەریكاش بە رۆژنامە باناوبانگ و نوسەرە ناسراوەكانیشەوە خۆیان لەم بابەتانە نادەن ، چ جای كەناڵە ئاسمانیەكان و رادیۆو ماس میدیاكانی دیك.

 توركیا سەدان جار دەست و پەنجەو لوت و گوێی گەریلای شەهیدی بڕیوەو چاوەكانی هەڵكۆڵیوە یەكجار نەمبینی نمونەی رۆژنامەوانێكی ناسراوی وەك فریدمان بڵێت ئەمە سوكایەتی كردنە بە مرۆڤ ، بەرژەوەندی لەوەدایە پرسی خاشقچی گەورە بكرێت و پرسی سەردەشت و سۆران لە بیر بكرێت ، ئەمە هەر بۆ سەردەشت و سۆران نا ، بگرە بۆ هەموو كوژراوەكانی تر ، لە ساڵی 2017 شەست و پێنج " 65 " رۆژنامەنووس كوژراوە ، هێشتا 2018 تەواو نەبووە ، ژمارەی رۆژنامەنووس و میدیاكاری كوژراو گەیشتوەتە 32 كەس ، بە گشتی لە ساڵی 1990ەوە زیاتر لە 2500 رۆژنامەنووس و میدیاكار كوژراون لە تەواوی دنیادا ، مەبەستەكە لێرەدایە ئایە ئیدارەو سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەموو ئەوانی تر هەمان هەڵوێستیان هەیە .

كوشتنەكەی خاشقچی ئابڕوچونێكی گەورەیە بۆ هەردوو وڵاتی توركیاو سعودیە ، شێوازی كوشتنەكەش زۆر ناشرین و دڕندانەیە ، مامەڵەكردن بە كوشتنەكەوە و وروژاندنی بە ئامانج ئابڕو چونێكی گەورەیە بۆ ئەمەریكاو دنیاش ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە ئیدی نابێت هەڵوێست لە كوشتنەكانی تردا لاواز بێت یان نەبێت .

لە بەرانبەر ئەو جۆرە مامەڵەیەدا لە پرسی تیرۆری رۆژنامەنووساندا ناكرێت سەندیكای رۆژنامەنووسانی جیهانی جگە لە سەیركردن هەڵوێستێكی دیكەی نەبێت ، قسە لە سەر شێوازی مامەڵەكردنی دوای كوشتنەكەیە لە لایەن ترەمپ و بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكاو توركیاو سعودیەوە ، كە لە دواجاردا رەنگە ئەمە وابكات دۆسیەكە بە شێوەیەكی ئابڕوبەرانەتر لە شێوازی كوشتنەكەی دابخرێت .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی