دوانزە هەزار دەنگ و یازدە کورسی پارلەمان

21/10/2018

هونەر تۆفیق

ئەمە یان کارەساتە یان کۆمیدیا . چۆن دەبێت بە هەشت هەزار دەنگی هەڵبژاردن پێنج کورسی لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت بۆ لایەنێک . هەروەها بە سێ هەزار دەنگی تر شەش کورسی تر بۆ دەستەیەکی تر تەرخان بکرێت ؟
یانزە کورسی پارلەمانی هەرێمی کوردستان کە هێزی یەکلاکردنەوەیان هەیە لە بڕیار و سەودا سیاسیەکانی هەرێمدا بە ١٣ هەزار دەنگەوە کە ناکاتە کورسیەکی پارتە کوردیەکان بڕیاری چارەنووسسازیان لەدەستدایە. 
هەرگیز مەبەست بە کەمگرتن و جیاوازیکردن نیە لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا . بگرە جێگای ڕەخنەیە لە یاساکانی هەرێم کە جگە لە تورکمان و مەسیحی هیچ کورسیەکی بۆ پێکهاتەی عەرەب لەناو پارلەمانی هەرێمدا تەرخان نەکردووە کە ئەوانیش بەشێکن لە پێکهاتەی هەرێمی کوردستان . 
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بۆ نمونە لە پارلەمانی عێراقدا پێکهاتەی عێراقی بە کورد و تورکمان و عەرەبەوە بە پێ ی ڕێژەی دەنگەکانیان کورسی پارلەمانی بەدەست دەهێنن . لە پارلەمانی عێراقدا پێشوەختە ڕێژەیەک کورسی بۆ کورد دیاری نەکراوە وەک ئەوەی هەرێم کە یانزە کورسی لەبەرانبەر ٢٥ هەزار دەنگدا داناوە بۆ پێکهاتەکانی دیکە . ئەگەر بەپێ ی پێکهاتەبایە کە کورد نزیکەی لە سەدا بیستی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت ، دەبایە پێشوەختە حەفتا کورسی بۆ تەرخانکرابایە بەبێ هەژماری پێوانەیی دەنگی هەڵبژاردن ئەو کورسیانە بەر کورد کەوتبان . 
ئاخر ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی پێنج هەزار دەنگ و سێ کورسی و پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ٢٣٠٠ دەنگی هێناوە بۆچی دەبێت دوو کورسی پارلەمانی بەرکەوێت یان مونا قەهوەچی بە ٢٠٠٠ دەنگەوە کورسیەکی پارلەمانی ببات ، بەڕێزێکیان ١٩٤ دەنگی هێناوە ، کورسیەکی بۆ تەرخان دەکرێت ؟لەکاتێکدا هەر کورسیەکی دیکە بۆ کوردەکان نزیکەی ١٧ هەزار دەنگی پێویستە ؟ 
ئەگەر ئەو دابەشکردنە لەسەر کۆتایی نەتەوەکانە ، بۆچی لەکاتی نوسینەوەی دەستووری عێراقدا کە کورد داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئەو دەستوورەبوو ، بەهەمان شێوە ڕێژەی کورسیەکانی کوردیان لەبەغدا وەک کۆتا نەتەوەکانی تر لەپارلەمانی عێراقدا نەسەلماند ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی