هێزی نوێ، واتە دەرکەوتنی ڕۆڵی نوێ

22/10/2018

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

جوڵەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک پەیوەستە بەدەرکەوتنی خواستی نوێ کەپێویستە هێزەکانی ناوکۆمەڵگا لەخۆیانی بگرن، هەر ناجۆرییەک لەنێوان وویستە کۆمەڵایەتییەکان وجوڵەی هێزە سیاسییەکان بەئاراستەی کپکردنەوەی وویستەکان دواجار بەرهەمهێنەری هیزی نوێ دەبێت بەئاراستەیەک کەپەرچەکرداری هێزە تەقلیدییەکانی ناو کۆمەڵگا دەبێت.


هەرێمی کوردستان، لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٩ بەئاڕاستەی دەرکەوتنی هێزی سیاسی نوێ لەناو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا ناسرایەوە، ئەوەش پاش زیاتر لەبیست ساڵ بەسەر پاوانکردنی دەسەڵات لەلایەن هێزەتەقلیدییەکانی هەرێم – دیارە مەبەستمان تەنیا یەکیتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان نییە – بزافێکی نوێ، بەفۆرمێکی نوێی ڕێکخستن وتێڕوانین وووتارێکی نوێ، لەهەمانکاتدا هەڵقوڵاوی ناو دامەزراوەکانی هەرێم بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان دەرکەوت، بەشداریان وەک هێزێکی نەیار لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت، ناکارایی بەڕێوەبردن وسستی دامەزراوەکان، بوونی ووتارێکی سیاسی هاوچەرخ لەفاکتەرە سەرەکییەکانی بەهیزبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بوون.


بەڵام ئەم بزوتنەوەیە پاش نزیکەی دەساڵ، لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا ژمارەیەکی بەرچاو لەکورسییەکانی لەدەستدا، لەکاتێکدا کەلەماوەی مانەوەی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم لەڕووی کات وهەلومەرجی ئابوریی وسیاسییەوە گونجاو نەبوو بۆ هەڵسەنگاندنی توانای سیاسی بزوتنەوەکە، سیاسەتی ڕاڕای بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو شکستەی دوچاری بوو لەهەڵبژاردنەکانی خولی پینجەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەمە بەدەر نییە لەوەی کە هۆکاری دیکە هەبوون کەدەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە کەلە توانایدا نییە چارەسەری بکات.


هەموو هێزیکی نوێ لەکاتی دەرکەوتنیدا، هەڵقولاوی داخوازی نوێ ی ناو کۆمەڵگایە، ئەو داخوازییانەی کە هێزە تەقلیدییەکان ناتوانن بۆ کۆمەڵگاکەیان دەستەبەری بکەن، ئەو هەلومەرج وداخوازییانەی کە – ئەگەر ڕاست بێت – ژیلەمۆی جوڵاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بوون، لەکۆمەڵگای ئیمەدا وەک خۆیان ماون، بەڵام لەبری بزوتنەوەی گۆڕان هێزی نوێ دروست بووە، کە لە ووتاری سیاسییدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە وڕکابەری دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە کە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) وهەروەها ( هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ودادپەروەری –ئەگەر بتوانن بەردەوام بن-) دەتوانن لە داهاتوودا ببنە جێگرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان وهێزە ئیسلامییەکان؟ 
وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بەدوو بابەتەوە کە تەواوکەری یەکترن.


بابەتی یەکەم: هێزە باڵاکانی هەرێمی کوردستان – دیارە مەبەستمان یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستانە - بۆ ئەوەی بەربگرن لەسەرهەلدانی هەر هیزیکی نوێ کەلەداهاتوودا ببێتە گرفت پیویستە دوو هەنگاوی گەورە بهاویژن کەبریتین لە


1-یەکخستنی توانای هەردوو لا بەئاڕاستەیەک کەپیکەوە بەشداربن لە حکومەتی نوێ ی عێراق وکێشەکانیان وەلاوە بنێن لەهەرێمی کوردستان.


2-کارکدن بەشیوەیەکی بەرفراوان لەسەر داخوازییە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم تایبەت لەبوارەکانی خزمەتگوزاری ودارایی ودادپەروەری.


بابەتی دووەم: ئەگەر ئەو دوو هێزەی سەرەوە ئەم کارە نەکەن، ئەوا هێزە نوێکان پێویستیان بەوەیە کە ووتارێکی نوێیان هەبێت بۆ هاوڵاتیان، جیاواز لە ووتاری بزوتنەوەی گۆڕان ویەکگرتوو هەروەها کۆمەڵ، ئەگەر نا لەداهاتوودا بەهان دەردی ئەوان ئەچن.

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی