كوشتنی جوانی‌و هێشتنەوەی زبڵ

24/10/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ساڵی 2003ەوە لەو كاتەوە بتەكانی سەدام روخاون ، ئەگەر ئاماری وردی زەرەرو زیانەكانی عیراق بكرێت لەماوەی ئەم پازدە ساڵەدا ئەوە مرۆڤ تووشی شۆك دەبێت ، لە تیرۆر ، تەقاندنەوە ، وێرانكردن ، تاڵانی نەوت و دزی و گەندەڵی و زیادە ڕۆی ، شەرمێكی گەورە دەبێت گەردەسەڵاتدارانی عیراق و تەنانەت هەرێمیش شانازی بەوەوە بكەن كە وڵاتیان بەڕێوە بردووە ، ئەوەی لەم 15 ساڵەدا روویداوە بە 100 ساڵ چاكناكرێتەوە ، من لێرەدا تەواوی ئامارو نەهامەتیەكان باس ناكەم و ئەوە ئیشی من نیە ، من تەنها هەڵوەستە لە سەر هەندێ‌ كوشت و بڕ دەكەم ، بەڵام گرنگە بزانین لە 2003ەوە تا ئێستا نزیكەی 550 پسپۆڕی شارەزای بواری جیاجیاو زاناو پزیشك و مامۆستای زانكۆو ئەندازیارو خاوەنی ئاوەز لە عیراق تیرۆر كراون و كوژراون ، هەروەها 18 هەزار پزیشك و مامۆستای زانكۆو زانا و خوێنەواری خاوەن بڕوانامەی بەرز وڵاتیان بە جێهێشتوە.

لە بەرانبەر ئەوەدا یەك بەرپرسی گەندەڵ نەكوژراوە ، یەك چەتەو رێگر بەوانەی كە دۆسیەشیان لەبەردەم دادگایە هەڵنەهاتوون ، تا ئێستا یەك بەرپرسی كورد ، شیعە ، بەشی زۆری سونە لە سەر دزی ،گەندەڵی، نادادی، ئازاردانی هاونیشتمانی ڕووبەڕووی سزانەبوەتەوە ، واتە لە عیراق و كوردستاندا دزو گەندەڵەكان ئازادو خاوەن پلە و پایەو پاسەوان و ئۆتۆمبیلی گولە نەبڕو ،تاج و تەخت و ڤێلاو بیرە نەوت و كەناڵی ئاسمانی و هەزار و یەك شتن و پاك و بێگەردو نیشتمانپەروەرو دڵسۆزەكانیش چاوەڕێی كوشتن یان هەڵاتن و جێهێشتنی وڵات دەكەن .

ئەوە وڵاتە پزیشكی جوانكاری و دكتۆرو زانای گەورەو شانۆكارو رۆژنامەنوس و نوسەرو شاجوان دەكوژرێن و جەلادو دژو گەندەڵیش لە سەر كورسی دەسەڵاتن ، ئاخر ئەگەر ئەمە وڵاتی قانون و لانكەی شارستانیەتە وەك دەڵێن دەبوو ئێستا مالكی و عەبادی و مەشهەدانی و زێباری و كێ‌ و كێ‌ لە زیندانا بان لە سەر گەندەڵی ، یان تارافارس و رەفیف یاسری و سوعاد عەلی و كەڕاڕ نووشی تیرۆر بكرێن ، وڵات شانۆكار رووی شارستانیەكەی نیشاندەدات یان سیاسی گەندەڵ ، وڵات بە شاجوانەوە جوانە یان بە شادزەوە ، وڵات سۆران و سەردەشت و وەدات و كاوەی پێویستە یان چەتە .

چەند شەرمە بۆ سەرانی سیاسی ئەم وڵاتە شانازی بە عیراقی بوونەوە بكەن و پێیان وابێت عیراق لە سایەی ئەواندا وڵاتێكی خاوەن شوناس و پێگەی نێو دەوڵەتیە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی