فەرقەکە وەکو جیاوازی مەتبەخ و پۆستەیە

26/10/2018

هونەر تۆفیق

کێ هەیە حەز نەکات وڵاتەکەی یان شارێک لە نیشتمانەکەی پێشەنگی جیهانی نەبێت ؟ خۆزگە کوردستان شوێنێک دەبوو هەمووان شانازیمان بە پێشەنگی یە فەرهەنگی ، زانستی ، تەکنەلۆژیەکانیەوە بکردایە .
واباسە پایتەختی هەرێمی کوردستان وەک پێنجەمین ئارامترین شاری دنیا دەست نیشان کراوە . جیاوازی ئارامی ئەم شارەی هەرێم لە شارەکانی جیهان وەکو جیاوازی سەرچاوەی هەواڵەکە و لایەنی دەست نیشانکەری هەڵبژاردنەکەیە . 
دەیلی مایل Daily Mail رۆژنامەیەکی گەورە و بەناوبانگی بەریتانیە کە وەرگێڕانە حەرفیەکەی دەکاتە پۆستەی ڕۆژانە و لە جیهاندا بەربڵاوە . تەمەنی نزیکەی ١٢٠ ساڵە، دەیلی مایڵ شتێکە و سایتی Daily Meal دەیلی مێڵ کە تایبەتە بە چێشتخانە و خواردن ، وەرگێڕانە حەرفیەکەی دەکاتە ژەم - خواردنی ڕۆژانە کە دوو ساڵێکە کراوەتەوە . بایەخ بە کاروباری خواردنگە و خواردن دەدات ، شتێکی ترە . ئەوەی دەست نیشانکردنەکەی کردووە ئەو سایتی ژەمە خواردنە ئەمریکی یە نەک ڕۆژنامەی دەیلی مایلی بەریتانی .مێڵ و مایڵ زۆریان فەرقە ، وەکو جیاوازی پێنجەم شاری جیهان و پایتەختی هەرێمە لە ئارامیدا . چونکە پێنجەم شاری ئارامی جیهان بەپێ ی پێوەری ساڵانەیQuality of Living survey، شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیایە لە دوای سیدنی ، کۆپنهاگن ، جنێف ، فرانکفۆرت ، دوسڵدۆرف لە ساڵی ٢٠١٨ دا پێنجەم ئارامترین شاری جیهانە . ئیتر نازانرێت پێوەری ژەمی ڕۆژانە ( دەیلی مێڵ ) چۆنە بۆ ئارامی ؟ بە چ خواردنێکدا ئارامی دەستنیشان کردووە بۆ پایتەخت تا بیکاتە پێنجەم ئارامترین شاری دنیا .

هونەر تۆفیق 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی