بۆچی پارتی دیموکرات ڤیتۆی هەیە لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی؟

30/10/2018

تێكۆشەر حوسێن

پارتی دیموکراتی کوردستان لەئێستادا بۆپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڤیتۆی هەیە لەسەر بەشداری پێکردنی کۆمەڵی ئێسلامی کوردستان، لەکاتێکدا کۆمەڵی ئیسلامی وەک استحقاقی انتخابی خۆی لەزۆرێک لەلایەنەکانی تریش باشترە، بەڵام پارتی بەدوو شێوە سیاسەت دەکات، یەکێکیان دیڤاید ئاند ڕوڵس پەیڕەو دەکات، واتا چۆن دەتوانی تەحەکوم بکەیت؟ 
هەوڵبدە پەرتەوازە بخە نێو ماڵی لایەنە سیاسیەکان ولێکیان دوور بخەرەوە، ئەو کاتە تەحەکوم ئاسانە، ئەوەی تریشیان سیاسەتی "مەرجەعیەتە" لای پارتی بارزانی وەک مەرجەع وایە، هەرچیەک بڵێت ئەزبەنی ڕاست دەکات وپەیڕەو دەکرێت

"ئێمە ململانێیەکی دورودرێژ ولەمێژینەی چەند ساڵەمان لەگەڵ یەکێتی وبەرپرسانی ئێستای گۆڕان هەیە، بۆیە ئاساییە ئەوان بەم جۆرە سیاسەتمان لەگەڵ بکەن، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بۆ؟
تەعەجوبم ماوە لەو سیاسەتەی کەپەیڕەوی دەکەن لەدژی ئێمە، بۆنمونە لەمەسەلەی دەستور وسیستەمی حوکمڕانی وسەرۆکایەتی هەرێم ئەوان بەتەواوی هاوڕای پڕۆژەکەی بزوتنەوەی گۆڕانن."

مسعود بارزانی ئەم قسانەی لەکۆبونەوەیەکی بەرفراوانی مکتبی سیاسی وسەرکردایەتی پارتەکەیدا کردوە، لەدوای ئەو قسانەی بارزانی لەو ڕۆژەوە پارتی بەهەموو شێوەیەک شەڕی هەموولایەنەکان بەلایەک وگۆڕانیش بەتەنها بەلایەک و کۆمەڵی ئیسلامیش لەهەمووان تایبەت تر بەلایەکا ڕاگەیاند، ئەوەبوو ئەندام ولایەنگرانی کۆمەڵ دەسگیر دەکران وتوهمەی انواع وئەشکاڵی وەک تیرۆریان دەدرایە پاڵ، تەقە کرا لەپاسەوانێکی مەڵبەند وتیرۆریان کرد ودوای ئەو ڕوداوەش جارێکی تر ئەندامانی تریان لەهەولێر دەسگیر کران وهەمان ئەو ڕۆژەشی کۆمەڵ کە بە سوڵحی عەشایەری ڕازی نەبوو لەبەرانبەر خوێنی بەناهەق ڕژاوی پاسەوانی بارەگاکەی مەڵبەند لەهەولێر بکوژەکانیان ئازاد کردولەڕێی دادگاوە بەرائەتی ئەوبکوژانەیان بڵاوکردەوە، ئیتر وردە وردە کەوتنە ڕاگەیاندنی شەڕێکی سارد وتایبەت لەگەڵ کۆمەڵ بەتایبەت ئەوەی لەو دواییانەش کرا بەرانبەری سلیم شوشکەیی وسۆران عمر. هەموو ئەمانەش پەیوەندیان بەسیاسەتی نەگۆڕی ئەو حیزبەوە هەیە لەبەرانبەر سیستمی حوکمڕانی هەرێم ونادادی وپڕۆسەی چاکسازی ونەهێشتنی گەندەڵی.

پارتی وایدەزانی لەڕێی کۆمەڵایەتی وخۆ نزیک کردنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەتوانێ وا لەسیاسەتی کۆمەڵ بکات وابەستەبێ بەسیاسەتە چەوتەکانی پارتی، بەڵام هەرگیز نەیتوانی. بۆیە لەئێستاشدا ڤیتۆی هەیە لەسەر بەشداری پێکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لەکابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

تێکۆشەر حسێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی