ئەردۆغان فوو لە باڵۆنێكی كون دەكات!

01/11/2018

هێمن عەبدوڵڵا

ماوەیەكە ئەردۆغان هەڕەشەی هێڕشكردن و كردنەوەی بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی فوڕات دەكات. بەوەش نەوەستا بۆ دووەمین جار رۆژئاوای كۆبانێی تۆپباران كرد. هەروەها لە رۆژی (31 تشرینی یەكەم) چەپەرەكانی هێزی پاراستنی سنووری لە گرێ سپی بۆمباران كردووە. 

فاكتەرەكانی هەبوونی ئەمریكا – رووسیا لەسەر خاكی سوریا و رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات، بارودۆخی سیاسی، سەربازی و تا رادەیەكیش ئیداری لەناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ئەو سەقامگیریەی بەدیهاتووە لە بەرامبەر هەڕشەكانی داعش لە دێرەزوو، هەروەها سروشتی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە سوریا و هەبوونی هەژموونی ئەمریكا، رووسیا و فەڕەنسا لە تەواوی ناوچەكە، دەمانگەینێتە ئەو باوەڕیەی كە توركیا ناتوانێ بەرەیەكی دیكە لە رۆژهەڵاتی فوڕات بكاتەوە. 

فووكردنی ئەردۆغان لە باڵۆنێكی كون لەم كاتەدا، ئەنجامی نەبوونی هیچ میكانیزمێكە بۆ ئەوەی تەواوی باكووری سوریا داگیر بكات، مەسەلەی رۆژهەڵاتی فوڕاتیش تەنیا بۆ ئەوەی لە رۆژئاوای فوڕات هەندێك شت بەدەست بێنێت لە راگەیاندن هەڵمەتی بۆ دەكات. بە تایبەتی دوای فشارەكانی رووسیا كە دەخوازێت توركیا لە ئدلب بچێتە دەرەوە هەوڵ دەدات پشتگیری ئەمریكا – فەڕەنسا بەدەست بێنێت. 

دوای ئەوەی ئاراستەی سیاسەتی رووسی بە ئاشكرا بانگەشەی چوونە دەرەوەی چەكدارە جیهادیەكان لە ئدلب دەكات ئەردۆغان دەخوازێت لە رێگای ئەمریكا شوێن پێیەك بۆ خۆی لە رۆژئاوای فوڕات (منبج) پەیدا بكات. 

لەم روانگەیەوە دەكرێت بڵێین لێدوان و هەڕەشەكانی ئەردۆغان دەرەنجامی سیاسەتی بنكەوتووی توركیایە لە سوریادا.

بەڵام ئەمە تاكە هۆكار نیە كە ئەردۆغان ناچاری هاش و هوش دەكات، بەڵكو هەڵبژاردنی شارەوانیەكان كە بڕیاری لە مانگی ئاداری داهاتوو لەسەرتاسەری توركیا بەڕێوەبچێت، هۆكارێكی دیكەیە. (رێككەوتنی كۆمار) لە نێوان ئاكەپە – مەهەپە، بە كرداری هەڵوەشاوەتەوە، هەریەكە لەم دوو پارتە بەتەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن، ئەردۆغان بۆ ئەوەی بەشێكی دەنگی نەتەوەپەرست – فاشیستی توركی مسۆگەر بكات، پێویستیەتی لە دەرەوەی توركیا هەرایەك بنێتەوە و هەستی نەتەوەپەرستی دەنگدەرانی تورك بۆ خۆی رابكێشێت. لەپشت هەڕەشەكانی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی فوڕات ئەم حیسابەش خۆی حەشار داوە.

هێمن عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی