قسەیەکیش بۆ دز

03/11/2018

پەیکەر عوسمان

بۆ ئینساف دوو شت گرنگە، جارێك بچیتە دەرەوەی یارییەکەو لەودیو ئایدیۆلۆژیاو بەرژەوەندی و حەزو ڕق و مەنتقی یارو نەیارەوە سەیرێکی تری بابەتەکە بکەیتەوە، جارێکیش مەجازییانە بێیتەوە ناو یارییەکەو خۆت بخەیتە شوێنی کاراکتەرەکان.
ئینسافیش وەکو هەموو شتە مەعنەویەکان ڕێژەییەو ئەو دوو خاڵەش ڕێگایەکی باشن بۆ دەستخستنی ڕێژەیەکی باشتری ئینساف.

ئینجا با تۆزێ ڕاسگۆبین و هەریەکەمان خۆمان بخەینە شوێنی جەماعەت، ئایا پەرلەمانتاربویتایە ئەو پارەو ئیمتیازانەت وەرئەگرت؟؟ من خۆم بەڵێ وەرمئەگرت و یەك دیناریشم نەئەدا بە خەستەخانەی فڵان.
چونکە نە فەساد بە موزایەدەو موبادەرەی فەردی حەل ئەبێ، نە کێشەی نەخۆش و خەستەخانە، نە کەسیش بۆ زوهدو تەقەشوف چۆتە پەرلەمان!

کەسێکی فینلەندی پارەی لێ زیادبێ نایدا بەخزمێکی ئەیدا بە مەشروعێکی خەیری، چونکە هەم پەیوەندی کۆمەڵایەتی بایی ئەونە گەرم نیە، هەمیش دەوڵەت بەرپرسیارە لە حەلکردنی کێشەی خزمەکە، یان ئەیخاتە سەر کار یان بیمەی بێکاری ئەداتێ.. 
بەڵام من ئەو چلونۆیە وەرگرم، خۆشم پێویستم پێ ی نەبێ، باری کۆمەڵایەتی بایی ئەونە گەرمەو باری ئابوری بایی ئەونە خراپەو دەوڵەتیش بایی ئەونە بێباك و بێ کەڵکە، کە ئەو پارەیە بدەم بە چواردەورەکەی خۆم و نەیدەم بە مەشروعێکی خەیری بۆ خۆدەرخستن!

کابرا کە وەکو فەرد وەری نەگرێ، لەباشترین حاڵدا تۆ پێی ئەڵێی کوڕی چاک، شتەکە لەمە زیاترنیە، دەی ئەمە هیچی سیاسی لەسەر بیناناکرێ، شتی سیاسی لەسەر هەڵوێستی گروپ بینائەکرێ و ئەوە ئەبێتە ئومێد، حیزبیش هەر بۆ ئەوە دروستبووە. 
من کوڕی باشم بۆچیە خۆ کچ نادەم بەشوو، من فراکسیۆنی باشم ئەوێ.

لە خولێک ڕەفیق سابیرو لە خولێکی تر عەبدوڵای مەلا نوری پارە نەویست بوون، چی گۆڕا؟ بێگومان هیچ، بەڵام ئەگەر دوو فراکسیۆن و دوو هێزی سیاسی پارە نەویستبوونایە، ناڵێم دەنگ، بەڵام ئستا سەنگیان بەشێوەیەک زیادی کردبوو، کە ئەیتوانی کاریگەری دانێت.

ئەمەوێ بڵێم ئەو زەختەی لەسەر شەخسی پەرلەمانتارانە کەمێ ناڕەواو زاڵمانەیە، چونکە ئەو گواوە تۆش بچێتە ناوی هەر وا لێی دێیتە دەرەوە، تۆش حەزئەکەی بچیتە ناوی و بۆشت بلوێ بەسەرا خۆتی تێ فڕێ ئەدەی.
گواوەکەش بە موبادەرەی (فەردی ویژدانی) پاك ناکرێتەوە، بەڵکو بە خەباتی (دەستەجەمعی پەروەردەیی)!

دژایەتی ئەو حاڵەتە کاری فراسیۆنە نەك تاکە تاکەی پەرلەمانتاران، ئەوە فەشەلی حیزبە کە نەیتوانیوە کادر پەروەردە بکات لەسەر کۆمەڵێ ئەفکارو پەرنسیب کە بۆی بژین و بۆی بمرن، ئەوە نەبوونی فلتەری پەروەردەیە کە وایکردوە کادری هەمووان لەیەك بچن و لەبەردەم پارەدا هیچ گروپێکیان نەتوانێ نوێنەرایەتی ئیرادەو ئەخلاقێکی جیاواز بکات!

سەیرکە پەرلەمانتاری هەدەپە خۆیان سەری ڕمی قوربانی و خەباتن، پێکەوە مان ئەگرن و پێکەوە ئەچنە سەرجادەو پێکەوە ئەگیرێن.. چونکە لەمسەرەوە هەموویان بە فلتەری پەروەردەیەکدا ڕۆشتوون، نەك وەکو گۆڕان لەمسەرەوە هیچ و لەوسەرەوە بدرێنە دەست ویژدان و خوای خۆیان!

لەڕاستییا ئێمە لەبەردەم شکستی یەکگرتووداین نەك گۆڕان، چونکە گۆڕان حیزبی چەندایەتی و قەرەباڵغییە نەك حیزبی پەروەردەو ئایدیۆلۆژیاو چۆنایەتی، ئیتر زۆر ئاسایی و تەحسیڵ حاسڵیشە کە گۆڕان نەتوانێ ئیرادەیەکی ترو ئەخلاقێکی سیاسی جیاواز بەرهەم بهێنێ،، ئەوە یەکگرتووە کە ئەبوو ئەمەی بکردایەو نەیکردوە!

ئەگەر چوار پەرلەمانتاری پەکەکە لە پەرلەمانی هەرێمدابوونایەو بیانویستایە ئەو یاسایە بگۆڕن، ڕەنگە مانگرتنی تا مردنیان دەسپێبکردایەو هەمووانیان ناچار بە هەموواری یاساکە بکردایە، ئەمەش بە هێزی دیسپلین و ئایدیۆلۆژیاو پەروەردەکەیان.
یەکگرتووش ئەبوو شتی لەم بابەتەی بکردایەو خۆی چیرۆك و پاڵەوان دروست بکات، نەك ئەوەی چیرۆکی زیندان و پاڵەوانەکانی میسرمان بۆ بگێڕێتەوە!

فەسادی یاسا تەنیا بە یاسا حەل ئەکرێ و یاساش بە موبادەرەی فەردی ناگۆڕێت، بە خەباتی گروپ ئەگۆڕێ و خەباتی گروپیش بۆ ئەوەی بەشی گۆڕینی یاساو سیستەم بکات، ئەبێ لەمسەرەوە فکرو پەروەردەی لە پشتەوەبێ نەك لەوسەرەوە بدرێتە دەست ویژدانی تاک.

ت/ "قسەیەك بۆ دز" مەبەستم ئەوەنیە پەرلەمانتاران دزن، بەڵکو ئەوە جوملەیەکی باوی 
زمانی جادەیە.

پەیکەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی